دوێنێ ھەینی 22ی ئەیلوولی 2023، ٤٣ ساڵ بەسەر دەستپێكردنی جەنگی ھەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراقدا تێپەڕدەبێت كە لە 22ی ئەیلوولی 1980 ھەڵگیرسا و لە ھەشتی ئابی 1988 كۆتایی ھات.
جەنگەكەی نێوان عێراق و ئێران، بە جەنگێكی خوێناوی و دوور و درێژ ناو دەبرێت، چونكە بۆ ھەشت ساڵ بەردەوامبوو، تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی چەكی كیمیاییشی تیایدا بەكاربھێندرێت، بەڵام ھیچ كام لەو دوو وڵاتە بە سەركەوتوویی جەنگەكە لەقەڵەم نەدران.
بەپێی ئامارە نافەرمییەكان، بەھۆی جەنگی ھەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، یەك ملیۆن و 70 ھەزار سەرباز كوژراون، ھەروەھا زیانێكی زۆری ئابووریی بەر ھەردوو وڵات كەوت كە بە 400 ملیار دۆلار دەخملێندرێت.
بە بۆچوونی شرۆڤەكاران و شارەزایانی بواری سیاسی و سەربازیی، ھەڵگیرسانی جەنگی ھەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران بۆ دوو ھۆكار دەگەڕێتەوە كە یەكەمیان ھەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتننامەی جەزائیرە كە لە ساڵی 1975دا لە نێوان عێراق و ئێراندا واژوو كرابوو، ھۆكارەكەی دیكەیش ئەوە بووە كە عێراق ترسی ھەبوو، شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەھێزبێت و تەشەنە بكاتە ناو عێراق.
جەنگەكە سەرەتا بە پێكدادانی پچڕپچڕی سەر سنوور دەستی پێكرد، كاتێك عێراق، ئێرانی بە بۆردومانكردنی ناوچە سنوورییەكانی وڵاتەكەی و ھەوڵدان بۆ كۆشتنی تارق عەزیز، وەزیری دەرەوەی ئەو كاتی ڕژێمی پێشووی عێراق تۆمەتبار كرد، جگە لەوەیش لە 17ی ئەیلوولی 1980دا، سەدام حوسێن، سەرۆكی ڕژێمی پێشووی عێراق، ڕێككەوتننامەی جەزائیری ساڵی 1975ی لەگەڵ ئێران ھەڵوەشاندەوە و ڕایگەیاند، ئاوی شەتولعەرەب بەتەواوی بەشێكە لە ئاوە ھەرێمییەكانی عێراق.
ھەروەھا عێراق ترسی ھەبوو، شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەھێزبێت و تەشەنە بكات و لەگەڵ لایەنە شیعەكاندا كۆنترۆڵی عێراق بكات، بەتایبەتی كە ئێران دروشمی ھەناردەكردنی شۆڕشی بۆ وڵاتانی دەورووبەری بەرزكردبووە لەو كاتەدا ڕەوشی ئێران ئاڵۆزبوو، بۆیە سەدام حوسێن ھەوڵیدا سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت و ببێتە ھێزی باڵادەستی كەنداو، لەبەر ئەوە سوپای عێراق ھێرشی بۆ سەر ئێران دەست پێ كرد و بەخێرایی چووە نێو خاكی ئێران، بەڵام دواتر ئێران ڕیزەكانی خۆی ڕێكخستەوە و لە ساڵی 1982دا دژەھێرشی دەست پێكرد، ھێزەكانی سوپای عێراقی لە خاكەكەی وەدەرنا و عێراق كەوتە دۆخی بەرگرییەوە.
جەنگی یەكەمی كەنداو، یان جەنگی نێوان عێراق ئێران كە لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق ناوی لێنرابوو قادسییەی سەدام و لەلایەن ئێرانیش بە بەرگری پیرۆز ناودەبرا لە 22ی ئەیلوولی ساڵی 1980 دەست پێ كرد لە ھەشتی ئابی ساڵی 1988 كۆتایی ھات.
بەپێی ئامارە نافەرمییەكان، بەھۆی جەنگەكەوە، یەك میلۆن سەربازی عێراق و ئێران كوژراون، ھەروەھا زیانی زۆری ماددیش بەر ھەردوو وڵات كەوتووە كە بە 400 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ھەر بەپێی ئامارە نافەرمییەكان لە جەنگەكەدا، 730 ھەزار سەربازیی ئێرانی كوژراون و یەك ملیۆن سەربازیی دیكەیش برینداربوون، ئەمە وێڕای ئەوەی 45 ھەزار سەربازیش بە دیل گیرابوون.
ھاوكات لە جەنگەكەدا، 340 ھەزار سەربازی عێراق كوژراون، 700 ھەزار سەربازی دیكەیش برینداربوون و 70 ھەزار سەربازیش بە دیل گیرابوون.
ھەروەھا بەھۆی جەنگەكەوە ژمارەیەكی زۆر سەربازی دیكە بێسەروشوێنبوون كە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە، جگە لەوەیش ژمارەیەك زۆر كەسی مەدەنیش بوونە قوربانی.
لەگەڵ ئەوەی چەندین جار ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان داوای وەستاندنی جەنگەكەی كردبوو، بەڵام جەنگەكە بۆ ماوەی ھەشت ساڵ بەردەوامبوو لە ھەشتی ئابی ساڵی 1988 كۆتایی ھات، دواتر بە بڕیاری ژمارە 598ـی ئەنجوومەنی ئاسایش، رابەری پێشووی كۆماری ئێران، ئایەتوڵڵا خومەینی لەژێر گوشاردا ناچار كرا ئاگربەست ڕابگەیەنێت و كۆتاییش بە جەنگەكە بھێنێت كە بە "خواردنەوەی ژەھر" ناوی برد.
دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست و كۆتایی ھاتنی جەنگەكە، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەكانی نێوان ھەردوولا دەستی پێ كرد .ھەر چەندە تا ئێستا عێراق و ئێران ھیچ ئامارێكی فەرمییان لەبارەی ئاڵوگۆڕی سەربازە دیلەكان بڵاو نەكردووەتەوە، بەڵام لە ماوەكانی ڕابردوودا، كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور ڕایگەیاندبوو كە بەسەرپەرشتی كۆمیتەكەیان، 97 ھەزار سەربازی بەدیلگیراو لەنێوان عێراق و ئێران ئاڵوگۆڕكراون، ھەروەھا تا ئێستا 53 ھەزار سەربازی عێراقی بێ سەروشوێنن، ئەمە وێڕای ئەوەی تا ئێستا زیاتر لە 100 رووفاتی سەربازی كوژراو لە نێوان عێراق و ئێران ئاڵوگۆكراون.
دوای ھەشت ساڵ لە پێكدادانی بەردەوام، ھێرش و بەرگری، خۆپڕچەككردن و قەرزی دەرەكی و پەنابردنە بەر ھاوكاریی وڵاتان، شەڕی خوێناوی نێوان ھەردوو وڵات بەبێ دیاریكردنی سەركەوتوو و دۆڕاو كۆتایی ھات، بۆیە جەنگەكە جگە لە كاولكاریی و ماڵوێرانی بۆ ھەردوو وڵات ھێچی دیكەی لێ نەكەوتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.