Erbil 15°C سێشەممە 24 کانونی یەکەم 16:33

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان

کوردستان TV
100%

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاری دا بە ڕەوانەکردنی داواکاری و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی کەرتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی ئابووری لە حکوومەتی عێراق.

ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی 10ـی 2023 محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان کرد.

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستووەتەڕوو و ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا بە ئامادەبوونی د. ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی عێراقی فیدراڵ، د. سامان بەرزنجی وێڕای سوپاس و پێزانینی بۆ ئەم پێشوازی و دیدارە، پەیوەندی پتەو و هەماهەنگی و کاری هاوبەشی لەگەڵ تەندروستی عێراق دەربڕی، لە ڕاپۆرتێکدا پوختەیەکی لەسەر ڕەوشی تەندروستی و نیشاندەرەکان و کار و چالاکییەکان و خزمەتگوزاریی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەی وەزیری تەندروستی تاوتوێکردن و دەستنیشانکردنی کێشە و گرفتەکان و داواکاریەکان پەیوەست بە تەندروستی ئاوارە و پەناهەندەکان و کەمپەکان و نەخۆشانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ ناو هەرێمی کوردستان و پێویستییەکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و دابینکردن و سازدانەوەی ئامێری پزیشکی ستراتیجی و بەشەبودجەی تەندروستی لە بودجەی حاکیمە لە عێراق و هەماهەنگیکردن بۆ ڕێککارەکانی چاکسازیکردن لە بواری دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ تۆمارکردن و پشکنین و هاوردەکردن و پێدانی مۆڵەتی بەکارهێنان لە کەرتی گشتی و تایبەت و بەشداریپێکردنی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەکانی نیشتمانی دابینکردنی خزمەتگوزاریەکانی تەندروستی و پڕۆژەکانی بەخشین و قەرزی نێودەوڵەتی بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەکان و تەرخانکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ پارێزگای هەڵەبجە و نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی هاوشێوەی پارێزگاکان و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی زیانلێکەوتووان و قوربانیانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستان لە هەرێمی کوردستان خرانەڕوو.

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لە پێویستیی هەماهەنگی بەردەوام لەنێوان هەردوو وەزارەتی تەندروستیی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە، بۆ یەکخستنی هەوڵەکانی تەندروستی بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی بەردەم دابینکردنی باشترین خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ هاووڵاتییان.

لە کۆتاییدا سوودانی بڕیاری دا بە ڕەوانەکردنی داواکاری و کێشە هەڵپەسێردراوەکان بۆ ئەنجوومەنی ئابووری لە حکوومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندارەکان و هەوڵی زیاتری دابینکردنی بەشەبودجەی پێویست بۆ دابینکردن و سازدانەوەی ئامێرە پزیشکییەکان و دانانی لێژنەیەکی هەماهەنگی هاوبەش تایبەت بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی تەندروستی.

سەرۆک وەزیرانی عێراق سوپاس و دەستخۆشی لە وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان و سەرجەم دامودەزگاکانی تەندروستی و پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان کرد بۆ هاوکاری و هەماهەنگی و پاڵپشتیکردنی تەندروستی هاووڵاتییان لە ڕابردوو و ئێستادا بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیران و ڕووداوەکان.

کوردستان رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.