Erbil 5°C پێنجشەممە 28 تشرینی دووەم 19:41

ئومێد سه‌باح: داوامان كردووه‌ له‌ هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه‌ مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ بنێردرێت

کوردستان TV
100%

سه‌رۆكی شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا ئه‌مشه‌و پێنجشه‌م له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند كه‌ داوایان له‌ حكوومه‌تی فیدڕالی كردووه‌ له‌ هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه‌ مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ بودجه‌ جێگیر كراوه‌، بنێردرێت بۆ هه‌رێمی كوردستان.

ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ سه‌رۆكی شاندی هه‌رێمی كوردستانیشه‌ له‌ به‌غدا رایگه‌یاند: ئێمه‌ وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ییمان ده‌ربڕیوه‌ هه‌رچی پابه‌ندییه‌ كه‌ له‌ یاسای بودجه‌دا دیاریكراوه‌ جێبه‌جێی بكه‌ن‌،‌ ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای تێبینییه‌كان كه‌ له‌ هه‌ندێ ده‌قه‌كانی بودجه‌دا هه‌مانه‌ و پێمانوایه‌ ناده‌ستوورین.

ڕاشیگه‌یاند: هه‌رچه‌نده‌ به‌شێكی زۆری پابه‌ندییه‌كامان جێبه‌جێ كردووه‌، به‌ڵام دووباره‌ ئاماده‌ییمان ده‌ربڕیوه‌ له‌ هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه‌ هه‌رچی پابه‌ندیمان له‌سه‌ره‌ جێبه‌جێی بكه‌ین، یه‌كێك له‌ پابه‌ندییه‌كانیش راده‌ستكردنه‌وه‌ی دۆسییه‌ی نه‌وته‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئێمه‌ به‌ شێوه‌ی كرداری له‌ رۆژی 25/6/2023وه‌ بڕی 50 تاكو 60 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌مان له‌سه‌ر داوای حكوومه‌تی فیدڕالی راده‌ست كردووه‌.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: سه‌باره‌ت به‌ راده‌ستكردنی داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان، ئێمه‌ لایه‌نی حكوومه‌تی فیدڕالیمان ئاگاداركردۆته‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و داهاته‌ نانه‌وتییه‌ فیدڕالییانه‌ كه‌ له‌ رسوومات و باج خۆی ده‌بینێته‌وه‌ و له‌ یاسای بودجه‌دا هاتووه‌ و جێگیركراوه‌، راده‌ست بكه‌ینه‌وه‌.

ئومێد سه‌باح گوتیشی: له‌ دوای ڕاده‌ستكردنه‌وه‌كانی ئه‌م دوو بابه‌ته‌، هیچ بیانۆیه‌ك بۆ حكوومه‌تی فیدڕالی نامینێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌نێرێت.

سه‌رۆكی شاندی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ به‌غدا گوتیشی: داوامان له‌ حكوومه‌تی فیدڕالی كردووه‌ له‌ رۆژی 26/6وه‌ نه‌ك ته‌نیا مووچه‌، به‌ڵكو هه‌موو شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا ماوه‌ته‌وه‌ ته‌نیا دوو بابه‌ته‌ و هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌وانیش‌ یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه‌، یه‌ك له‌ بابه‌ته‌كان بریتین له‌ پێناسه‌ی داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان‌ و ئه‌وی تریشیان په‌یوه‌نداره‌ به‌ تێچووی ده‌رهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م دوو بابه‌ته‌ش رۆژی یه‌كشه‌می داهاتوو كاتژمێر 4ی ئێواره‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌ نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران یه‌كلایی ده‌كه‌ینه‌وه‌.

له‌ كۆتاییدا سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ به‌ نووسراوێكی فه‌رمی داوایان له‌ حكوومه‌تی فیدڕالی كردووه‌ بۆ مانگی 6 مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بنێرن، چونكه‌ بودجه‌ له‌ 26/6 كه‌وتۆته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌ڵام بۆ مانگی 7 داوای سه‌رجه‌م شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌ كه‌ 912 ملیار دیناره‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ شانده‌كه‌یان‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و بۆ رۆژی یه‌كشه‌م دووباره‌ دێنه‌وه‌ بۆ به‌غدا به‌ مه‌به‌ستی ته‌واوكردنی گفتوگۆكان.  

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.