Erbil 30°C ھەینی 13 ئەیلوول 21:08

ئایا سینەما و شانۆی کوردیيمان هەیە ؟

کوردستان TV
100%


زاراوەی شانۆی کوردی یان سینەمای کوردی کە لە نێوەندە ئەکادیمی و هونەریەکان بەکاردەهێنرێت زاراوەیەکی زۆر هەڵەیە ، ئەگەر شانۆ یان سینەمای کوردی هەیە تایبەتمەندیەکانی چین؟، تەنانەت مێژوی شانۆ لەکوردستان دەبەستنەوە بەدەقی مەم وزینی ئەحمەدی خانی ، لەڕاستیدا دەق ڕەگەزێکە لە ڕەگەزەکانی نمایشی شانۆیی ، پاشان دەپرسین بۆچی لەو سەردەمەدا چەندین دەقی شانۆیی دیکە نەنوسرایەوە یەک لەدوای یەک ،وەکو نوسەرەکانی سەردەمی گریکەکان !!یان ساڵانی بیستەکان لێرەو لەوێ نمایشێکی شانۆیی پێشکەش کراوەو دەرهێنەرەکەش کورد نەبوە و هۆڵی شانۆش هەر نەبوە ، ئەوە هەمدیسان مێژوی شانۆی کوردی نیە، لەبنەڕەتدا ئێمە شانۆمان لەوڵاتانی دراوسێ وەرگرتوە ،ئێمە داماننەمەزراندوە بۆیە پێویسته دانبەوەدابنێین لە مێژوی بزوتنەوەی شانۆ لە کوردستان لەسەر بنەمایەکی فیکری و هونەری و ئیستاتیکی لەسەرەتای ساڵانی هەفتاکانەوە دەست پێدەکات چونکە پێشووتر پیاو ڕۆڵی ئافرەتی دەبینی ، کورتە تەمسیلی وەکو نمایشێکی پەراوێز دوای ئاهەنگی گۆرانی و موزیک پێشکەش دەکرا،کەواتە لەوسەردەمەدا شانۆ وەکو لاسایی کردنەوە پیشکەش کراوە وەکو ڕاهێنان نەوەک داهێنان یان ئەفراندن ،هەربۆیە ئەگەر ڕاستگۆیانەو زانستیانە باسی شانۆ بکەین ئێمەی کورد بزوتنەوەی شانۆمان هەیە لەکوردستان ،نەوەک شانۆی کوردی ،چونکە شانۆ موڵکی ئێمە نیە تاکو کوردیەکی پێوە بلکێنین ،بۆیە کاتی ئەوە هاتوە هەر ناوو نازناوو زاراوەیەک لە شوێنی خۆی دابنرێت، یان مێژووی سینەما دەبەستنەوە بە بەرهەمەکانی یەڵماز گۆنای کە ستافەکەی هیچیان کورد نەبون ،تەنانەت خۆشی ناڵێت من دامەزرێنەری سینەمای کوردیم ،هەمدیسان ، ناوبردنی سینەمای کوردی زاراوەیەکی زانستی نیە ، پێویستە بوێرانە بگوترێت مێژوی ئەزمونی سینەمایی لەهەرێمی کوردستان زۆر کورتە بەگشتی لەدوای ڕاپەرین تا ئەمرۆ هونەرمەندانی کورد لە ئەزموون بەردەوامن لە بواری پیشەگەری هونەری سینەمادا و تەکنیکی سینەمایی تاکو ئێستاش زۆر لاوازەو متمانەی سەرەکیشیان، لەسەر ئەکتەری شانۆکارە. ڕەخنەگرەکان پێویستە ئەو پرسیارە بورژینن ئاخۆ تاکو ئەمڕۆ ئاستی سینەماو شانۆی کوردی بەبەراورد لەگەڵ   نەوەک ئەوروپا بەڵکو ووڵاتانی دراوسێی وەکو ترکیاو ئێران لەچ ئاستێکدایە، لەسەردەمی عەولەمەدا دەژین بەڵام ئەو هۆڵە سینەمایی و شانۆیانەی لە حەفتاکان و هەشتاکان هەمانبوو بۆ بچوک بونەتەوە یان نەماون ،ئەی بینەری شانۆو سینەمای جاران بۆ نەمان هۆکارەکان چین وچین ؟؟ پێویستە لەمەودوا لۆژیکانە بیربکەینەوە ...بەڵی لە ڕابردودا لەبواری شانۆ هەوڵ و تێکۆشانی باش کراوەو ،مرۆڤی کوردیش وەکو هەموو گەڵانی دیکە کەسانی زۆر لێهاتوی تیادا هەڵکەوتوە ، لەئێستاشدا لەسلێمانی بەسەدان شانۆکاری زۆرباش هەیە شەونخۆنی دەکەن و تەحەددای هەموو قەیرانەکان دەکەن و نماش لەدوای نمایش بەردەوامە ،کە ئەمەی مایەی شانازیە ،بەڵام لەشارەکانی دیکە وەکو پێویست نیە... من زۆر نیگەرانم  ئەوە سی ساڵ بەسەر دەمەزراندنی پەیمانگەو هەژدەساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆلێژی هونەرەجوانەکان تێپەڕ دەبێت کە زیاتر لە دووسەد ئافرەت بەشی شانۆیان تەواو کردوە ، ئەوانەی کەماون لە نێوەندی هونەری بەتایبەت بۆکاری نواندن ژمارەیان لە پێنج پەنجەی دەست تێپەڕناکات، کەواتە دەبێت لەخۆمان بپرسین دوای ئەو هەموو شەنونخونیە (ڕیسەکەمان لێبوو بەخوری) هەربۆیە ئەوانەی کە مێژووی بزوتنەوەی شانۆ لە هەرێمی کوردستان دەنوسنەوە ،نابێت هیچ دێڕێک بەسەریاندا تێپەڕێت . ئەگەر لەبواری سینەماشدا دڵمان بەوە خۆشبکەین کە سەدان کورتە فیلم مان هەیە و چەندفیلمێکی درێژیشمان هەیە ، هەمویان لەتەرازویەکدا دابنێی ناگەنە چوار دیمەنی فیلمی تایتانیک ، خۆ ئەگەر باسی داهێناکەکانی هۆلێۆد بکەین نابێت بەخۆمان بلێین سینەمامان هەیە ، تەکنیک و تەکنەلۆژیای سینما لە جیهاندا لە لوتکەدایە ،زۆربەی گەورە دەرهێنەرە سینەماییە جیهانیەکان لەشانۆوە بونە سینەماکار،میزانسێن و تەکوین و ریتم و بەکارخستنی روناکی و ڕەنگ لە شانۆوە فێر بون ،تەنانەت نواندنی ڕاگوزەری لەشانۆوە گواسترایەوە بۆ سینەما کەچی لای خۆمان کەسانێک هەن دەڵێن شانۆ هیچ پەیوەندیەکی بەسینەماوە نیە ، یەک بەرهەمی ناوازەی سینەما یان شانۆ، هەزار بەرهەمی لاوازی بەقوربان بێت ، داهێنانیش پێویستی بەڕۆشنبیریەکی بەرزو  هزرو خەیاڵ و باگراوندێکی فەنتازی و ئاگایی هەیە ، هەرکەسێک لە سیحری ڕۆمان و چیرۆک و شیعرو شێوەکاری وموزیک و فۆتۆگراف تێنەگات نابێتە شانۆکار یان سینەماکارێکی سەرکەوتو.
کەواتە لەمەودوا پێویستە دان بەو ڕاستیە دابنێین کە بەرهەمی شانۆو سینەما بەزۆری و بۆری نیە و پێویستە ئاوڕ لە دەوروبەرمان بدەینەوە وانەی لێوەربگرین و ئەوەندە شانازی بەخۆمانەوە نەکەین ، منیش کەسی ئێوەم هەرچیم کردبێت ،هەست دەکەم پێویستە جارێکی تر لە خاڵی سفڕەوە دەست پێبکەم ، داهێنانی هونەری لەهەموو دنیادا لەسەر کەس ناوەستێت ، ئێمە هێشتا زۆر لەپاشین ئەگەر لەسەر بنەمایەکی فیکری و هونەری و ئیستاتیکی کار نەکەین هەرگیز بەهیواو ئاواتەکانمان ناگەین هیواخوازم هەموومان بەخۆماندا بچینەوە ، هیوای سەرکەوتن بۆ هەموان.
د.ژیلوان تاهیر

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.