Erbil 15°C ھەینی 17 ئایار 15:07

ڤیدیۆ..كێ هێرشەكەی سەر نەخۆشخانەكەی غەززەی ئەنجامدا كە بووە هۆی كوژرانی سەدان كەس ؟!

کوردستان TV
100%

هێرشەكەی شەوی رابردوویی سەر نەخۆشخانەیەكی ئەهلی لە شاری غەززە، كە بووە هۆی گیان لەدەستدانی لانیكەم 500 كەس، مشتومڕێكی دروست كرد لەسەر ئەوەی كێ بەرپرسیارە لەو هێرشەدا، لە كاتێكدا وەزارەتی تەندروستی فەلەستین ڕایگەیاندبوو كە قوربانییەكان لە ئەنجامدا كەوتنە خوارەوە مووشەكێكی سوپای ئیسرائیل بووە. بەڵام ئیسرائیل دەڵێت :لێكۆڵینەوەكانیان سەلماندوویانە كە مووشەكەكە لەلایەن بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامییەوە تەقێنراوە و كەوتووەتە سەر نەخۆشخانەكە، بزووتنەوەكەش لای خۆیەوە ڕەتیكردەوە كە هێرشەكەی ئەنجام دابێت.
سوپای ئیسرائیل، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممەدا، رایگەیاند: پشكنینی وردی سیستەمی چاودێری سەلماندی كە ئەو بۆردومانەی كە نەخۆشخانەكەی كردە ئامانج ، لە ئەنجامی هەڵدانی مووشەكێكی شكستخواردوو بووە كە لە لایەن بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامییەوە هەڵدراوە.
هەروەها وتەبێژی سەربازی ئیسرائیل جەختی لەوە كردەوە كە لە كاتی بۆردومانەكەدا هیچ ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانییان لە نزیك نەخۆشخانەكە ئەنجام نەدەداوەو ئەو مووشەكانەی بەر باڵەخانەكە كەوتووە، هاوتای مووشەكەكانمان نەبوون.
لای خۆیەوە جیهادی ئیسلامی ئەو تۆمەتانەی ڕەتكردەوە و جەختی لەوە كردەوە كە كۆمەڵكوژییەكە لە ئەنجامی هێرشێكی ئاسمانی ئیسرائیلەوە بووە.
هەروەها سوپای ئیسرائیل لە هەژماری خۆیدا لەسەر پلاتفۆرمی “X” ڤیدیۆ كلیپێكی بڵاوكردەوە كە ڕاستەوخۆ لە كەرتی غەززەوە پەخشكرابوو، كە لەلایەن كەناڵی جەزیرە پەخشكرابوو، كە تیایدا هەڵدانی موشەكەكانی لە كەرتی غەززە هاوكات لەگەڵ تەقینەوەیەكی گەورە لەسەر زەوی نیشانداوە.
سوپای ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە ئەم ڤیدیۆیە دەیسەلمێنێت كە تەقینەوەكە كە لە كاتژمێر 18.59 روویداوەو بە گوێرەی ئەو كاتەی كە لە كەناڵی قەتەری دەركەوتووە، ئەوە دەسەلمێنێت كە تەقینەوەكە بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە نەبووە.
لای خۆیەوە بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی ئەو تۆمەتانەی ڕەتكردەوە كە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئاراستەی كراوە و جەختی لەوە كردەوە كە نەخۆشخانەكە كراوەتە ئامانجی هێرشێكی ئاسمانی كە لە فڕۆكەیەكی جەنگی ئیسرائیلەوە دەستیپێكردووە.

هەروەها هانانیا نەفتالی، وتەبێژی فەرمی دیجیتاڵی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، ئێوارەی دوێنێ لە تویتێكدا لە هەژماری خۆیدا لەسەر پلاتفۆرمی “X” دانی بەوەدانا كە هێرشیان كردۆتە سەر نەخۆشخانەكە ، چونكە پێیانوابووە نەخۆشخانەكە بنكەیەكی بزووتنەوەی حەماسی لەخۆگرتووە. بەڵام دواتر بە خێرایی پۆستەكەی سڕییەوە و لە روونكردنەوەیەكدا گوتی:  بەهەڵە ئەو زانیارییەی بڵاوكردۆتەوەو داوای لێبوردنیشی كرد.
لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەكەی، ڕایگەیاندووە، با هەموو جیهان بزانێت: ئەوە تیرۆریستە بەربەرییەكانی غەززەن كەلە نەخۆشخانەی غەززەیان داوە، نەك سوپای ئیسرائیل.
هەروەها مەحمود عەباس، سەرۆكی فەلەستین گوتی: بەئامانجگرتنی نەخۆشخانەی ئەهلی تاوانێكی جەنگی قێزەونە كە ناتوانرێت تەحەمول بكرێت یان ڕێگەی پێبدرێت بەبێ لێپرسینەوە تێپەڕێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.