Erbil 15°C ھەینی 17 ئایار 12:59

ئەنجوومەنی وەزاری ئابووریی عێراق: دزەکردنی دۆلار کاریگەری لەسەر نرخی ئاڵوگۆڕکردن هەیە

کوردستان TV
100%

ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکە ئاماژە بەوە دراوە کە دزەکردنی دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێ و مامەڵەکردن بە دراوێکی دیکە لە بازاڕە ناوخۆییەکان کۆنترۆڵنەکردنی بەندەرەکان و قاچاخچێتی کاریگەری لەسەر نرخی ئاڵوگۆڕکردن هەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی 10ـی 2023 بە سەرۆکایەتیی د. فوئاد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆک وەزیران، وەزیری پلاندانان، وەزیرانی دارایی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران، پارێزگاری بانکی ناوەندی، یاریدەدەری وەزیری نەوت، جێگری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی، ڕاوێژکارانی سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئابووری و یاسایی سی و یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاری ئابووریی عێراقی بەڕێوەچوو.

ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری میوانداری ژمارەیەک ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی کرد بۆ تاوتوێکردنی نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق.

عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی ڕوونکردنەوەیەکی وردی لەسەر ئەرک و ئامانجەکانی بانکی ناوەندی و سیاسەتی دراو لە عێراقدا خستەڕوو، ئاماژەی بەوە دا کە نرخی ئاڵوگۆڕ بە پلەی یەکەم پەیوەستە بە هاوردە، نەک بە بەرهەمی ناوخۆیی، هەروەها نرخی ئاڵوگۆڕ لە عێراق تایبەتمەندییەکی تایبەتی هەیە و پەیوەستە بە نرخی نەوتەوە، بەو پێیەی گەورەترین سەرچاوەی دابینکردنی دراوە.

ئاماژەی بەوەش دا کە زۆر هۆکار کاریگەرییان لەسەر نرخی ئاڵوگۆڕکردن هەیە، گرنگترینیان دزەکردنی دۆلارە بۆ وڵاتانی دراوسێ و مامەڵەکردنی بە دراوێکی دیکە لە بازاڕە ناوخۆییەکان، هەروەها کۆنترۆڵنەکردنی تەواوەتی بەندەرەکان و قاچاخچێتی.

هەروەها گوتی: ئاستی هەڵاوسان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ئەو کاڵایانە کە بە فەرمی هاوردە دەکرێن سەقامگیری نرخیان بەخۆوە بینوە، چونکە  بە نرخی فەرمی هاوردە دەکرێن. عەلی عەلاق ئاماژەی بە کردنەوەی هۆڵێکی تایبەت بە بانکە ئەهلییەکان کرد بۆ فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، هەروەها گوتیشی: ڕێژەی سوودی ئەو بڕە پارانەی لە بانکەکاندا دانراون بۆ 7.5% بەرز دەکرێتەوە بۆ ئەوەی هانی هاووڵاتییان بدەین بڕە پارەکانیان لە بانکەکان دابنێن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.