Erbil 15°C دووشەممە 06 ئایار 05:36

خاڵە هاوبەشەکانی لیر پاشا و کامەران ڕەئووف

کوردستان TV
100%


لە پەراوێزی وێنەیەکی دراماتۆرگی نمایشی (لیر پاشادا) کە ئێستاکە لەفیستیڤاڵی نێو دەوڵەتیی شانۆ لەبەغدا نمایش دەکرێت، کامەران ڕەووف تێڕامانێکی خۆی بۆ بەرجەستەکردنی دیمەنێک لە نمایشەکەدا نیشان داوە، لە پەراوێزی هەمان ئەو وێنەیەدا منیش بەو بەیانیە ئەو خوێندنەوەیەم بۆی کرد:

لەهەندێ حاڵەتی نواندندا ئەکتەر بەناچاری دەگەڕێتەوە سەر ڕەگەزی بنەڕەتی خۆی کە مرۆڤە...
مرۆڤیش لەهەموو حاڵەتێکدا دەکەوێتە ژێر چەند فشارێکی دەرووونی جۆراوجۆر، ئەگەرچی ستانسلافسکی نایەوێ ئەکتەر دووچاری نامۆ بوون ( تغریب ) بێت و بەپێچەوانەوە لەچرکەکانی نواندندا، زێتر بیر لە پێرفۆرمانس بکاتەوە.
کامەران ڕەئووف لەو نمایشەدا بەڕاستەقینە لیر پاشایە، تا ئەو کاتەی لەسەر شانۆیە، لەهەمان حاڵەتی دەروونی لیر پاشا دەژیت، هەمان کاریگەرییەکانی بەسەرەوەیە.
ڕەنگە هەندێ جاریش ئەگەر خۆی هەوڵی ئەوە نەدات ، خۆی هوشیار کاتەوەو خۆی ڕاچڵەکێنێ، ئەوەی لەبیرچێتەوە ئەو کامەرانەو لیر پاشا نیە،
هونەری گەورەی ئەکتەریش لەوە دایە، لەو چرکانەی نواندندا، لە ژێر کاریگەریەکانی کاراکتەر پارێزگاری لەپێرفۆرمانسی خۆی بکات و بەدوای جوانترینیاندا بگەڕێ.
دووەم شت ئەوەیە دەبێت ئەکتەر ئەو دەسەڵاتەی هەبێت لە نێوان کاراکتەرو ئەکتەردا هاوسەنگیەک دروست بکات، هەم حاڵەتە دەروونیەکانی خۆی تێر کات، هەمیش هەست و چاوی بینەر.
گرنگ لەنێوان هەردوکیاندا ئەوەیە چۆن ئەکتەر بەو دەسەڵاتە جەستەیی و فیزیکیانەی هەیەتی، دەتوانێ بینەر بوروژێنێ،
بەتایبەت بەنواندن، پێرفۆرمانس، دەنگ و ئیلقاو ڕیتم پاراستنی هاوسەنگی ئەو توخمانە دەبنە سەرچاوە بۆ وروژاندنی بینەرو بوون بەپارچەیەکی زیندوو لەجەستەی نمایشدا.
هونەری گەورەی بەزیندوو ڕاگرتنی ئەکتەر و نەمردنی، پاراستنی جەستەو پەروەردە کردنی جەستەیە، کە هەندێ جار دەکەوێتە ژێر فشاری تەمەن و کاریگەرییەکانی، بەڵام کاتێ کاراکتەرێک لەگەڵ تەمەنی ئەکتەر یەکتر لەباوەش دەگرن، وەک نزیکی لیر پاشا و کامەران، ئەوە فاکتەرەکانی سەرکەوتنیش لێکتر نزیک دەبنەوە، چونکە زۆر جاران ئەکتەر ئاواتی ئەوە دەخوازێ، لەو تەمەنەدا کاراکتەرێک بدۆزێتەوە، لە تەمەنی خۆی نزیک بێت،
چونکە هەر تەمەنێک، بۆن و بەرامی تایبەتی خۆی پێوەیە.
من دڵنیام بژاردە کردنی کاراکتەری لیر پاشا لای کامەران ڕەئووف بەڕێکەوت نەبووە، بەڵکو کۆمەڵێ فاکتەری هاوبەشی هەبوونە لە نێوان ئەکتەرو کاراکتەر بۆ ئەو بژارەیە، لەوانە:
زەمەنی ئەکتەرو کاراکتەر زەمەنێکی لێکچوون، لەڕووی مەعدەنی ئەمڕۆی کۆمەڵگاو چاوەڕوانیە لۆژیکییەکانی خیانەتکاری و بێ نمەکی مرۆڤ.
دووفاقی و دوو ڕوویی، خۆگێل کردن لە ڕاستی و ژێرپئ خستنی بیروباوەڕ لە پێناو خود و پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتیکان.
دەبێ ئەوانەی بەدوای ڕاستیدا دەگەڕێن ، باجی ساولکەیی و نەفامی خۆیان بدەن.
بۆیە بژاردەی دووەمی لیر پاشا لە ڕووی زەمەن و دەرهاوێشتەکانی، هەمان زەمەنی نیو سەدەی بەر لە ئێستایە، کە شکسپیر بۆ نیشاندانی کۆمەڵگایەکی فاسیدی وەک ئێستا دەری بڕیووە.
کەواتە کامەران لەو بژاردەیە چەند ئامانجێکی گرنگی پێکاوە، کە بەهەر هەموویان دەبنە بنەما بۆ زامن بوونی سەرکەوتن.
دوو: بژاردە کردنی فۆرم و گەڕانەوە بۆ شانۆی مێژوویی بەو فۆرمە تایبەتیەی کامەران پێشکەشی کرد، پڕکردنەوەی بۆشاییەکی گەورەیە لە ون بوونی فۆرمی کلاسیکی...کە بەشی زۆری دەرهێنەرانی ئێمە خۆی لێ دوورە پەرێز ڕادەگرن.. چونکە بەوە هەڵخەڵەتاون، کە داهێنان تەنیا لەفۆرمی مۆدێرن دایە وبینەر قەبوڵی فۆرمی کلاسیک ناکات، کەچی ڕاستیەکەی لەوە دایە ، دەسەڵاتی دەرهێنەر چەندە بۆ تێڕوانین و داهێنان، ئیتر جۆری فۆرم گرنک نیە ، بەقەد توانستی داهێنان..
زۆر جاران فۆرم خۆی بڕیار لەسەر خۆی دەدات، ئایا بەچ شێوازو ستایلێک خۆی پێشکەش بکات، هەر دەرهێنەرێک فۆرمێک بە شایەستە دەزانێت بۆ نمایش و هیچ فۆرمێک ڕەها نیە، بەڵام لای کامەران ئەم فۆرمە کلاسیکیە لێوەشاوەترین فۆرم بووە،
ڕەنگە لای سەلاح قەسەب فۆرمێکی ترو لای عەقیل مەهدی یەکێکی تر.
لەهەموو حاڵەتێکا دەرهێنەر چ فۆرمێک بە گونجاو دەزانێ، ئازادەو ڕێژەیەک لە سەرکەوتن بە دەست دێنێ، بینەر ڕێژەکەی دیاری دەکات.
جگە لەو پێکهاتانە، زۆر فاکتەری دیکە یاریدەدەڕ بوونە، بۆ لەدایک بوونەوەی نمایشەکە، ئەویش ئەو کۆمەڵە ئەکتەرە لێهاتووانەن، کە هەر یەک لەوان بەقەد کامەرانی پاڵەوانی نمایشەکە هەر یەکەو ببن بە ئەستێرەیەک لەفەزای نمایشەکە، ڕێگەیان خۆش نەکرد، هیچ بۆشاییەک لەسەر شانۆ دروست بێت و بۆ چرکەیەکیش بینەر لە نمایش دابڕێ.
حه‌یده‌رعه‌بدولڕه‌حمان

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.