Erbil 8°C پێنجشەممە 28 تشرینی دووەم 17:55

دەزانن ئەمساڵ لە گەرمترین هاوینی مێژوودا دەژین؟

کوردستان TV
100%

زانایەکی کەشوهەوا لە ئاژانسی ئاسمانیی ناسای ئەمریکی ڕایگەیاند، پێدەچێت کە مانگی تەمموزی ئەمساڵ گەرمترین مانگی جیهان بێت لە سەدان ساڵی ڕابردوو، ئەگەر هەزاران نەبێت.

گاڤین شمیدت، زانای کەشوهەوا لە ئاژانسی ئاسمانیی ناسا ڕایگەیاند: ئەو گۆڕانکارییانەی کەشوهەوا لە هەموو جیهان ڕوودەدەن، لە ڕابردوودا هاوشێوەی نەبووە، پلەکانی گەرما لە ئەمریکا، وڵاتانی ئەوروپا و چین ژمارەی پێوانەییان تۆمار کردووە.

ڕاشیگەیاند: ئەو کاریگەرییانە تەنیا پەیوەندیدارنین بە دیاردەی ئیل نینۆوە، بەڵکوو ئەوەی دەبینرێ گەرمبوونی جیهانە، چەند مانگێکە پلەکانی گەرمای ڕووی دەریاکانمان بینیوە کە ژمارەی پێوانەیی شکاندووە، تەنانەت لە دەرەوەی ناوچە گەرمەکانیش.

ئەو زانایە پێشبینی دەکات کە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەردەوام بێت،  هۆکاری ئەو بەردەوامییەش دەگەڕێنێتەوە بۆ دەردانی گازە زیانبخەشەکان بۆ بەرگەهەوا.

هەروەها گوتی: پێشبینی دەکەین ساڵی 2024 گەرمتر بێت، چونکە دیاردەی ئێل نینۆ ئێستا گەشە دەکات و لە کۆتایی ئەمساڵدا دەگاتە لووتکە.

هەر بەپێی پێشبنییەکانی شمیدت، ئەگەری 50%هەیە کە ساڵی 2023 گەرمترین ساڵ بێت تاوەکو ئێستا، هەرچەندە ئاماژەی بەوە داوە کە زانایانی دیکە ئاماژە بە ڕێژەی 80% دەدەن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە بەشێکی زۆری ئەوروپا، ئاسیا و ئەمریکای باکور بەردەوامە، کە بەرزی پلەکانی گەرمای لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاگری دارستانەکانی لێکەوتووەتەوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.