Erbil 31°C پێنجشەممە 19 ئەیلوول 19:03

گەنجێك لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ستۆكهۆڵم تەورات و ئینجیل دەسووتێنێ

کوردستان TV
100%

فیدراسیۆنی ئیسلامیی لە سوید سەركۆنەی رێگەپێدان بە سووتاندنی تەورات و ئینجیلی لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ستۆكهۆڵم كرد.
ئاژانسی فەرمیی ھەواڵی سوید (TT) ئاماژەی بەوە داوە، پۆلیسی سوید مۆڵەتی بە گەنجێكی تەمەن 30 ساڵە داوە كە داوای سووتاندنی تەورات و ئینجیلی كردبوو.
وابڕیارە ئەمڕۆ كاتژمێر 13:00 بە كاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ستۆكهۆڵم ئەو گەنجە هەڵبستێك بە سووتاندنی ئەو كتێبانەی كە باسی لێوە دەكرێت.
لەوبارەیەوە سەرۆكی فیدراسیۆنی ئیسلامیی لە سوید سەركۆنەی ئەو كارە ئیستفزازییەی كرد و راگەیاند: نابێت رێگە بە سووتاندنی هیچ كتێبێكی پیرۆز بدرێت.
هەروەها گوتی: ئێمە دژی سووتاندن و لەناوبردنی هەر كتێبی پیرۆزین، وەك فیدراسیۆنی ئیسلامیی لە سوید، پێنج مانگ لەمەوبەر لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی سوید، ئولف كریستێرسۆن كۆبووینەوە و داوامان كرد رێگریی لە سووتاندنی كتێبە پیرۆزەكان بكرێت .
هاوكات ئیسحاق ھێرزۆگ ،سەرۆكی ئیسرائیل،  ئیدانەی ئەو كردەوەیەی كرد و رایگەیاند :ئەم كارە تاوانی رق و كینەیە نەك ئازادی رادەربڕین.
ئیسحاق ھێرزۆگ ئەوەشی بەبیرھێنایەوە كە ئەو ئیدانەی سووتاندنی قورئانی پیرۆزیشی كردووە و بانگھێشتیسەرجەم جیھانی كرد بە بێ جیاوازی كاردانەوە بەرامبەر ئەم جۆرە كردەوانە نیشان بدەن.
لەلایەكی دیكەش، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھۆ لەمیانی لێدوانێكیدا جەختی لەوە كردەوە كە بە توندی ئیدانەی سوید دەكەن بەھۆی رێگەدان بە سوتاندنی كتێبی پیرۆز و بە پێویستیشی زانی كە دەبێت رێز لە كتێبی پیرۆزی سەرجەم ئاینەكان بگیرێت.

شایانی باسە رۆژی 28ی حوزەیران لە ستۆكھۆڵمی پایتەختی سوید كەسێكی بە رەچەڵەك عێراقی بەناوی سەلوان مۆمیكا، لەبەردەم مزگەوتی ستۆكھۆڵم و لەژێر پارێزگاریی پۆلیسدا قورئانی پیرۆزی سووتاند.ئەو كارەش لە جیھانی ئیسلامی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ناڕەزایەتییەكی فراوانی بەدوای خۆیدا ھێنا.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.