Erbil 2°C پێنجشەممە 28 تشرینی دووەم 23:41

عێراق و ئێران رووفاتی 26 سەربازی جەنگی هەشت ساڵەی نێوانیان ئاڵوگۆڕ كرد

کوردستان TV
100%

عێراق و ئێران بەسەرپەرشتی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور، رووفاتی 26 سەربازی دیكە كە لە جەنگی هەشت ساڵەی هەشتاكانی سەدەی رابردووی نێوانیان كوژراون، ئاڵوگۆڕ كرد.
كەریم حافز، نوێنەری كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا راگەیاندووە كە ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەڕێگای دەروازی سنووریی شەلامچە لە پارێزگای بەسرە، عێراق و ئێران رووفاتی 26 سەربازیی دیكە كە لە جەنگی هەشت ساڵی نێوانیاندا كوژراون، ئاڵوگۆڕ كردووە.
باسی لەوەیش كردووە، ژمارەی سەربازە عێراقییەكان كە رووفاتەكانیان لەلایەن ئێرانەوە رادەست كراونەتەوە، هەشت سەرباز بوون و لەبەرامبەردا رووفاتی 18 سەربازی ئێرانیی لەلایەن عێراقەوە رادەست كراونەتەوە.
كەریم حافز ئاماژەی بەوەیشداوە كە پرۆسەی ئاڵوگۆڕكردنی رووفاتەكان، بەسەرپەرشتی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور ئەنجامدراوە.
جەنگی عێراق-ئێران لە 22 ئەیلوولی 1980 دەستی پێ كرد و بۆ هەشت ساڵ كە بە جەنگێكی خوێناوی و دووردرێژ ناو دەبرێت بەردەوامبوو.
بەپێی ئامارە نافەرمییەكان لە جەنگەكەدا، 730 هەزار سەربازیی ئێرانی كوژراون و یەك ملیۆنی دیكەیش برینداربوون، ئەمە وێڕای ئەوەی 45 هەزار سەربازیش بە دیلگیرابوون.
هەروەها بەپێی ئامارە نافەرمییەكان لە جەنگەكەدا، 340 هەزار سەربازی عێراق كوژراون، 700 هەزاری دیكەیش برینداربوون و 70 هەزار سەربازیش بە دیلگیرابوون.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.