Erbil 30°C شەممە 12 تشرینی یەکەم 18:04

سەمەر درێعی .. ئەو هونەرمەندە كوردەی بەبێ دەنگی سەری نایەوە

کوردستان TV
100%

زۆرن ئەو هونەرمەندانەی ناچاردەكرێن وڵاتی خۆیان جێبهڵن روو لە هاندەران بكەن وخاكی غەریبی بكەن بەمەفتەنی خۆیان، لەكوردستانی رۆژ ئاوا جگە لە هاووڵاتییە ئاساییەكان چەندین هونەرمەندی كورد بەهۆی نەبوونی ئازادی و ستەمی رژێمی سوریا بەناچاری كوردستانیان جێهشتووە روویان لە ئەوروپا كردووە،  یەكێك لەو هونەرمەندانەش خاتوونی شێوەكاری كورد "دكتۆر سەمەر درێعی)یە. 
 هونەرمەندی شێوەكار، پسپۆری نەقش و نیگار كێشان لە سەر(جەستە-جسم)ی، مرۆڤ Body painting، خاوەنی بڕوانامەی تایبەت بە هونەری ئافرەتان و مۆسیقاژەنی پیانۆ و سۆلفیج، دكتۆر خاتوو سەمەر درێعی بەسەر دەكەینەوە.
ناوی تەواوی(سەمەر عەبدولڕەحمان درێعی)یە، كچی شاری(عامودا)یە،  بچووكترین كچی هونەرمەندی شێوەكار و موزیكژەنی ناوداری كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان(عەبدولڕەحمان درێعی)یە، لە ساڵی 1977 لە شاری(حەلەب) لە خێزانێكی هونەردۆست و كوردپەروەر لە دایكبووە، هەموو قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی سانەوی هەر لە شاری حەلەب تەواوكردووە، لە ساڵی 1997ەوە، ڕووی لە وڵاتی ڕۆمانیا كردووە و لە شاری(بوخارست) نیشتەجێبووە، هەر لەوێ خوێندنی باڵای لە كۆلێژی هونەری شێوەكاری لە زانكۆی(بوخارست) تەواوكردووە، دواتریش بڕوانامەی ماجستێری بەدەستهێناوە، لە سەرەتای ئەمساڵ 2023 دكتۆراشی هەر لە بواری هونەری وەرگرتووە، نامەی دكتۆراری دەربارەی پێشكەوتنی هونەر لە سووریا لە سەدەی بیستەم، كە دیراسەیەكی هونەریی و ڕەخنەیی و فەلسەفییە، باسی هونەرمەندانی پێشەنگ لە بواری هونەری شێوەكاری لە قۆناغە یەك لە دوای یەكەكان لە سووریا دەكات.
هونەرمەند دكتۆر سەمەر درێعی، هەر لە منداڵییەوە زۆر حەزی لە هونەری شێوەكاری و مۆسیقا بووە، ئەو كەوتۆتە ژێر كاریگەری هونەرمەند عەبدولڕەحمان درێعی باوكی، تابلۆكانی بە جوانی ڕەنگەكان و گران و سەنگینی تەعبیرە(تەجریدی، سریالی، واقعی)یەكان ناسراوە، بە دەربڕێنێكی قوول و زمانێكی هیمن و ئاسایی شێوە و ناوەڕۆكی بەرهەمەكانی دەخاتەڕوو، هەموو ئەو شەڕ و شۆڕ و ماڵوێرانی بەسەر وڵاتەكەی و هەموو كوردستان و خەڵكەكەی هاتووە لە تابلۆكانی بە ڕوونی ڕەنگ دەداتەوە، زیاتریش بایەخی بە بار و دۆخی ئافراتای كورد، لە زوڵم و زۆرداری و نەبوونی یەكسانی و خورانی مافەكانیان داوە و دەدات، ئەو كۆمەلێك تابلۆی جوانی كێشاوە، بەشداریشی لە چەندین پیشانگای( تایبەت و هاوبەشیی) لە ڕۆمانیا و بەشی زۆری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە.
ئەو وەكو هونەرمەندێكی مۆسیقاژەنیش خاوەنی بڕوانامەی باڵای تایبەت بە خوێندنی گۆرانی و فێربوونی ئامێرەكانی(الصولفیج، پیانۆ)، لە پەیمانگای باڵای مۆسیقا، لە ماوەی ژیانی هونەری خۆی چەندین چالاكی نواندووە ئەمانە هەندێكییانن:
- بە پلەی دووەم دەرچووە لە نیگاركردنی(جەستەی مرۆڤ- جسم) لە وڵاتی ڕۆمانیا.
- لە سەر ئاستی جیهانی بەشداری لە میهرەجانی نیگاری منداڵان لە كۆریا كردووە.
- بە ئامێرەكانی(المونیدیكا، ئەكۆردیۆن سۆلفیج، پیانۆ، ئۆرغ)مۆسیقا دەژەنێت، لە چەندین فیستیڤاڵی مۆسیقا و گۆرانی لە سووریا بەشدار بووە، بە دەنگێكی داهێنەر لە قەڵەمداروە.
- بەشداری لە چەندین پیشانگای تایبەت بەخۆی و پیشانگای هاوبەشی كردووە، لە ڕۆمانیا و پاریس و هەولێر و بەشی زۆری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە وڵاتانی مەغریب و تونس و توركیا خەڵاتكراوە.
- چوار جار لە سەر یەك لە سووریا وەكو پێشەنگ لە نیگاركردن هەڵبژێردراوە.
- لە 27-5- 2010 پیشانگایەكی تایبەت بە(جەستە- جسم - جسد) لە حەلەب- سووریا كردۆتەوە.
- چەندین جار وەكو ئەندامی لێژنەی(دادوەر-تحكیم) لە فیستیڤاڵی نمایشكردنی جل و بەرگ و مۆدیل) هەڵبژێردراوە.
- لە ساڵی 2005، لە فیستیڤاڵی(إبداع البلد)وەكو وەسیفەی دووەمی شاجوانی ئافرەتانی سووریا هەڵبژێردراوە.
لە ساڵی 2019، نووسەر و ڕۆژنامەنووس بەڕێز عەبدولوەهاب تاڵەبانی، لە شاری بوخارست لە ڕۆمانیا، چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەگەری لەگەڵ هونەرمەند خاتوو سەمەر درێعی كردووە، تابلۆیەكیشی بە دیاری لێوەرگرتووە.
زۆر بەداخەوە خانمە هونەرمەندی شێوەكاری ڕۆژئاوای كوردستان(دكتۆر سەمەر درێعی) ئێوارەی پێبج شەممەی 31- 8 - 2023، لە یەكێ لە نەخۆشخانەكانی وڵاتی ئەلمانیا كۆچی دوایی كرد..
بۆ ژیانی هونەرمەندی كۆچكردوو،سوودم لە لە بەرگی حەوتەمی كتێبی(خۆم و ئەستێرە گەشەكان) لەنووسینی "نەجمەددین عزیز سمایل" وەرگرتووە.

ئا/ كامەران حاجی ئەلیاس

 

کولتوور و هونه‌ر شێوه‌کاری هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.