هونەرمەندی شانۆكار و نووسەر "سلێمان گەڵاڵی" ماوەیەكی زۆر لە بواری شانۆ و نووسین دا كار دەكات هەرچەندە سەرەتا بە شیعر هاتە نێو جیهانی ئەدەب و هونەر بەڵام لە كۆتاییدا خۆی لە نێو هونەری شانۆدا خۆی دییەوە وەكو نواندن و دەرهێنان خاوەنی چەندین كاری شانۆییە، لە هەمان كاتدا خاوەنی چەندین كتێبی چاپكراوە، بۆ زیاتر ئاگاردار بوون لە كارو چالاكییەكان لە نزیكەوە ئەم هەڤپەیڤینەمان لەگەڵی سازدا:
*سەرەتا بۆ خوێنەرمان باس لە ژیانی هونەری خۆت بكەیت
شانۆڤان (سلێمان ئیبراهیم قادر) زیاتر بە (سلێمان گەڵاڵی) ناسراوم،لەساڵی 1965 لەگەڕەكی سەیداوەی شاری هەولێر لەدایكبووم، خوێندنی سەرەتایی لەقوتابخانەی (بێتوش و بڵێسە) و ناوەندی لەچیمەنی كوڕان لەسەیداوە تەواوكردووە هەر لەناوەندی دەستم كردووە بەشیعر نووسین لەچەند ڤیستیڤاڵی شیعریم بەشداری كردووەو خەڵات كراوەم بەداخەوە نووسینەكانی ئەو سەردەمیم لێ وون بووە لەپەیمانگای هونەرەجوانەكانی موسڵ وەرگیرام، تا قۆناغی چوارەم لە لەموسڵ خوێند، دواتر گواسترامەوە، بۆ پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی سلێمانی" ساڵی 1988 پەیمانگام تەواو كرد" بەشداری چەندین شانۆگەری كردووە وەك ئەكتەرو دەرهێنان و كاری هونەری لەوانە (ئیمپراتۆر جۆنز/ دەرگا/ برایانی هۆریاس/ قەرەج/ كەرەشین/ ڕۆمیۆ جولێت/ شێتەكانی ئەم ڕۆژگارە/ بەسەر شۆستەی نەویستەوە/ بارانی ژێر خۆر)" ساڵی 1983 بۆ 1985 بوومە ئەندامی تیپی شانۆی شەماڵ لەبنكەی لاوان بەشداریم كرد لەشانۆگەری (خزم و ناسیار/ خەڵكی گوندەكەمان/ میرات/ سمایل و مامز) لەنووسین و دەرهێنانی مامۆستا (سەمیر عەبدولستار)" لەوماوەیەدا چەندین پارچە شیعرو چیڕۆكی لەگۆڤارو ڕۆژنامەكانی (هاوكاری/ بەیان/ عێراق/ كاروان/ ڕەنگین) بڵاوكردەوە، بەشداری كۆڕی شیعری كردووە لەهەولێر و سلێمانی" ساڵی 1987 بەشداری فیستیڤاڵی دهۆكی كرد بەشانۆگەری (دەنكە شقارتە) لەبەرهەمی تیپی كاروان پلەی دووەمان بەدەستهێناوە" ساڵی 1988 بوومە ئەندامی تیپی شانۆی هەڵگورد لەسلێمانی شانۆی (خۆناسەكان) ی پێشكەش كردووە" ساڵی 1993 لەڕادیۆی قوتابیان و لاوان دەرهێنەرو بێژەرو ئامادەكارو پێشكەشكاری بەرنامە بووم تاساڵی 2001 لەڕاگەیاندن بەردەوام بووە لەڕادیۆ و تەلەفزیۆنی گوڵان – هەرێم – نەورۆز – لقی دوو" دواتر گواسترامەوە بۆ بەشی ڕاگەیاندن لەوەزارەتی ئەوقاف" ساڵی 1999 بەشداری لەخولی سینەما كرد كەلەلایەن سەلمان كاكەیی بەرێوە دەچوو،هەر لە خوولەكە كورتە فیلمی (لەخۆبایی) دەرهێنا. ساڵی 2007 بۆ خوێندنی بەكالۆریۆس چووەتە كۆلیژی هونەرەجوانەكان" لەوێش ئەو بەرهەمە شانۆییانەی بەرهەم هێناوە (گیانی ئیلیانۆرا) (ڕۆڵەی خاك – دەرهێنان) (سواڵكەر – نواندن) (كۆتایی گەمە - نواندن)" هەر لەساڵی 2007 بەهاوبەشی ژیلوان تاهیرو سەڵاح حەسەن "گروپی شانۆڤانی كوردی"مان دامەزراند و چەند بەرهەمێكمان پێشكەشكرد وەك ئەكتەرو كاری هونەری تر بەشداری لە چەند بەرهەمێك دا كرد وەكو (وەرزی بەهار/ هەولێر نابەزێ/ ئەوینی تەنیایی/ گۆڕەپانی دیموكراسی/ نەورۆزو بەهار/ فەرهادو ئەوینێكی تر) لە ساڵی 2010 خوێندنم تەواو كرد و بەشداری (5) ۆرگشۆپی شانۆیی لەگەڵ ڕێكخراوی ئەمریكی و (5) شانۆیی لێ بەرهەمهات كە لەهەولێرو سلێمانی و دهۆك نمایش كران (خەمەكانی ئازاد/ مەریەمانە/ پێكەنینی شادی/ چیڕۆكی كۆچبەرێك/ زەمەنی شێواو)" هەر لەساڵی 2010 كاری دەرهێنانی بۆ(دەرچوانی گەنج/ دۆزەخ/ پەرپوت/ خەونی ئەبابیلەكان) كردووە" ماوەی دوو ساڵ سەرۆكی گروپی شانۆڤانی كورد بووم" ماوەی چوار ساڵ سەرۆكی تیپی شانۆی تیشك بووم" ئەندامی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان"-م هەروەها خاوەنی چەندین كتێبی چاپكراوم.
*ئەوهونەرمەندانە كامەن كە كاریگەریان لەسەر تۆ هەبووە یاخود بە كارەكانیان سەرسام بوویت؟
- سەرەتای هەشتاكان بینەری چەندین درامای كوردی و عەرەبی بووم كاریگەریان دروست كرد بۆ ئەوەی دونیای هونەر هەڵبژێرم و بچمە پەیمانگە بۆ ئێوەی بتوانم بەشێوەیەكی ئەكادیمی و زانستی تێكهەڵكێشی هونەر بم و رۆڵی خۆم ببینم
* لە ئێستادا،ئاستی شانۆی كوردی چۆن دەبینی؟
- شانۆی كوردی لە هەولێر بەتایبەتی گەلێ ئاستەنگی لەبەردەم دروست بووە كە هونەرمەند نەتوانێ بەسەریدا زاڵ بێت. بۆیە پێویستە پاڵپشتی تەواوی بكرێت و ئاسانكاری بۆ بكرێت تا بتوانێت هەنگاوەكانی گورج بكات. هەر چەندە لە ماوەی رابردوودا چەندین كاری خۆبەخشی بەئەنجام گەیشت بەڵام نەبووە هۆی بوژانەوەی هونەری شانۆ. بە هۆی ئەوەی لە كاتی هەبوونی بودجە و پاڵپشتی دارایی هونەرمەندە خۆبەخشەكان پەراوێز دەخرێن كە دەبێتە هۆكاری خاوبوونەوەی هونەرمەند.
*شانۆ چۆن دەتوانێت گوزراشت لە ناسۆرییەكانی جەماوەر بكات؟
- شانۆی شەقام تاكە رێگایە بۆ بەردەوام بوون و گوزارشت كردن لە ناسۆرییەكانی ژیانی جەماوەر، چونكە تێچووی كەمە بە كەرەستەی ساكار ئەنجام دەدرێت لە هەمان كاتد چێژ بەخشە.
* بەرێزتان لە بواری نووسین خامەتان ڕەنگینە ئەگەر بكرێت ئاماژە بە كتێبە چاپكراوەكانت بكەیت؟
- كتێبی یەكەمم بە ناوی "مەدالیای قەرەجێكی شەرمەزار" بوو كە كتێبێكی شیعرییە لە ساڵی 1997 بڵاوكرایەوە. كتێبی دووەمم بە ناوی" دەرچوانی گەنج" بوو كە كۆمەڵێك دەقی شانۆیی لە خۆدەگرێت لە ساڵی 2010 بڵاوكرایەوە. لە سەنتەری داهێنان لە هەولێر چاپكراوە. كتێبی " پەڕاوی شانۆڤان"چەند ووتار و لێكۆڵینەوەی شانۆیی پێك هاتووە لە ساڵی 2023 لە چاپكراوەكانی ڤیستیڤاڵی شانۆیی بەڕێوەبەرایەتی شانۆی هەولێر بوو. كتێبی " دۆزەخی ئادەم" كۆمەڵێك دەقی شانۆیییە لە ساڵی 2023 لەلایەن دەزگای رۆشنبیری بڵاوكردنەوەی كوردی بەغدا چاپكراوە. دوا كتێبم بەرگی یەكەمی "بیۆگرافیای زانایانی ئایینی" لە ساڵی 2023 لەسەر ئەركی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی چاپ و بڵاوكرایەوە.
* پرۆژەی داهاتوو چیتان لە هەگبە دایە؟
- لە ئێستادا خەریكی بەرگی دووهەمی "بیۆگرافیای زانایانی ئایینی" م لە هەمان كات دا وەك كاری هونەریش داواكاریمان پێشكەش بە بەڕێوەبەرایەتی شانۆی هەولێر كردووە كە كار لەسەر دەقی شانۆیی ئادەم بكەین. كەی رەزامەندی وەرگیرا. دەست بەكاركردن دەكەین.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.