كه‌سایه‌تیه‌ك كه لای زۆربه‌مان ئاشنایه و ماوه‌یه‌كه دووره له‌كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن ،دوای پیوه‌ندی پێوه‌كردن و پرسین له‌باری ته‌ندروستی ، به‌داخه‌وه به‌هۆی ( جه‌ڵته‌ی دڵه‌وه) له كاری هونه‌ریی دوور كه‌وتۆته‌وه، منیش به‌پێویستم زانی دیدارێك له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سایه‌تیه خۆشه‌ویست و زمانشیرین و میهره‌بانه هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و پێشكه‌شكاری به‌توانا و ده‌نگخۆش كاك حسێنی ڕه‌هبه‌ر سازبكه‌م و كورته‌یه‌ك له‌سه‌ر ژیانی هونه‌ری خۆیی و خوێندنه‌وه‌ی بۆ هونه‌رمه‌ندو بلیمه‌تی نه‌مر حه‌سه‌ن زیره‌ك، به خوێنه‌ران ئاشنا بكه‌م.
نەتەوەكەمان لێوان لێوە لەكەسانی بەهرەمەند و هونەرمەند و دەست و پەنجەڕەنگین و ڕۆشنبیر و نیشتمان پەروەر ،هەریەكیان لەبوارەكانی خۆیاندا خزمەتی زۆرییان بە نەتەوەكەیان كردووە ، بەڵام بەداخەوە بەهۆی هەندێك هۆكارەوە فەرامۆش كراون و یادیان لێناكرێته‌وه ، لەم هەل و مەرجەی ئێستادا ڕاگەیاندن ڕۆڵێكی بەرچاو دەبینیت لەژیانی ڕۆژانەماندا ، بەداخەوە زۆر خۆی لەقەرەی ئەومرۆڤانەنادات ڕۆژانێك بووە هەموو ژیانیان بۆ خزمەتكردن بەفەرهەنگ و كلتوور و هونەری نەتەوەكەیان تەرخانكردووە .
یەكێك لەو كەسایەتیانەی كە مێژوویەكە ژیانی خۆی لەبواری ڕاگەیاندن و كاری هونەریدا تەرخان كردووە و جێ دەستی دیار‌و بەرچاوە و بەڵام پەراوێزخراوە ، ئەو كەسایەتیە هونەرمەندو پێشكەشكاری سەركەوتوو بەڕێز ( حسێنی ڕەهبەر) ە.
دوای ئەو ماوە زۆره‌ی دووركه‌وتۆته‌وه لەدنیای ڕاگەیاندن و بواری پێشكەشكاری بەپێویستم زانی بەچەندپرسیارێك هونه‌رمه‌ند حسێنی ڕەهبەر بدوێنم ویادێك له‌یاده‌وه‌رییه‌كانی دوێنێ هونه‌رمه‌ند بكه‌ینه‌وه، بەسوپاسێكی زۆرەوە زۆر به‌میهره‌بانییه‌وه وەڵامی داینەوەو هەندێ زانیاری پێ بەخشین.
به‌رله‌وه‌ی بچینه لای پرسیار و وه‌ڵامه‌كان ، بابزانین حسێنی ڕه‌هبه‌ر كێیه؟
هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆش و ژه‌نیارێكی به‌توانا و ڕاگه‌یاندنكارێكی سه‌ركه‌وتوو، له‌ساڵی (1952) له‌شاره جوانه‌كه‌ی ( مه‌هاباد) لانكه‌ی گه‌وره هونه‌رمه‌ندان و وێژه‌و هه‌ڵبه‌ست و شاره‌كه‌ی پێشه‌وای نه‌مر له‌دایكبووه، له‌وشاره‌دا خراوه‌ته قوتابخانه و تا به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی ( دبلۆم) به‌رده‌وامی داوه به‌خوێندن، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌به‌ر عه‌شق و خۆشه‌ویستی بۆ دنیای هونه‌ر و كاری ڕاگه‌یاندن نه‌یتوانیوه بڕوانامه‌ی ( دبلۆم _ ئاماده‌یی ) به‌ده‌ست بێنێ ، واته هونه‌رمه‌ند خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ( ناوه‌ندی ) یه.
له‌قۆناغی خوێندن حسێنی ڕه‌هبه‌ر به گۆرانی گوتن هاتۆته ناو دنیای هونه‌ری گۆرانی و مۆسیقای كوردی یه‌وه، چونكه خاوه‌نی ده‌نگێكی خۆش بووه، له‌هه‌موو چالاكییه‌كانی قوتابخانه‌كه‌ی به‌شداری كردووه،
( ده‌ستپێكی كاری هونه‌ریم به گۆرانی گوتن بوو، ده‌نگم زۆر خۆش‌بوو و زۆر هانیان ده‌دام و له‌هه‌موو ئاهه‌نگ و چالاكییه‌كانی قوتابخانه‌كه‌م به كوڕان و كچانیشه‌وه به‌گۆرانی خوێندن به‌شداریم هه‌بووه، له‌زۆر داوه‌ت و زه‌ماوه‌ند و كۆڕه‌كاندا ئاماده ده‌بووم ، به‌ڵام زۆرجار ڕێگریم لێده‌كرا ده‌یانووت منداڵه و نه‌یانده‌هێشت به‌شداربم، به‌تایبه‌ت له‌و ته‌مه‌نه كه‌مه‌دا زۆر ئاره‌زووم بوو له‌ئاهه‌نگی گه‌وره هونه‌رمه‌نده‌كانی مه‌هاباد دا به‌شداریم بكردایه،چونكه زۆر حه‌زوو خولیام گۆرانی مۆسیقا بوو متمانه‌شم به‌خۆم هه‌بوو، به‌ڵام دیسانه‌وه له‌وێش ڕێگریم لێده‌كرا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نه‌كه‌م ڕێگه‌ی نه‌ده‌دا ) (1).
هونه‌رمه‌ند حسێنی ڕه‌هبه‌ر ته‌مه‌نی ده‌گاته (14 بۆ 15) به‌هاری ژیان واته ساڵی ( 1966 _1967) حه‌زو ئاره‌زووی بۆ مۆسیقا و ژه‌نینی ئامێری زه‌ڕب ده‌بێت ( له‌بیرمه كاتێك ده‌ستم كرد به ( زه‌ڕب ) لێدان، نه‌ته‌نیا خه‌ڵك به‌شێوه‌یه‌كی نائاسایی هه‌ڵس و كه‌وتی له‌گه‌ڵ ده‌كردم ، ته‌نانه‌ت ماڵه خۆمانیش ڕازی نه‌بوون و به‌ڕاستی پێیان عه‌یب بوو كه‌من ته‌پڵی لێده‌ده‌م) (2).
دواتر هونه‌رمه‌ند حسێنی ڕه‌هبه‌ر له‌ڕێی هونه‌رمه‌ندی فره هونه‌ر ( سه‌یدڕه‌حیمی قوڕه‌یشی 1930_ 8/6/1991) به‌شداری چالاكی هونه‌ریی له ته‌له‌فزیۆنی ورمێ دا ده‌كات، وه‌له‌گه‌ڵ به‌شێك له گه‌نج و لاوه‌كانی شاری مه‌هاباد به‌شداری كاری هونه‌ریی كردووه له‌سه‌ر شانۆ به‌زمانی فارسی.
له‌ساڵی (1971) ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن له‌شاری مه‌هاباد داده‌مه‌زرێت، هونه‌رمه‌ند سه‌یدڕه‌حیمی قوڕه‌یشی سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، هونه‌رمه‌ند حسێنی ڕه‌هبه‌ر ده‌چێته ڕادیۆ و به‌شداری به‌رنامه‌كانی ڕادیۆی ناوبراو ده‌كات به‌تایبه‌ت به‌رنامه‌ی ( چیرۆكی شه‌و) ، له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌ڕێزانه (هونه‌رمه‌ند و بێژه‌رو پێشكه‌شكار سه‌ید ڕه‌حیمی قوڕه‌یشی ، په‌رته‌ویان ، ڕه‌حیمی ئیعزازی ، حوسێنی كهفاشیی ، به‌همه‌نی مه‌تلوب ، عه‌لی خزری ، حه‌سه‌ن شه‌ریفی ، ستاره چیتیان و بیوك خانباغی).
هونه‌رمه‌ند خۆی كه‌سێكی به‌توانا بووه و حه‌زو ئاره‌زوو عه‌شقێكی گه‌وره‌ی هه‌بووه بۆ هونه‌ر و شاره‌زای له ناسینی مه‌قامه‌كان و ، له‌پاڵ كاری نواندن و ده‌نگخۆشیی و كاری ژه‌نینی زه‌ڕب، هه‌وڵی داوه و هه‌نگاوی هه‌ڵگرتووه بۆ فێربوونی ژه‌نینی ئامێری ( تار) دوای ئه‌وه‌ی به‌باشی فێری ژه‌نینی ئامێری تار بووه، هه‌وڵی زیاتری داوه بۆ ژه‌نینی ئامێره ژێداره‌كان.
هونه‌رمه‌ند حسێنی ڕه‌هبه‌ر ، له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ، ژیانی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ خاتوو ( په‌ری ) پێكهێناوه و خاوه‌نی (6) شه‌ش جگهرگۆشهن و ماوه‌ی (31) ساڵه ، واته ساڵی (1992) زێد و شارهشیرینهكهی ( مه‌هاباد) ی به‌جێهێشتووه و له‌تاراوگه له‌وڵاتی ( فینلاند) ده‌ژی.
بابچینه لای پرسیار و وه‌ڵامه‌كان و بابزانین هونه‌رمه‌ند حسێنی ڕه‌هبه‌ر چۆن ده‌رباره‌ی ژیان و كارههونهرییهكانی بۆمان ده‌دوێت:
پرسیار / بەڕێزتان وەك ژەنیار و پێشكەشكارێكی سەركەوتوو ناسراون، وەئەوەی منیش ئاگاداربم دەنگیشتان خۆشە ! ئایا لەو بوارانەدا لەكامیاندا سەركەوتووبوون و درێژەتان بەكام لەوبوارانە دا ؟ حەزدەكەیت بەكامیان زیاتر بناسرێیت ؟
هونه‌رمه‌ند حسێنی ڕەهبەر : ئەو هەڵسەنگاندنە بۆ خۆم زۆر زەحمەتە ئەوە خەڵكە بڕیار دەدات ، بەڵام وەك خۆم هەموو ئەوانەم بۆ خزمەت بەكارهێناوە كەهەرچی زیاتر بتوانم خزمەتی نەتەوەكەم بكەم ،من هیچ جیاوازییەك لەبوارەكانمدا نابینم لەبەر ئەوەی هەموو ئەو بوارانە بۆخزمەت بە فەرهەنگ و كەلتوور و هونەری نەتەوەكەم تەرخان كردووە .
پرسیار / تائەوكاتەی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان درێژەتان بەژیان دابوو ، بەڕێزتان وەك ژەنیاری ئامێری (تار) لەگەڵ گەورە هونەرمەندی موكریان كاك ( محەمەدی ماملێ 1925_23/1/1991 ) یادی بەخێر دەركەوتوون و كاری هونەرییتان ئەنجامداوە ، دەكرێت بۆ خوێنەرانی ڕوون بكەیتەوە ماوەی چەند ساڵ كارتان لەگەڵ هونەرمەند محەمەدی ماملێ دا كردووە ؟
حسێنی ڕەهبەر : سەبارەت بەكاركردنم لەگەڵ كاك محەمەدی ماملێ ، بەداخەوە زۆر كەم بوو لەبەر ئەوەی كەلەكۆتاییەكانیدا بوو كە هیچ كەسێكی وەك ژەنیاری قەدیمی لەگەڵ دا نەمابوو، كاك محەمەد داوای لێكردم كەهاوكاری بكەم و منیش بەخۆشحاڵییەوە قەبوڵم كرد، ده‌توانم بڵێم له‌ساڵی (1987) تا هاتنم بۆ ئه‌وروپا ، واته بۆ ماوەی نیزیكەی چوار ساڵێك هاوكایم كرد وە لەزۆر بۆنە و زەماوەند دا ئامێری ( تار و باغڵەمە ) م بۆ ژەنیوە ، بۆ هه‌میشه ده‌یڵێم گه‌وره‌ترین شانازیم له‌ژیانمدا ئه‌وه‌یه كه‌یه‌كه‌م جار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك و ئاخر جار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دی ماملێ ( زه‌ڕب) م لێداوه.
پرسیار/ وەك هونەرمەندێكی ژەنیار جگە لەكاك محەمەدی ماملێ ئایا لەگەڵ هونەرمەندانی گۆرانیبێژانی دیكەدا كاری هونەریتان ئەنجام داوە ؟
هونه‌رمه‌ند حسێنی ڕەهبەر : بەڵێ لەڕۆژهەلاتی كوردستان شانازی ئه‌وه‌م هه‌بووه لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندان كارم كردووە ، جگە لەكاك محەمەدی ماملێ لەگەڵ بەڕێزان ( كاك عەزیزی شاهرۆخ ) مامۆستای خۆشەویستم كاك ڕەشیدی فەیزنەژاد ،( قادری سەیاحی 4/6/1943_17/4/2022) ،ئەحمەدی ئیسلامی ، محەمەدی ناهید ،(ڕەسوڵی نادری 1933_ 2018) ،برایمی قادری ، سەیدعەلی سەردەشتی ، عەلی كەردار ، حه‌سه‌نی ده‌رزی ،(سەیدڕەحیمی قوڕەیشی 1930_ 8/6/1991) ، بیوك خانباغی و زۆرێك لەهونەرمەندان كارم كردووە وەهەروەها لەگەڵ هونەرمەندان ناسری رەزازی و (مەرزیەی فەریقی 22/5/1958_ 18/9/2005) و نەجمەدینی غوڵامی و عەدنان كەریم و زۆرێك لههونەرمەندانی تر بمبوورن مەودای ئەوەم نییە كەناوی هەموویان بێنم .
پرسیار / لەشارە ئازیزەكەی مەهاباد ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی لێبووە ، بەڕێزتان هیچ پێوەندییەكتان هەبووە بەوڕادیۆ و تەلەفزیۆنەوە ئایا كاری هونەرییتان تێدا ئەنجام داوە ؟
هونه‌رمه‌ند حسێنی ڕەهبەر : من هەرلەسەرەتای كرانەوەی ڕادیۆ و تلویزیۆنی مەهابادەوە دەستم بەكاری هونەری كردووە لەبەشی چیرۆكی شەو وە لەبەشی مۆسیقا لەژێر چاوەدێری مامۆستای هەمیشە زیندووم كاك ( سەیدڕەحیمی قوڕەیشی ) وە لەماوەیەكی كورتدا توانیم ببمە كارمەندی ڕەسمی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی مەهاباد و درێژەبەكارەكانم بدەم .
پرسیار / ئایا ڕادیۆی كوردی بەغدا تاچەند كاریگەری لەسەر بەڕێزتان و هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەبووە ؟
هونه‌رمه‌ند حسێنی ڕەهبەر : هەرچەندە بەشی كوردی ڕادیۆی بەغدا لەژێردەستی داگیركەردا بوو ، بوونی لەنەبوونی باشتر بوو ، لەبەر ئەوەی كەلانی كەم دەتتوانی سوود لەبەرنامە ئەدەبی و هونەرییەكانی ببینی وەهەر لەڕێگەی ئەو ڕادیۆیەوە بتوانی شاعیران و نووسەرانی نەتەوەكەت بناسی وەلەپەنای ئەوەشدا گۆرانی و گۆرانیبێژانی نەتەوەكەت بناسی و سوودیان لێوەربگری بەگشتی كاریگەری خۆی هەبوو .
پرسیار / كەناڵی ئاسمانی (مەد تی ڤی) لەساڵی (1995) یەكەم پەخشی ڕاستەوخۆی دەستپێكرد و دوای ماوەیەكی كورت به‌ڕێزتان و كاك (بارزان شاسوار) بوونە دوو پێشكەشكاری دیاری شاشه‌ی ئه‌و كه‌ناڵه ئاسمانییه ، بەڕێزتان بەرنامەی (دیداری ئازیزان) تان پێشكەش دەكرد لەگەڵ چەندین بەرنامەی تایبەت بە بۆنە نیشتمانی و نەتەوایەتیەكان بەشێوەیەكی زۆرباش و بەسەلیقە و شاره‌زا و خاوەن پاشخانێكی دەوڵەمەند و خزمەتێكی زۆرتان كرد ، دەپرسم بۆ دیداری ئازیزان ؟
هونه‌رمه‌ند حسێنی ڕەهبەر : ئەو دەمە تەنیا كاناڵی سەتەلایتی كوردی بوو ، بەڕاستی هەموو كوردی بەدۆست و دوژمنەوە لەدەوری خۆی كۆكردەوە ، هەم من و هەم برای هێژام كاك بارزان توانیمان پردێك لەنێوان پارچەكانی كوردستان بەرەو ئوروپا دروست بكەین و خەڵكەكە سودی لێ ببینن ، هەڵبەت بائەوەش لەبیر نەكەین ئەو نێوەی دیداری ئازیزان برایان وهاوڕێیانی خۆشەویستم كاك (سامان عەلی و كاك بەكر شوانی و كاك سیروان ڕەحیم) دایان نا سوپاسیان دەكەم .
پرسیار / لەماوەی كاركردنتان لە كەناڵی ئاسمانی مەد تی ڤی ، چەند ئەڵقەتان لەدیداری ئازیزان پێشكەشكرد ؟سەرنجڕاكێشترین و خۆشترین بەرنامە لە یادەوەریتاندا هەمیشە زیندووە دەكرێت ئاماژەی پێبدەیت ؟
هونه‌رمه‌ند حسێنی ڕەهبەر : سەرجەمی بەرنامەكانی دیدار و دیداری ئازیزان وەك بەرنامەی هونەری نیزیكەی (100) ئەڵقە دەبوو ، ناتوانم لەوبارەیەوە هیچ بڵێم لەبەرئەوەی كەهەموو بەرنامەكانم بەعەشقەوە بەڕێوەبردووە و زیاتر بەعەشقی وڵات و نیشتمانەكەمەوە پێشكەشم كردوون .
پرسیار / ئەوەندەی من بزانم بەڕێزتان له‌نزیكه‌وه بلیمەتینهمر( حەسەن زیرەك 1921_26/6/1972) تان دیوە ، دەكرێت خوێندنەوەیەكی كورت لەسەر هونەرو كەسایەتی ئەو هونەرمەندە زیندووەمان بۆ باس بكەیت ؟
هونه‌رمه‌ند حسێنی ڕەهبەر : بەڵێ بەشانازییەوە لەنزیكەوە لەخزمەتی دابووم ، نەمر حەسەن زیرەك بلیمەتێكی كە لەدەستمان چوو ، قەرەبووی ئەم خەسارەتە گەورەیە زۆر زەحمەتە ،جارێكی تر كورد كەسایەتی وای بۆ هەڵكەوێتەوە، مامۆستایەكی خۆڕسك و لێهاتوو و قسە خۆش ، ئەهلی مەجلیس و نەرم و نیان ، هونەرمەند بەمانای واقیعی هونەر بەڕای من هەرچەندی لەسەر ئەو بلیمەتە بدوێین كەمە .
پرسیار / هونەرمەند حەسەن زیرەك (3) گۆرانی بەدەنگ و ڕەنگ لەپاش خۆی بەجێماوە ،بەناوەكانی ( ئەمان دكتۆر ، یالڵاشۆفێر و كەتانە) ئەو سێ گۆرانیە لە تەلەفزیۆنی شاری ورمێ تۆماركراون و بەڕێزیشتان لەناو ئەو گۆرانییانەدان و هونەرمەندی كۆچكردوو سەیدڕەحیمی قوڕەیشی پێشكەشكاری بەرنامەكەیە ، دەكرێت لەسەر چۆنیەتی تۆماركردنی ئەو گۆرانیانە و مێژووی تۆماركردنەكەیەوە زانیاری به هه‌وادارانی ده‌نگ و هونه‌ریی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك ببەخشیت ؟
هونه‌رمه‌ند حسێنی ڕەهبەر : مێژووی تۆماركردنی ئەو سێ گۆرانییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ( 1348 _ 1349 ) ی هەتاوی واتە ( 1969 _1970) ی زایینی ، ئەو شەوەی كەبەرنامەكە تۆماردەكرا شەوی (عاشورا) بوو ، كاك حەسەن زیرەكیش پێش تۆماركردن داوای ( مەشروبی ) كرد ، گوتیان ئەوشۆ عاشورایە و هەموو جێگایەك داخراوەو مەشروب دەست ناكەوێت..؟! ، لەوەڵامدا وتی باشە بەرنامەكە ڕاگرن بۆ سبەی ،سەرۆكی تەلەفزیۆن پێكەنی و وتی بڕۆن بۆ (مێهمانسەرا ) مەشروبی بۆ بێنن بەهەرحاڵ ئەوشەوە بەرنامەكە تۆماركرا و وەتەنها هەر ئەو سێ گۆرانیە نەبوو بەڵكو لەكۆتاییدا هەموو ئامادەبووان بە هونەرمەند حەسەن زیرەكیشەوە لەناو بەرنامەكەدا شاییەك سازكرا و بەخۆشی تەواو بوو .
پرسیار/ ئەو سێ گۆرانییە لەڕووی هونەرییەوە لێی بڕوانی دەنگ لەگەڵ وێنەدا نیە واتە ( لیپسن) تەواو نییە! زۆر لەمێژە مەبەستم بووە كە بەدواداچونی بۆبكەم و بزانم هۆكارەكەی چییە ؟ ئەو زانیارییەی دەستم كەوتووە گوایە دوای تۆماركردنی ئەو سێ گۆرانییە هونەرمەند حەسەن زیرەك بۆ ڕۆژی دواتر لەگەڵ بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی ورمێ نێوانیان تێك دەچێ و بەڕێوەبەر لەداخی ئەوە ئەو گۆرانیانە خراپ دەكات ، واته سزای هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌كی داوه، ئایا ئەو بەسەرهاتە ڕاستە ، یان بەڕێزتان زانیارییەكی ترتان هەیە تكایە بۆمان ڕوونبكەیتەوە ؟
هونه‌رمه‌ند حسێنی ڕەهبەر : كاك جەمال ئەو شتەی كەبۆیان باس كردووی دوورە لەڕاستییەوە ،بۆئەوەی خوێنەرانی خۆشەویست و عاشقانی هونەرمەندی نەمر حەسەن زیرەك ئەو شتەیان لا ڕۆشن بێت ، سەرۆكی تەلەفزیۆنی ورمێ كەسێك بوو بەناوی ( موهەندیس ئەربابی) كابرایەكی تاخودا حەزدەكا هونەرمەند وەخۆی تاری دەژەنی ، ئەو ڕێزەی ئەوبرادەرە لەنەمر حەسەن زیرەكی گرت كەس تا ئێستێ لێی نەگرتووە ، بۆ زانیاری زیاتر ئەو سێ گۆرانییە بەجیهازێك تۆماركراوە بەناوی ( ئای وی سی ) ئەودەم پێشكەوتوو نەبوو ، دەنگ بەجودا و ڕەنگ بەجودا تۆماردەكرا دوایی دەیان خستەوە سەریەك لەكۆپی ئەسڵەكەدا هیچ موشكیلێكی نییە ،بەڵام ئەو هەڵەیە لەكۆپییەكەدا دروست بووە ، من زۆرم پێ سەیرە كە كه‌سانێك بەبێ هیچ ئاگادارییەك ئاوا دەدوێن .
پرسیار / بەردەوام لای هەواداران و عاشقانی هونەر و دەنگی حەسەن زیرەكی نەمر ئەو پرسیارە زۆر دەكریت سەبارەت بەوەی كە هونەرمەند حەسەن زیرەك هیچ گرفتی چاوی نەبووە ! بەڵام لەو گۆرانیانەدا چاویلكەیەكی رەشی لەچاودایە ، بەڕێزتان هەم لەنزیكەوە دیوتانەو لەو پرۆگرامهشدابوونتان هەیە هۆكاری لەچاوكردنی ئەو چاویلكەیە چی بووه؟
هونه‌رمه‌ند حسێنی ڕەهبەر : هونەرمەندی نەمر حەسەن زیرەك زۆركاری هونەری كردووە لەستۆدیۆ ، واتە ستۆدیۆی دەنگی بەڵام ئەم كارانە لەناو ستۆدیۆی دەنگی و ڕەنگی دابوو ، هیچ گومانی تێدانیە ناو ستۆدیۆ كۆمەڵێك گڵۆپی گەورەی تێدایە بۆكاتی تۆماركردن ئەو گڵۆپانە زۆر بەتین و وەپلەی گەرمییان زۆرە و ناوستۆدیۆ گەرم دەبێت ، ئەوشەوە هونەرمەندی نەمر حەسەن زیرەك زۆری مەی خواردەوە وەشەویش درەنگ بوو ، هەموومان ماندوو خەومان دەهات و چاومان خەواڵوو بوو،وە ئەو ڕووناكیە ئەزیەتی چاوی زیرەكی نەمری دەدا بۆیە ئەو چاویلكەیەی لەچاو كرد .
پرسیار / به‌ڕێزتان لەهەندەران لەچ وڵاتێك دەژین و بۆ لەهیچ كەناڵێكی ڕاگەیاندنەوە دەرناكەون ؟
هونه‌رمه‌ند حسێنی ڕەهبەر : من ئێستا لەوڵاتی فینلاند دەژیم و خانەنشینم ، لەم وڵاتانەی ئەوروپی كەخانەنشین كرای ئیدی ناتوانی جارێكی تر وەك پێشوو كاربكەی .، له‌به‌رئه‌وه‌یه دوورم له ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه.
هیوای ته‌مه‌نداری و ژیانێكی پڕ ته‌ندروست بۆ هونه‌رمه‌ندی ئازیز كاك حسێنی ڕه‌هبه‌ر ده‌خوازم ، سڵاو و دروود بۆ مێژووی تێكۆشانی هونه‌ریی.
جه‌مالی ده‌لاك 1/7/2023 هه‌ولێر .
سه‌رچاوه :
(1)په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند حسێنی ڕه‌هبه‌ر ، شه‌ممه 1/7/2023 ( هه‌ولێر _ فنله‌ندا) .
(2)كتێبی هونه‌ریی ماملێ( مێژووی هونه‌ری بنه‌ماڵه‌ی ماملێ) نووسین و ئاماده‌كردنی ( سمایلی ماملێ) _ به‌رگی یه‌كه‌م ، لاپه‌ڕه (299).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.