سه‌ره‌تای ساڵانی حه‌فتاكان بوو، له‌ڕێی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوكه‌وه به‌ده‌نگی منداڵێك دوو گۆرانی زۆر خۆش بڵاوبۆوه به‌ناوه‌كانی( سۆیله‌باڵابه‌رز و خانباجی) له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی، ئه‌و منداڵه بوێر و ده‌نگخۆشه ئه‌وه‌نده به‌عه‌شق و خۆشه‌ویستی یه‌وه گۆرانییه‌كانی ده‌خوێند هه‌ست و دییه‌ی گوێگر و بیسه‌ری داگیر ده‌كرد، سۆزی ده‌نگ و میلۆدی و تێكستی گۆرانییه‌كه به‌زۆر خۆی ده‌هاویشته گوێی بیسه‌ر و بینه‌رانه‌وه، ئه‌و گۆرانیانه له‌ماوه‌یه‌كی زۆركه‌مدا ببوونه وێردی سه‌رزاری گه‌وره‌و بچوك، له‌و كاته‌دا منیش ته‌مه‌نم، هاوته‌مه‌نی یان ساڵێك كه‌متری ته‌مه‌نی ئه‌و منداڵه ده‌نگخۆشه( تۆفیق عه‌لی) بوو، تا گۆرانییه‌كه ته‌واو ده‌بوو دییه‌و هه‌ستم له‌لای ده‌نگ و باڵای جوانی بوو به‌و پۆشاكه جوانه كوردییه‌وه خه‌یاڵ په‌لكێشی ده‌كردم و ئیره‌ییم پێ ده‌برد و ده‌مگووت خۆزگه منیش بمتوانیبا به‌وشێوه‌یه گۆرانیم بووتایه و ده‌ربكه‌وم ( هه‌رچه‌نده من ده‌نگم خۆش نییه) به‌ڵام توانا و لێهاتوویی و وه‌ستانی له‌سه‌ر شانۆ له‌به‌رده‌م ئه‌و هونه‌رمه‌نده ده‌ست و په‌نجه زێرینانه‌ی تیپی مۆسیقای سلێمانی سه‌رنج و هه‌ستی منداڵیمی كه‌مه‌ندكێش ده‌كرد، دوای تۆماركردن و په‌خشكردنی چه‌ند گۆرانییه‌ك به‌داخه‌وه ئه‌و ده‌نگه خۆشه پڕسۆزه، وون بوو ؟! دیار نه‌ما ته‌نها هیواو ئومێد ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك بوو جارجاره له‌ڕێی شاشه‌كه‌یه‌وه دییه‌و ڕۆحمانی ئارام ده‌كرده‌وه.
ده‌مێك بوو خه‌یاڵم هه‌ست و هۆشیی داگیركردبووم و بیرم له‌و هونه‌رمه‌نده ده‌كرده‌وه، ده‌مگوت ده‌بێت چی به‌سه‌ر هاتبێت و كه‌وتبێته كوێی ئه‌م ڕۆژگاره‌وه؟!
دوای چه‌ندین ساڵ به‌ختم باشی هانی له هاوینی ساڵی (1991) له( كه‌ناروێ) له‌نزیكه‌وه به‌خزمه‌تی هونه‌رمه‌ند( تۆفیق عه‌لی) گه‌یشتم ،به‌ڵام دوور له‌هونه‌ر و له‌به‌رگی پیرۆزی پێشمه‌رگایه‌تی و له ئه‌ركی به‌رپرسیارێتیدا دییه‌م ڕۆشن بۆوه پێی، زۆر خۆشحاڵ و شادمان بووم به‌دیداری شاد بووم، به‌ڵام دیداره‌كه‌مان كورت و بواری ئه‌وه نه‌ڕه‌خسا بكه‌ومه گفتوگۆ له‌گه‌ڵیدا، به‌هه‌رحاڵ له‌دوای ئه‌و دیداره‌ی ساڵی (1991) له‌شاری سلێمانی چه‌ندین جاری دیكه به‌خزمه‌تی گه‌یشتمه‌وه.
منداڵه ده‌نگخۆش و به‌هره‌مه‌نده‌كه‌ی تیپی مۆسیقای سلێمانی ( تۆفیق عه‌لی) كێیه؟!
له‌خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژار و زه‌حمه‌تكێشی شاری سلێمانی ، له‌گه‌ڕه‌كه دێرینه‌كه‌ی ( كانێسكان) له‌ساڵی (1962) (تۆفیق عه‌لی ئیسماعیل) چاوی به تاڵ و سوێریی و شیرینه‌ییه‌كانی ژیان هه‌ڵهێناوه، باوكی هونه‌رمه‌ند
( عه‌لی ئیسماعیل) پیشه‌ی ( چاودێری شاره‌وانی _ مراقب البلدیة) بووه، تۆفیق عه‌لی له‌خانه‌وه‌كه‌یدا
( سێ برا و سێ خوشك) بوون ، به‌داخه‌وه هه‌رسێ خوشكه‌كه‌ی كۆچی دوایی یان كردووه ( ڕۆحیان شاد و ئازیزانیان سه‌لامه‌ت بن) .
تۆفیق عه‌لی ، كۆستێكی ناخ هه‌ژێن به‌رۆكی ده‌گرێ له‌ته‌مه‌نی منداڵی‌دا به‌داخه‌وه‌له‌سۆزو ئامێز‌و خۆشه‌ویستی و میهره‌بانی دایك بێ به‌ش ده‌بێت و، دایكه ئازیزه‌كه‌ی بۆهه‌میشه به‌ره‌و دنیای فانی كۆچ ده‌كات ( گڵكۆكه‌ی چراخان بێت).
ده‌ركه‌وتنی هونه‌رمه‌ندێكی بچكۆله‌و خاوه‌نی ده‌نگێكی كاریگه‌ر..!
وانه‌ی نه‌شید و مامۆستای هونه‌ر و سروود، به‌رده‌وام كاریگه‌ریی دیاریان هه‌بووه له دۆزینه‌وه‌ی ده‌نگخۆش و خاوه‌ن به‌هره‌ی هونه‌ریی، به‌یانیانی ڕۆژانی پێنج شه‌ممه له‌گۆڕه‌پانی قوتابخانه، قوتابیان به‌گشتی و یان كۆڕی سروود و گۆرانی قوتابیان، سرووده‌كانی ( ئه‌ی ڕه‌قیب ، ئه‌ی دلێران ، خوایه وه‌ته‌ن ئاواكه‌ی ، براینه له‌خه‌وهه‌ڵسن ، ئه‌ی كوردینه ، چه‌ند شیرینه لام و واوه‌ته‌ن ) به‌ده‌نگی به‌رز ده‌خوێندران، ئاسمانی ئه‌و ناوه تژی ده‌بوو له ده‌نگی به‌سۆزی منداڵه چاوگه‌شه‌كان، ئه‌و سروودانه هه‌میشه هه‌ستی قوتابیانیان جۆش ده‌دا و نیشتمان و نه‌ته‌وه‌كه‌یان خۆش بووێت.
تۆفیق عه‌لی یه‌كێك بووه له قوتابییه‌كانی قوتابخانه‌ی ( گۆران) له‌كانێسكان، هه‌روه‌ها یه‌كێك بووه له‌و قوتابییه ده‌نگخۆشانه‌ی كه هه‌ست و هۆشیی به‌و سرووده نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیانه و ده‌نگ و هونه‌ریی به‌رزی هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( حه‌سه‌ن زیره‌ك1921_26/6/1972) ، (محه‌مه‌دی ماملێ1925_23/1/1999) و (سه‌لاح داوده1941_8/5/2009) و (عه‌لی مه‌ردان1904_ 24/7/1981) و....تاد) ئاودراوه، ده‌بێت ئه‌و مامۆستا ئازیزه دووڕ ناسه كێ بێ ئه‌و ده‌نگه‌ی له‌نێوان كۆمه‌ڵێك قوتابی له‌پۆلدا دۆزیوه‌ته‌وه و پاڵپشتی بوو ..؟!
هونه‌رمه‌ند و مامۆستا و ئه‌ندامی دێرینی تیپی مۆسیقای سلێمانی ( خالید سه‌ركار) لاپه‌ڕه جوانه‌كانی دوێنێی ژیانی خۆی هه‌ڵده‌داته‌وه‌و به‌و چیرۆكه‌مان ئاشنا ده‌كات كه تۆفیق عه‌لی به‌هره‌مه‌ندی تێدا دۆزیوه‌ته‌وه ،
( وانه‌ی مۆسیقام ده‌وته‌وه، هه‌رله‌و قوتابخانه‌یه‌ی كانێسكان گۆرانیی منداڵانم فێر ده‌ركردن، ماوه‌یه‌ك كه‌مانچه‌كه‌م داده‌نا و عه‌زفم نه‌ده‌كرد، گوێم لێده‌گرتن ، بزانم كێ نه‌شازده‌كات،كێ ده‌نگی نزمه ، كێ ده‌نگی به‌رزه، سه‌یرم كرد له‌ناویاندا ده‌نگێكی تێدایه له‌ده‌نگه‌كانی تر ناچێت ، زۆر گڕه، ده‌نگی گڕ لای منداڵ زۆر شتێكی غه‌ریبه ، منداڵ به‌شێوه‌ی سروشتیی خۆی ده‌نگی تیژه ،ئه‌و منداڵه كامه‌یه؟ نه‌مده‌زانی ، ناچار چیم كرد، منداڵه‌كان سێ ڕیز بوون وتم ئاده‌ی ئه‌م دوو ڕیزه نه‌یڵێت بائه‌م ڕیزه بیڵێ ، خۆم به‌كه‌مانچه‌كه بۆم عه‌زف ده‌كردن ، سه‌یرده‌كه‌م ئه‌و ده‌نگه‌ی تێدانییه ، دوایی ڕیزی ئه‌ولا بیڵێ ، باناوه‌ڕاست نه‌یڵێ، كه‌وتیان سه‌یرده‌كه‌م ئه‌و ده‌نگه‌ی تێدانییه ، بائه‌و دووڕیزه نه‌یڵێ ، باڕیزی ناوه‌ڕاست بیڵێ ، كه‌ناوه‌ڕاست وتی دۆزیمه‌وه و ده‌نگه‌كه‌ی تێدا بوو، ئه‌ی خوایه له‌م ناوه‌ڕاسته‌دا ده‌نگه‌كه كامیانه ؟ له‌سه‌ر چ ڕه‌حله‌یه‌ك دانیشتووه؟ به‌عه‌زفه‌وه به‌سه‌ریاندا گه‌ڕام تادۆزیمه‌وه ، منداڵێكی سپیكه‌له ز زه‌رده‌ڵه‌ی تێكه‌ڵ له‌نه‌خۆش ده‌چوو، بچكۆلانه دانیشتبوو، ئه‌و حه‌له زانیم ئه‌مه‌یه، وتم وه‌ره ده‌ره‌وه، خه‌ریك بوو ده‌گریا ،وتم وه‌ره ده‌ره‌وه له‌وێ بوه‌سته، وتم بۆم بڵێ، نه‌یووت و شه‌رمی ده‌كرد، ناچار چوارپێنج منداڵی تریشم بۆ ده‌رهێنا ، وتم ده‌ی به‌یه‌كه‌وه بیڵێن، به‌یه‌كه‌وه وتیان سه‌یرده‌كه‌م جوانی ده‌ڵێت ، ئینجا وتم به‌ته‌نیا بۆم بڵێ ، به‌ته‌نیا بۆی وتم زۆر جوانی ووت)(1) .
هونه‌رمه‌ند تۆفیق عه‌لی دوای نیوسه‌ده لاپه‌ڕه شیرینه‌كانی ئه‌و ڕۆژگاره هه‌ڵده‌داته‌وه پێمان ده‌ڵێت دۆزینه‌وه‌ی ده‌نگی من له‌لایه‌ن مامۆستایه‌كه‌وه بووه و هه‌رئه‌و مامۆستا به‌ڕێزه ناساندمی به تیپی مۆسیقای سلێمانی ( نه‌شیدی خوایه‌وه وه‌ته‌ن ئاواكه‌ی مان له‌پۆلدا ئه‌ووت، مامۆستا خالید ئه‌گه‌ڕا به‌دوای ده‌نگێكدا و وتی ئه‌بێ بزانم كێیه ئه‌و ده‌نگه ؟! من له‌ڕیزی ناوه‌ڕاستدا بووم له‌پۆلی سێی سه‌ره‌تایی ، مامۆستا خالید منی دۆزییه‌وه و وتی : ئه‌وه تۆیت هه‌سته ئاده‌ی گۆرانیه‌كم بۆبڵێ ، لێره‌وه ژیانی هونه‌ریی من ده‌ستی پێكرد) (2) .
مامۆستا خالید سه‌ركار له یاده‌وه‌رییه‌كانیدا ئاماژه به‌پۆلی دووی سه‌ره‌تایی ده‌دات، هونه‌رمه‌ند تۆفیق عه‌لی ئاماژه به‌پۆلی سێیه‌می سه‌ره‌تایی ، له‌ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه په‌یوه‌ندیم به‌هونه‌رمه‌ند تۆفیق عه‌لی یه‌وه كرد، بۆ ڕاستی قۆناغه‌كه، پێی ڕاگه‌یاندم ( له‌گه‌ڵ ڕێز‌و حورمه‌تم بۆ مامۆستا و مامی ئازیزم مامۆستا خالید سه‌ركار ، زۆرباشم له‌یاده كه ئه‌و ڕۆژه‌ی مامۆستا خالید ده‌نگی منی دۆزییه‌وه، من له‌پۆلی سێیه‌می سه‌ره‌تایی له‌قوتابخانه‌ی گۆران بووم، چونكه بیری منداڵی تیژه، با فه‌رمایشته‌كه‌ی مامۆستا خالید بێ چونكه من شانازیی به‌به‌ڕێزییان و هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای سلێمانی یه‌وه ده‌كه‌م) (3) .
تۆفیق عه‌لی له پۆلی قوتابخانه‌وه بۆ ناو تیپی مۆسیقا..!
دوای دۆزینه‌وه‌ی به‌هره‌ی ده‌نگی خۆشیی له منداڵێكی هه‌ژاری بێ ناز له‌سۆزی دایك له‌لایه‌ن مامۆستا خالید سه‌ركاره‌وه و ده‌نگ و توانا هونه‌رییه‌كه‌ی له‌لاپه‌سه‌ند ده‌بێت، به‌مه‌به‌ستی گرنگی پێدان و ئاشناكردنی به‌دنیای مۆسیقا، مامۆستا خالید سه‌ركار ، ئه‌و منداڵه ده‌نگخۆشه خاوه‌ن به‌هره‌یه له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات بۆ باره‌گای تیپی مۆسیقای سلێمانی، له‌وسه‌ر‌ده‌مه‌دا باره‌گای تیپ و ستۆدیۆی تیپی مۆسیقای سلێمانی له‌ناو بینای ( تۆفیق قه‌زاز) له‌خوار مزگه‌وتی گه‌وره‌و له‌سه‌ر( شه‌قامی تازه‌ی ئه‌وساو شه‌قامی مه‌وله‌وی ئێستا ده‌بێت( ئێواران ده‌چووین بۆتیپی مۆسیقای سلێمانی له‌وێ كارمان ده‌كرد، كه‌چووم بۆم باسكردن وتم منداڵێكی وام ئاماده‌كردووه، وتیان بۆنایهێنی با ئیشی منداڵیش بكه‌ین ، بردم بۆتیپی مۆسیقای سلێمانی و پێمان ووت ئاده‌ی بچكۆل چی ده‌زانی؟ ورده ورده جورئه‌تی هاته‌به‌ر، گۆرانیه‌كی هونه‌رمه‌ند( سه‌لاح داوده) ی بۆمان وت ( ڕاوه‌ستاوه له‌وبانه ده‌ستی له‌كه‌مه‌ر ناوه) زۆر خۆشیی ده‌وت، منداڵێكی بچكۆله گۆرانی گه‌وران بڵێ، لامان سه‌یربوو خستمانه پرۆگرامه‌وه، ئه‌و سه‌رده‌م كۆنسێرتمان ده‌كرد خه‌ڵكی سلێمانی بۆبینینی ده‌هاتن له‌ئاهه‌نگه‌كان له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه دیاری و خه‌ڵات بۆ تیپی ئێمه ده‌هات، دیارییه‌كان زیاتر كراس بوون، كراسی زۆر بۆ تۆفیق عه‌لی هات منیش بۆم كۆده‌كرده‌وه و بۆم ده‌برده‌وه بۆماڵه‌وه) (4).
ئه‌وه ده‌ستپێك و سه‌ره‌تای ئاشنابوونی هونه‌رمه‌ند تۆفیق عه‌لی یه به‌تیپی مۆسیقای سلێمانی و دنیای ئاواز‌و گۆرانی .
یه‌كه‌م ئاهه‌نگ و یه‌كه‌م گۆرانییه‌ك ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر شانۆ له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ردا هونه‌رمه‌ند تۆفیق عه‌لی خوێندوویه‌تی گۆرانی ( لایه لایه‌ت بۆده‌كه‌م) بووه ، ( به‌ڵێ یه‌كه‌م گۆرانی به‌شێوه‌ی زیندوو له‌سه‌ر شانۆی هۆڵی سانه‌وه‌ی ( صلاح ا‌لدین) ساڵی (1969 بۆ 1970) بوو، له‌وئاهه‌نگه‌دا برای هونه‌رمه‌ندم ( عه‌بدولقادر حه‌سه‌ن) ئه‌ویش به‌شداربوو، من گۆرانی ( لایه‌لایه‌ت بۆده‌كه‌م) گۆرانی هونه‌رمه‌ندی نه‌مر ( حه‌سه‌ن زیره‌ك 1921_26/6/1972) بوو خوێندم ) (5) .
دوای نیوسه‌ده تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر ئه‌و ئاهه‌نگه‌دا، مێژوویه‌كی درێژه په‌یوه‌ندیم كرد به‌هونه‌رمه‌ندی به‌ڕێز ( عه‌بدولقادر حه‌سه‌ن) به‌ومه‌به‌سته‌ی دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه خوێندنه‌وه‌ی بۆ تۆفیق عه‌لی هونه‌رمه‌ند چی بووه ؟ پێكه‌وه له‌و ئاهه‌نگه‌دا به‌شداربوون ( هونه‌رمه‌ند و هاوڕێی دێرینم تۆفیق عه‌لی، یەکێک بوو لەو هونه‌رمه‌نده‌ی کە دەنگێکی منداڵ وناسک وچاکی
هەبوو له‌و كاته‌دا، بەڵام لە هونەردا گەورە دەرکەوت ،توانی لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی دا به‌شێوه‌یه‌كی جوان و ڕەسەن لە خزمەت گۆرانی و هونه‌ری كوردی ده‌ركه‌وێت) (6).
هونه‌رمه‌ند تۆفیق عه‌لی ، له‌كاری هونه‌ریی به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی مامۆستایانی هونه‌رمه‌ند ( ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داخی و خالید سه‌ركار) و هه‌موو ئه‌ندامانی تیپی مۆسیقای سلێمانی، ڕۆژ به‌ڕۆژ سه‌ركه‌وتوو تر و له‌ناو جه‌ماوه‌ردا خۆشه‌ویستر ده‌بێت ، له‌هه‌مان كاتیش‌دا له‌خوێندنیش به‌رده‌وام و له‌ڕیزی پێشه‌وه‌دا بووه، به‌ڵام گله‌یی و ڕه‌خنه‌یه‌ك ئاراسته‌ی هونه‌رمه‌ند تۆفیق عه‌لی و هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای سلێمانی ده‌كرێت، ده‌بوو ئه‌و منداڵه له‌و ته‌مه‌نه‌دا توانا‌و به‌هره‌ی ده‌نگخۆشییه‌كه‌ی ته‌رخان بكرایه بۆ وتنی شیعری منداڵان و له‌جیهانی منداڵی دانه‌بڕێت، نه‌ك گۆرانی گه‌وره‌كان بڵێت، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند خالید سه‌ركار ده‌ڵێت ( ئه‌وسه‌رده‌مه ئێمه كه‌وتبووینه هه‌ڵه‌یه‌كی هونه‌ریی گه‌وره‌وه ، من باسی ده‌كه‌م هه‌ڵه‌كه چی بوو؟ یه‌كێك له‌په‌روه‌رده‌ی منداڵان لایه‌نی گۆرانییه،ئاخر دوای تۆفیق عه‌لی كورێكی دیكه‌ش هات ناوی ( خه‌سره‌و تۆفیق) بوو گۆرانییه‌كانی نازم غه‌زالی ده‌وته‌وه ، ئه‌میش لاسایی سه‌لاح داوده و ئه‌مانه‌ی ده‌كرده‌وه ، خۆشمان ئاوازمان بۆداده‌نا، له‌م دواییه ئاوازمان بۆتۆفیق عه‌لی دانا، هۆنراوه‌ی منداڵمان بۆ هێنا، ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی ئاوازی بۆ كرد، تائه‌وكاته ئه‌وه‌مان نه‌ده‌زانی ، وامانده‌زانی منداڵێك گۆرانی گه‌وره بڵێته‌وه زۆر گرنگه كه هی گه‌وره‌كانی ده‌وت ئه‌مه‌مان به‌پێشكه‌وتنی هونه‌ریی داده‌نا) (7).
به‌ڵام ده‌نگ و هونه‌ر و ئاواز‌و گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند تۆفیق عه‌لی به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری تیپی مۆسیقای سلێمانی له‌ناو جه‌ماوه‌ردا جێی گرتبوو، خه‌ڵك به‌تامه‌زرۆییه‌وه گوێبیستی به‌رهه‌مه‌كانی بوون، له‌و كاته‌شدا بڕواناكه‌م ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه له‌لای زۆر له جه‌ماوه‌ر جێی سه‌رنج بووبێت ؟! به‌ڵام هه‌رله‌و ڕوانگه‌یه‌وه نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس ( عه‌بدولی حه‌مه باقی) سه‌رنج و خوێندنه‌وه‌ی هه‌یه و پێمان ده‌ڵێت ( سه‌باره‌ت به‌ده‌نگی هونه‌رمه‌ند تۆفیق عه‌لی بۆ ئه‌و ته‌مه‌ن و كاته ده‌قی گۆرانییه‌كانی نه‌گونجاوون، به‌ڵام له‌ڕووی توانا‌و وه‌ستان و ئه‌دای چڕینه‌وه له‌بارو سه‌ركه‌وتوو بووه، ئه‌وێكی مێردمنداڵ ده‌كرا هۆنراوه‌ی ته‌مه‌ن و گونجاو تری بۆئاماده بكرایه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا بینه‌ر و هه‌واداری خۆی هه‌بوو) (8) .
هه‌ربه‌ته‌نیا هونه‌رمه‌ند تۆفیق عه‌لی نییه كه‌به‌و ده‌رده‌چووه‌و له جیهانه جوانه‌كه‌ی منداڵان بێ به‌ش بووه و ده‌نگی خۆشیی خراوه‌ته خزمه‌ت گۆرانی گه‌وره‌كانه‌وه، به‌ڵكو دواتر هونه‌رمه‌ندێكی دیكه به‌ناوی ( خه‌سره‌و ڕه‌فیق) ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه له‌دنیای جوانی منداڵ دابڕاوه، ئێستاش له موكریانه‌وه چریكه‌یه‌كی به‌سۆز له‌شاره جوانه‌كه‌ی موكریانه‌وه منداڵێكی شیرینی قه‌شه‌نگی ده‌نگخۆش به‌ناوی ( ژیار قوڕه‌یشی) له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای پایزه‌ی بۆكان ، كاری هونه‌ریی ئه‌نجام ده‌دات ئه‌ویش گۆرانی گه‌وره‌كان ده‌خوێنێ ..؟!.
هونه‌رمه‌ند تۆفیق عه‌لی و به‌رهه‌مه تۆماركراوه‌كانی له‌ته‌له‌فزیۆن..!
له‌گه‌ڵ په‌سه‌ندكردنی ده‌نگ و توانای گۆرانی خوێندنی له‌لایه‌ن مامۆستایان و هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای سلێمانی یه‌وه، تۆفیق عه‌لی به‌هره‌مه‌ند ده‌خرێته ناو پرۆگرامه‌كانی تیپ و گۆرانی بۆ دیاری و ئاماده‌ی ده‌كه‌ن، ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك یان زیاتر پرۆڤه‌ی پێده‌كه‌ن و دواتر تیپی مۆسیقای سلێمانی به خۆیان و كه‌شكۆڵه پڕ له‌هونه‌ریی ڕه‌سه‌ن ده‌چنه ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك به‌مه‌به‌ستی تۆماركردنی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانیان،
هونه‌رمه‌ند تۆفیق عه‌لی پێی ڕاگه‌یاندم ( یه‌كه‌م گۆرانی له ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك تۆمارم كرد، گۆرانی سۆیله باڵابه‌رز بوو، به‌شێوه‌ی زیندوو تۆماركرا) (9).
بۆئه‌وه‌ی زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ساڵ و شوێنی تۆماركردنی گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند تۆفیق عه‌لی به‌ده‌ست بێنم ، هانام برده به‌ر یاده‌وه‌رییه شیرینه‌كانی مامۆستا‌و هونه‌رمه‌ند( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی) ،( ساڵی 1971) له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك هه‌ندێك گۆرانیمان بۆ تۆفیق عه‌لی تۆماركرد، دواتر له‌ساڵی (1973) له‌ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا، به‌ڵام گۆرانییه تۆماركراوه‌كانی به‌غدا پله‌ی باك بوون) (10).
جیا له‌و گۆرانییانه‌ی له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك و به‌غدا
، هونه‌رمه‌ند تۆفیق عه‌لی به‌هاوكاری ده‌ست و په‌نجه‌ی زێڕینی هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای سلێمانی تۆماری كردوون ، به‌شداری له‌هه‌موو ئاهه‌نگ و یاد و بۆنه‌كان و میهره‌جانه‌كان له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی، له‌شاری سلێمانی و له‌هۆڵی (خولد) له‌شاری به‌غدا و شاری هه‌ولێر كردووه، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( (حه‌سه‌ن گه‌رمیانی 1945) ، (عوسمان عه‌لی 1944_21/6/2005) ، (شه‌هید قادركابان 1937_ 1/7/1981 ڕۆژی شه‌هیدكردنی) ، ( ساڵح كارگه‌چی 1934_ 28/9/1984) ، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ خاتوونێك به‌ناوی ( ڤیان ساڵه‌ح عه‌نبه‌ر) پێكه‌وه دوو قۆڵی گۆرانی خوێندووه، له‌و ئاهه‌نگانه‌ی به‌شداربووه هونه‌رمه‌ندان و گۆرانیبێژانی عه‌ره‌بیش به‌شدارییان هه‌بووه وه‌ك ( حسێن نعمه، فازیل عه‌واد) ، تۆفیق عه‌لی له‌باره‌ی ئه‌و ئاهه‌نگانه‌وه ده‌ڵێت( له‌یادمه له قاعه‌ی المسنتنصریه ، گۆرانیم گوتووه ، له‌و ئاهه‌نگه‌دا خانمه گۆرانیبێژی عه‌ره‌ب ( سه‌میره تۆفیق) به‌شداری كردووه) (11).
له‌هه‌گبه‌ی یاده‌وه‌رییه لێوان لێو له هونه‌ری مامۆستا‌و هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی دا ، بۆمان ده‌گێڕێته‌وه تۆفیق عه‌لی له‌ئاهه‌نگێكدا له‌شاری هه‌ولێر له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره و ناوداری نه‌ته‌وه‌كه‌مان به‌شداربووه ( ئێمه وه‌ك تیپی مۆسیقای سلێمانی بەشداربووین لە کۆنگرەی یەکەمی یەکێتی نووسەرانی کورد لە هەولێر لە هۆڵی گەل ساڵی (1971) هونه‌رمه‌ندانی به‌شداربوو (حەمەی نێرگز 1944_ 23/9/2013 ) (عوسمان عەلی) (ته‌حسین تەها25/10/1941_28/5/1995) و (فوئاد ئه‌حمه‌د1932_17/8/2004) و ( تۆفیق عەلی 1962) (12) . هونه‌رمه‌ند تۆفیق عه‌لی ئاماژه‌ی پێدا له‌وگه‌شته‌مان بۆ شاری هه‌ولێر و به‌شداریكردنمان له‌ئاهه‌نگی کۆنگرەی یەکەمی یەکێتی نووسەرانی کورد، دواتر میوانی ماڵی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند( باكووری 5/11/1928_2/11/2022) بووین.
به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند تۆفیق عه‌لی ،دوو گۆرانی زۆر به‌رجه‌سته‌ن و له‌ناو بیر و هه‌ستی گوێگراندا به‌زیندوێتی ماونه‌ته‌وه، گۆرانییه‌كان بریتین له ( سۆیله بالابه‌رزو خانباجی) به‌ڵام هونه‌رمه‌ند تۆفیق عه‌لی ئه‌و ڕاستییه ده‌دركێنێ و ئاماژه به گۆرانییه‌كانی ده‌كات( من ته‌نیا خاوه‌نی گۆرانی سۆیله باڵابه‌رزو خانباجی نیم ..! كۆمه‌ڵێك گۆرانی ترم هه‌یه ده‌توانم بڵێم نزیكه‌ی (11) گۆرانیم هه‌یه وه‌ك ( ڕاوه‌ستاوه له‌وبانه ، سۆیله باڵابه‌رز ، نه‌م دیوه نه‌مدیوه، خانمێ وادێ ، گۆرانی له‌یلی له‌یلی و لایه لایه، له‌ئاهه‌نگی هۆڵی خولد له‌شاری به‌غدا خوێندوومه، گۆرانی شیرین هه‌لامه و لانك لانكۆلێ له‌گه‌ڵ خاتوو ڤیان ساڵه‌ح عه‌نبه‌ر له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك خوێندوومانه ، ئه‌ی وه‌ی به‌له‌رزانه( ئه‌م گۆرانیه ئاوازه‌كه‌ی هی خانمه هونه‌رمه‌ند فه‌تانه‌ی وه‌لیدی یه ، مامۆستا خالید سه‌ركار وتی ئه‌بێ ئه‌م گۆرانییه بلێی به‌ده‌نگی تۆ خۆشه) و هه‌روه‌ها گۆرانی خانباجی ، ئاواز‌و هۆنراوه‌كه‌ی فۆلكلۆره، ئه‌م گۆرانییه ئاماده‌و دابه‌شكردنی هه‌ردوو مامۆستا و هونه‌رمه‌ندی ئازیز( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی و خالید سه‌ركار) بوو، كۆتا گۆرانیشم بوو ( خانباجی و خانمێ وادێ) له‌ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا تۆمارمان كرد، هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم كۆتا ئاهه‌نگیش له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی به‌شداریم كرد ، ئاهه‌نگێك بوو له‌هۆڵی ( مسته‌وفی) له‌شاری هه‌ولێر بوو) (13).
سه‌باره‌ت به‌كۆی گۆرانییه تۆماركراو وپه‌خشكراوه‌كانی هونه‌رمه‌ند تۆفیق عه‌لی له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك ، به‌ڕێز ( هاشم جه‌باری) له‌كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه به ( 9) گۆرانی ده‌دات، كه‌له‌ڕێگه‌ی شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوكه‌وه په‌خش كراوه(14).
له‌دوای تۆماركردنی ئه‌و به‌رهه‌مه هونه‌رییانه له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی ، ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌و حكومه‌تی عێراقی له‌به‌هاری (1974) زۆربه‌ی زۆری ئه‌ندامانی تیپی مۆسیقای سلێمانی ڕووده‌كه‌نه شاخ و ده‌بنه پێشمه‌رگه ، له‌ژێر سایه‌ی تیپی مۆسیقای شۆڕش وه‌ك هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه خزمه‌ت به‌گه‌ل و نیشتمان و شۆڕشی نه‌ته‌وه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، له‌و كاته‌دا هونه‌رمه‌ند تۆفیق عه‌لی ته‌مه‌نی (12) به‌هارده‌بێت ، باوك و براكانی ئه‌وانیش له‌پاڵ به‌ره‌ی شۆڕشی نه‌ته‌وه‌كه‌یان دا ده‌بن، ئه‌ویش له‌پێناو دابینكردنی بژێوی ژیانی خۆیی و باجییه‌كه‌ی ئه‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ، له‌به‌ر ئه‌وه ناتوانێ ماڵ به‌جێبهێڵێ و له‌گه‌ڵ تیپه ئازیزه‌كه‌یدا بڕواته شاخ، ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌ك ده‌بێت بۆ دابڕانی له دنیای هونه‌ر..!.
له‌دوای نسكۆی ساڵی (1975) به‌دواوه له‌شاری سلێمانی به‌تایبه‌ت ساڵی (1976_1977) چه‌ند مامۆستایه‌كی به‌ڕێز و دڵسۆز‌و خه‌مخۆر بۆ هونه‌ریی مۆسیقا و گۆرانی كوردی ، مامۆستایانی وه‌ك ( عوسمان محه‌مه‌د ئه‌مین، دلێر ئیبراهیم ، صه‌لاح ڕه‌ووف و نامدار قه‌ره‌داخی) چه‌ند تیپێكی مۆسیقا یان بۆ فێربوونی منداڵان دامه‌زراندو چه‌ندین چالاكی هونه‌رییان ئه‌نجامداوه، له و ڕوانگه‌یه‌وه‌له هونه‌رمه‌ند تۆفیق عه‌لی یم پرسیی ، دوای دابڕانت له‌تیپی مۆسیقای سلێمانی ، له‌و ساڵانه‌دا ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزانه و ئه‌و تیپه مۆسیقی یه منداڵانه بوونیان هه‌بووه ، ئایا هیچ یه‌ك له‌و تیپ و مامۆستا‌و هونه‌رمه‌ندانه پێوه‌ندییان پێوه‌نه‌كردیت تا جارێكی دیكه بگه‌ڕێته‌وه ناو دنیا جوانه‌كه‌ی هونه‌ر و به‌رده‌وامی بده‌یت به‌هونه‌ره‌كه‌تان ؟
پێی ڕاگه‌یاندم : به‌داخه‌وه هیچ یه‌كێك له‌و مامۆستا و تیپه مۆسیقی یانه په‌یوه‌ندییان پێوه نه‌كردم ..؟!
له‌وانه‌یه به‌شێك هۆكاره‌كه‌شی خودی هونه‌رمه‌ند خۆی بووبێت نه‌یویستووه جارێكی دیكه بگه‌ڕێته‌وه سه‌رشانۆ؟! به‌ڵام داخه‌كه‌م چی له‌نه‌داری و هه‌ژاری ده‌كه‌یت ،كار و دابینكردنی بژێوی ژیان ڕاپێچی ده‌كات و هێزو ووزه‌ی جه‌سته‌ی ڕۆژانه‌ی لێده‌سێنێ و له‌هونه‌ری داده‌بڕێت.
دوای چه‌ندین ساڵ دابڕان له‌هونه‌ری گۆرانیبێژی ، ده‌بێت هه‌ست و حه‌زوو ئاره‌زووی بۆ هونه‌ر چۆن بێت ؟ هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌ی بۆ تیپی مۆسیقای سلێمانی دوای ئه‌و مێژووه ده‌بێت چی بێ؟
ماوه‌ی زیاترله چل ساڵ ده‌بێت له‌هونه‌ر دابڕاوم، ئێستاش له‌م ته‌مه‌نه‌دا حه‌زم له‌هونه‌ره به‌گشتی و به‌تایبه‌تی مۆسیقا و گۆرانی ، كاری هونه‌ریی جوان و ڕه‌سه‌ن هه‌ست و هۆشم ده‌بزوێنێ ، گوێی مۆسیقیم زۆرباشه، حه‌زم له‌مه‌قامه و مه‌قامه‌كانیش ده‌ناسم ، هونه‌ر له‌ڕۆح گیانمدایه ناتوانم لێی دووربكه‌ومه‌وه ، شانازی به‌وڕۆژانه‌وه ده‌كه‌م وه‌ك گۆرانیبێژێك خزمه‌تم به‌هونه‌ریی مۆسیقا و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌م كردووه، زۆر جار پرسیاری ئه‌وه‌م لێده‌كه‌ن بۆ ئێستا ناگه‌ڕێته‌وه بۆ هونه‌ری گۆرانی خوێندن ، ئه‌وه پرسیارێكی قورسه ، له‌وه‌ڵامدا ئه‌ڵێم هه‌ركاتێك تێكستێكی جوان و میلۆدییه‌كی خۆش له‌گه‌ڵ گه‌روومدا بگونجێ و ده‌نگم له‌بار بێت و هاوكارم بێت له‌وانه‌یه بڕیار بده‌م به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم دوای چه‌ند ماوه بۆ پرۆڤه‌كردن ده‌نگم له‌بار ده‌بێت بۆئه‌وه‌ی بتوانم جارێكی دیكه بێمه‌وه دنیا شیرینه‌كه‌ی هونه‌ر و گۆرانی بڵێم ..! به‌ڵام له‌هه‌موو كاتێكدا وابیر ده‌كه‌مه‌وه‌كه گۆرانی نه‌ڵێم ، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه جوانه‌ی له‌ته‌مه‌نی منداڵی‌دا نه‌خشاندوومه، نه‌یشێوێنم و به‌جوانی بیهێڵمه‌وه و گۆرانییه‌كانم ناشیرین نه‌كه‌م ، چونكه ئه‌و گۆرانیانه مۆڵكی من نین .؟! به‌ڵكو موڵكی تیپی مۆسیقای سلێمانی و شاری سلێمانی و مێژووی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌مه، به‌ڵام من تۆفیق عه‌لیی یم و شانازی به‌وه‌وه ده‌كه‌م من وه‌ك گۆرانیبێژێك ناسراوم له‌ناو گه‌له‌كه‌مدا.
سه‌باره‌ت به‌تیپی مۆسیقای سلێمانی چی ده‌ڵێیت..!
هه‌میشه شانازی به‌و تیپه جوانه‌ی كوردستانه‌وه ده‌كه‌م ، تیپی مۆسیقای سلێمانی بۆئه‌و سه‌رده‌مه‌و ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت، یه‌كێكه له‌شاكاره جوانه‌كانی كوردستان و شاری سلێمانی ، به‌شانازییه‌وه ئه‌یڵێم موباله‌غه نییه هه‌موو تیپه مۆسیقیه‌كانی شاره‌كانی تری كوردستان ئه‌و گه‌واهییه ده‌ده‌ن ، تیپی مۆسیقای سلێمانی تیپێكی ناوازه‌یه‌و و له‌سه‌رده‌ستی كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی مۆسیقی گه‌نج و پسپۆر و شاره‌زا له‌بواری ئاوازی كوردی ، من شانازی به‌خۆمه‌وه ده‌كه‌م تا له‌ژیاندابم شانازی به‌تیپی مۆسیقای سلێمانی یه‌وه ده‌كه‌م و هه‌رئه‌ندامه‌دێرینه‌كه‌ی تیپی مۆسیقای سلێمانیم.
تۆفیق عه‌لی منداڵی ده‌نگخۆش (51) ساڵ له‌ومه‌به‌ر له‌دیدارێكی بۆ گۆڤاری (ئه‌ستێره) به‌وشێوه‌یه ئاواتی خواستووه( ئاواتم ئه‌وه‌یه هه‌موو ساڵێك به‌یه‌كه‌م ده‌رچم و هونه‌ری كوردی هه‌میشه له‌گه‌شه كردنابێ و به‌ره‌و پێشه‌وه و تیپه‌كه‌شمان له‌سه‌ركه‌وتنا بێ بۆ خزمه‌تكردنی هونه‌ری كوردی (15). هونه‌رمه‌ند ئه‌و حه‌زو ئاواته‌ی له‌عه‌شقێكی پاك و بێگه‌رده‌وه بۆ هونه‌ر و تیپی مۆسیقای سلێمانی سه‌رچاوه‌ی گرتووه .
هونه‌رمه‌ند تۆفیق عه‌لی دوای چه‌ند ساڵێك وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆشیی بواری چڕینی گۆرانی له‌ناو تیپی مۆسیقای سلێمانی خزمه‌تی كرد، له‌ته‌مه‌نی (20) ساڵیدا (1982) به‌رگی پیرۆزی پێشمه‌رگایه‌تی ده‌پۆشێ و ده‌بێته پێشمه‌رگه، لێره‌شدا پرسیارێك سه‌رهه‌ڵده‌دا، له‌شاخیش وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌مه‌ته‌رێزی به‌رگری له خاك و نیشتمان تێكۆشاوه و خه‌باتی كردووه، له‌ناو شۆڕشیدا تیپ و كۆڕی مۆسیقای به‌رگری هه‌بووه، چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری به‌توانا به‌سروود و گۆرانی خزمه‌تیان كردووه، له‌م قۆناغه‌شدا ده‌نگ و هونه‌ریی تۆفیق عه‌لی بێده‌نگه ؟!.
هونه‌رمه‌ند تۆفیق عه‌لی خاوه‌نی بڕوانه‌ی ( به‌كالۆریۆس) ه ده‌رچووی به‌شی ڕاگه‌یاندنه ، ژیانی هاوبه‌شیی پێكهیناوه‌و به‌روبوومی ئه‌و ژیانه هاوبه‌شییه په‌روه‌ردگار (5) منداڵی پێ به‌خشیون به‌ناوه‌كانی ( هه‌رێم ، هه‌رێز، هه‌ڵوێست ، هیران و هۆزان) .
ئێستاش هونه‌رمه‌ند له‌شاری سلێمانی نیشته‌جێ یه‌و ، ئه‌فسه‌ره به‌پله‌ی ( عه‌مید) له‌هێزه‌كانی ئاسایش، وه‌ك خۆی هه‌میشه ده‌ڵێت ( شانازی به‌هونه‌ر و پێشمه‌رگایه‌تی و ئاسایشه‌وه‌ده‌كه‌م ، چونكه هه‌رهه‌موویان بۆ خزمه‌تی گه‌له‌كه‌م كردوومه و سه‌ربه‌رز و به‌خته‌وه‌رم به‌ڕابردووم) .
هیوای ته‌مه‌نداری و ژیانێكی پڕ ته‌ندروست و ئارمیی بۆ ده‌خوازم .
جه‌مالی ده‌لاك 5/7/2023 هه‌ولێر.
سه‌رچاوه:
(1 و 4 و7 ) كتێبی خالید سه‌ركار ، هونه‌رمه‌ندێك له‌ڕه‌سه‌نایه‌تی گه‌ڕا...له‌پێناو هونه‌ره‌كه‌شیی ماندووبوونی نه‌زانی ، هه‌ڤپه‌یڤین ( ئازاد عه‌بدولواحید) لاپه‌ڕه ( 32).
(2 و 11 و 13) تۆفیق عه‌لی منداڵێك له‌هه‌ناوی ڕه‌سه‌نایه‌تی ، به‌رنامه‌ی كارلێك ، ئاماده‌و پێشكه‌شكردنی ( به‌رزان كه‌ریم ) كه‌ناڵی ئاسمانی كوردسات ، یوتوب (6/4/2016).
(3 و5 و 9) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند( تۆفیق عه‌لی ) ڕۆژی دووشه‌ممه (3/7/2023) ( هه‌ولێر _سلێمانی) .
(6) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی ( واتس‌اپ) له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند( عه‌بدولقادر حه‌سه‌ن) ڕۆژی دووشه‌ممه (3/7/2023)
( هه‌ولێر _سلێمانی) .
(8) په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس ( عه‌بدولی حه‌مه باقی) ( ماسنجه‌ر) یه‌كشه‌ممه 2/7/2023 ، ( هه‌ولێر_ سلێمانی).
(10) په‌یوه‌ندی له‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه به هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داخی) ڕۆژی دووشه‌ممه (3/7/2023) ( هه‌ولێر _سلێمانی) .
(12) لاپه‌ڕه‌ی فه‌یسبوكی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی .
(14) كتێبی مێژووی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركووك (1967_1999) هاشم جه‌باری ، لاپه‌ڕه( 70).
(15) گۆڤاری ( ئه‌ستێره) پاشكۆی ڕۆژی كوردستان ، گۆڤارێكی منداڵانه ، مانگی جارێك له‌سلێمانی ده‌رده‌چێ، ژماره یه‌كی ساڵی یه‌ك 1972 زاینی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.