Erbil 13°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 21:30

كونسوڵخانه‌ی به‌ریتانیا: ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌نگاوێكی گرینگه‌ بۆ بژێوی و سه‌قامگیری كوردستان

کوردستان TV
100%

كونسوڵخانه‌ی به‌ریتانیا سه‌باره‌ت به‌ ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر پرسی بودجه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی گرینگه‌ بۆ بژێوی و سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان.

كونسوڵخانه‌ی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر ئه‌مڕۆ دووشه‌م له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس (تویته‌ر) ڕایگه‌یاند "بەریتانیا پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لەبارەی دابینکردنی پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان،.

ڕاشیگه‌یاند "ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی بژێوی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان".

دوێنێ یه‌كشه‌م له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د شیاع سوودانی بڕیاردرا بۆ ماوەی سێ مانگ بڕی 2 تریلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ مووچەی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بنێردرێت، واتا بۆ هه‌ر مانگێك بڕی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ رۆژی پێنجشه‌می هه‌فته‌ی ڕابردوو شاندێكی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ری پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی به‌غدای كردبوو.

مه‌سرور بارزانی و شاندی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ سه‌ردانه‌كه‌دا زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ باڵاكانی عێراق ئه‌نجام دابوو، دوای كۆبوونه‌وه‌كانیش، سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی ڕایگه‌یاند: دوو پێشنیاری درێژخایه‌ن و كورتخایه‌نمان بۆ دابینكردنی شایسته‌ داراییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان خستۆته‌ڕوو و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراقیش پاڵپشتی خۆیان بۆ پێشنیاره‌كان ده‌ربڕیوه‌.

ڕاشیگه‌یاند: بۆ چاره‌سه‌ری‌ كورتخایه‌ن چاوه‌ڕێی كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی یه‌كشه‌می ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ده‌كه‌ین و په‌نا به‌خوا مژده‌ی خێرمان پێ ده‌بێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.