Erbil 28°C شەممە 27 تەمووز 02:40

خورما بە یەكێك لە میوە بەسوودەكان دادەنرێت

کوردستان TV
100%

جەستەی خانمان لە قۆناغە جیاجیاكانی ژیاندا بەركەوتەی لەدەستدانی چەندین ڤیتامین و كانزای پێویست دەبێت بەهۆی سوڕی مانگانە و دووگیانی و منداڵبوون، ئەمەش وا دەكات خانمان دوو هێندە پێویستیان بە خواردنی ماددە خۆراكییە سوودبەخشەكان بێت كە قەرەبووی ئەو شتانە دەكەنەوە كە جەستە لەدەستی دەدات، خورما-ش بە یەكێك لە میوە بەسوودەكان بۆ هەموو خانمان دادەنرێت.
خورما دەوڵەمەندە بە چەندین ڤیتامین و كانزا كە لەش پێویستی پێیەتی، وەك ئاسن و ڕیشاڵ و دژە ئۆكسێنەر و فسفۆڕ و پۆتاسیۆم و كالیسیۆم و مەگنیسیۆم، جگە لە چەوری و پرۆتین و شەكری سروشتی، ئەمەش وایان لێدەكات ببێتە پێكهاتەیەكی خۆراكی تەواو بۆ جەستەی ئافرەتان لە قۆناغە جیاوازەكانی تەمەندا. لێرەشدا چەند سوودێكی خورما دەخەینە روو..
-یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریكردن لە قەبزی..
خورما بڕێكی زۆر ڕیشاڵی تێدایە كە یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریكردن لە قەبزی، دەتوانرێت بۆ ماوەی شەوێك لەناو ئاودا بمێنێتەوە و بەیانیان ئاو و خورمای تەڕكراو بخۆنەوە.
- توانای بینین باشتر دەكات..
خورما ڤیتامین ئەی تێدایە كە توانای بینین باشتر دەكات و یارمەتیدەرە بۆ چارەسەركردنی تاریكیی شەوانە، كە نەخۆشییەكی چاوە و لە تەمەنێكی بچووكدا دەردەكەوێت، ئەوانەی تووشی دەبن دەتوانن لە ڕۆژدا بە ڕوونی ببینن، بەڵام كاتێك دەچنە ناو كێڵگەیەكی تاریكەوە بینین قورس دەبێت.
- یارمەتیدەرە بۆ زاڵبوون بەسەر برسێتیدا
خورما یارمەتیدەرە بۆ زاڵبوون بەسەر برسێتیدا، بەو پێیەی ئەو شەكرانەی تێدایە كە بە ئاسانی لەلایەن جەستەوە وردە وردە هەڵدەمژرێت، ئەمەش وا دەكات خانمان بۆ ماوەیەكی زیاتر هەست بە تێربوون بكەن.
-لە كاتی دوو گیانیدا بەسوودە
لە كاتی دووگیانیدا خانمان ڕۆژانە پێویستیان بە كالۆری زیادە هەیە، هەروەها خورما توانای دابینكردنی ڕێژەیەكی گرنگی ماددە خۆراكییەكان و ڤیتامینەكان و كانزاكانی جەستەی هەیە.
-پیربوونی پێست دوادەخات ..
خورما دەوڵەمەندە بە دژە ئۆكسێنەر، كە پیربوونی پێست دوادەخات و زیانەكانی كەمدەكاتەوە كە بەهۆی ڕادیكاڵە ئازادەكانەوە دروست دەبێت كە ڕۆڵیان هەیە لە پیربوون و شێرپەنجە.
-ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە ڕێكخستنی سووڕی خەو ..
خورما یارمەتیدەرە بۆ خەو چونكە ترشی ئەمینی تریپتۆفان لەخۆدەگرێت كە هاندەری دروستبوونی میلاتۆنینە، كە هۆرمۆنێكە لەلایەن ڕژێنی پینێل لە مێشكدا بەرهەم دێت و ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە ڕێكخستنی سوڕی خەو لە مرۆڤدا، بۆیە هەندێك پێی دەڵێن خەوتن هۆرمۆن.
-ڕێژەی كۆلیسترۆڵ لە خوێندا كەمدەكاتەوە..
بەهۆی ئەو ڕێژەیە زۆرەی ڕیشاڵی تێدایە، خورما ڕێژەی كۆلیسترۆڵ لە خوێندا كەمدەكاتەوە، ئەمەش پارێزگاری لە خوێنبەرەكان دەكات.
هەروەها سوودە تەندروستییە جۆراوجۆرەكانی دیكەی خورما بەم شێوەیە.
-چارەسەری چەندین كێشەی كۆئەندامی هەرس دەكات كە زۆرێك لە خانمان نیگەران دەكەن، لەوانە هەرس نەكردن و كێشەكانی قۆڵۆن، كە هەمیشە قەبزی لەگەڵدایە.
-خانمان زۆرتر تووشی پووكانەوەی ئێسك دەبن لەئەنجامی بەركەوتنی جەستەیان بە چەندین گۆڕانكاری هۆرمۆنەكان، بۆ ڕێگریكردن لە كێشەی ئێسك و جومگەكان باشترە خورما بەكاربهێنن چونكە كالیسیۆم و ڤیتامین دی تێدایە كە دوو لە گرنگترین توخمەكانن كە بەهێزی دەكەن ئێسكەكان و كەمكردنەوەی ئازاری جومگەكان.
-خورما دژە ئۆكسێنەر و دژە هەوكردنی تێدایە كە یارمەتیدەرە بۆ بەهێزكردنی سیستەمی بەرگری لە دژی نەخۆشییە جۆراوجۆرەكانی وەك هەڵامەت و هاوشێوەكانی، هەروەها چەندین شێرپەنجە، هەروەها بەرگری جەستە لە بەرامبەر ڤایرۆس و بەكتریا زیاد دەكات.
-خانمان لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەنیان زیاتر تووشی كەمخوێنی دەبن، هەروەها ئەگەری تووشبوونیان بە كەمخوێنی زیاتر دەبێت، هاوكات دەوڵەمەندی خورما لە ئاسندا دەیانپارێزێت لە كەمخوێنی و ئاستی ئاسن لە خوێندا زیاد دەكات.
-خورما یەكێكە لە باشترین خۆراكەكان بۆ خانمان لە كاتی دووگیانیدا بەتایبەتی مانگەكانی كۆتایی، بەو پێیەی چەندین ڤیتامین و توخمە گرنگەكان بۆ جەستە دابین دەكات كە لەم قۆناغە سەختەدا لەدەست دەچێت، هەروەها دەوڵەمەندە بە ترشی فۆلیك كە ئەمەش گرنگە بۆ ڕێگریكردن لە كۆرپەلە شێواوی.
-خورما لە مانگی كۆتایی دووگیانیدا پێشنیار دەكرێت ،چونكە ئەگەری لەدایكبوونی سروشتی زیاد دەكات، ئەمە جگە لەوەی كاریگەری هەیە لە نەهێشتنی گرژبوون و ئازاری منداڵبوون.
-ئەو ڤیتامین و كانزایە سەرەكیانەی كە بە ڕێژەیەكی زۆر لە خورمادا بەردەستن، وای لێدەكەن یەكێك لە باشترین خۆراكەكان بۆ پێستێكی تەندروست، ئەو شێداركردنەی بۆ دابین دەكات كە پێویستی پێیەتی و بەرگری لە وشكبوونەوە و درزەكان دەكات، هەروەها وا دەكات كە نەرم و نیان بێت و زیندوویی زیاد دەكات و دەركەوتنی چرچ و لۆچی دوادەخات .
-خورما سەرچاوەیەكی گرنگی وزەیە چونكە چەندین ڤیتامین و پرۆتین و شەكری تێدایە، هەربۆیە لە فشار و بێهێزی دەتپارێزێت، هەروەها چالاكیی جەستەیی زیاد دەكات.
-هەروەها ڕێژەیەك لە ڤیتامین و كانزاكانی تێدایە كە یارمەتی زیادكردنی چڕی قژ و گەشەكردنی قژ دەدات و جوانی قژ زیاد دەكات، هەروەها پارێزگاری لە هێز و تەندروستی دەكات.
 

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.