سبه‌ی یه‌ك شه‌ممه 23-7-2023 له شاری كه‌ركوک به بۆنه‌ی 42 مین ساڵوه‌گه‌ڕی كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ندی ناوداری كورد، عه‌لی مه‌ردان، رێوڕسمێك به‌رێوه ده‌چێت.
رێوڕه‌سمه‌كه له سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری كه‌ركووك، له‌لایه‌ن ناوه‌ندی عه‌لی مه‌ردان، لە كاتژمێری 5ی ئێواره به‌رێوه ده‌چێت، به‌و بۆنه‌یه‌وه پیشانگایه‌كی فۆتۆگرافی ده‌كرێته‌وه، له‌هه‌مان كات دا چه‌ند گه‌نجێكی شاری كه‌ركووك یادی گۆرانیبێژی ناوداری كورد و پاشای مقامات هونه‌رمه‌ند عه‌لی مه‌ردان به ووتنه‌وه‌ی گۆرانییه‌كانی یاده‌كه ده‌كه‌نه‌وه.
عه‌لی مه‌ردان، ھونه‌رمه‌ندی پایه‌به‌رز، مامۆستای مه‌قامات و گۆرانی كوردی، ساڵی1904 له شاری كه‌ركووك له گه‌ڕه‌كی ته‌كیه‌ی شێخ عه‌لی له دایك بووه.
مامۆستا، خوێندنی له ته‌كیه‌ی كه‌ركوك و له لای ماموستا ساڵح ده‌ست پێكردوه و ھه‌ر له‌وێشه‌وه له لای مامۆستای ده‌نگ خۆش مه‌لا ڕه‌ووف فێری ته‌جویدی قورئان و ھه‌ندێ مه‌قاماتی كوردی و قۆڕیاتی توركمانی بووه.
عه‌لی مه‌ردان پاش ھه‌شت ساڵ ته‌كیه و شاری كه‌ركووكی به جێھێشتووه و به ماڵه‌وه چووه بۆ گوندی له‌یلان.
له‌و گونده‌دا ته‌مووره ژه‌نێكی به توانا به ناوی خدر بارام ناسیوه كه سوودێكی زۆری لێوه‌ر گرتوه بۆ مه‌قاماتی كوردی، به‌ڵام له دوایدا كه ده‌چێت بۆ به‌غدا، مه‌قاماتی كوردی و فارسی و عه‌ره‌بی له مامۆستایانی تری فارس و عه‌ره‌ب و كورده‌و فێر ده‌بێت و وه‌ك شاره‌زایه‌ك له بواری مه‌قاماتی ناوچه‌كه‌دا جێگای خۆی ئه‌بینێته‌وه.
ناوی هه‌ندێ له گۆرانییه‌كانی:
شیرین كه‌لامه، گیانه به‌سیه‌تی، یاریكه ڕاكه پێكه‌نه، خۆم وعودهكهم، كه‌تان كه‌تانه، مێوڵێ و دێلێژه، ئه‌سمه‌ر، وه‌ره قوربان، ھۆ برای جوتیار، له‌یلێ، ڕه‌نجی بێوه‌رم، ھه‌وری له قه‌دی ئاڵاوه، ده‌نگی خۆش بمھێنه جۆش، كه ئه‌و جوانه، ئه‌ڕۆی ئۆغر، دایم دڵ تۆی ئه‌وێ، مامه، كه‌ی دێته‌وه، له خرنه خرنه، ھه‌تا مردن، ئه‌ڵوه‌ن ناوت شیرینه، ئای چه‌ندم خۆش ده‌وێ، ھه‌ر تۆم ئه‌وێ تۆ، مینا گیان، له كه‌له ده‌نگی ساز دێ، شه‌و ڕۆژ، گۆڵه باخ، ده‌ھه‌سته، كراس كوده‌ری ئاوریشم، سه‌د جار به‌و مانگه، ھه‌سته با بچین بكه‌ین ته‌ماشا، كۆڵان به كۆڵان، ئه‌م په‌رچه‌م و ئه‌گیجه، ئاخ چی بكه نیمه چاره، ئه‌و چاو جوانه، ھۆ كاكه‌ی شوان، وه‌ره قوربان، فاتمه، برای شیرینم، خاڵۆ خاڵۆ، شه‌و و ڕۆژ له خایاڵ و له به‌رچاوی.
له‌مه‌قامه به‌ناوبانگه‌كانی هونه‌رمه‌ند علی مه‌ردان:
له‌به‌ر چاوی به‌د (مه‌قامی ماھوور)
چه‌ند جارم ووت (مه‌قامی ھهمایۆن)
با یادم كا فریادم كه (مه‌قامی ھیجران)
ڕه‌نجی بێوه‌رم (مه‌قامی به‌یاتی شور)
ڕاسته‌ی خیابان (مه‌قامی ئه‌ڵاوه‌یسی)
لێم یاخی (مه‌قامی ئای ئای)
له‌به‌ر نازی چاو بازان (مه‌قامی خورشیدی)
ئه‌ی مانگ (مه‌قامی به‌یات)
چی بكه‌م (ماقامی نه‌وا)
دڵ له حه‌سره‌ت (مه‌قامی ئورفه)
مه‌مكوژه گیانه به ھیجران (مه‌قامی ده‌شت)
به داوی زۆڵفت (مه‌قامی ڕاست)
به به‌ردی فیرقه‌تت (مه‌قامی ماڵه‌ڵا ھیجرانی)
به غه‌مزه‌ی چاوی مه‌خموری (مه‌قامی نه‌وا)
مامۆستای گۆرانی مه‌قامی كوردی له ساڵی 1965 ـدا له ئێستگه‌ی ڕادیۆی تاران و كرماشان‌دا چه‌ندین مه‌قام و گۆرانی تۆماركردووه.
دوا گۆرانی عه‌لی مه‌ردان به‌سته‌یه‌ك بووه، ئه‌وه‌ی له ساڵی 1972 ـدا له ئێستگه‌ی كوردی به‌غداد تۆماری كردووه. مامۆستا له ته‌مه‌نی 77 ساڵیدا و له 24 ـی ته‌مموزی ساڵی 1981 كۆچی دوایی كردووه و له شاری كه‌ركووك له گۆڕستانی شێخ محێدین به خاكی پیرۆزی كوردستان سپێردراوه.
سبه‌ی ساڵیادی كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند "عه‌لی مه‌ردان"ده‌كرێته‌وه
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.