Erbil -0°C شەممە 30 تشرینی دووەم 06:53

خۆپیشاندان لە دژی کوشتنی لاوێكی تەمەن 17 ساڵ لە فەرەنسا بە درێژایی شەوی رابردوو بەردەوام بوو

کوردستان TV
100%


ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەی لە رۆژی27ی حوزەیرانەوە بەرامبەر بە کوژرانی لاوێك بە ناوی نایل م. لەلایەن پۆلیسی فەڕەنساوە، لەو وڵاتە دەستیان پێ کردبوو، بە درێژایی شەو بەردەوام بوون.

وێڕای لێدوانەکانی دەسەڵاتداران سەبارەت بە "گەڕاندنەوەی ئارامی"، توندوتیژی و تاڵانکردن لە پاریس و شارەکانی دیکە رووی دا.

خۆپیشاندەران بەربەستەکانیان لەسەر شەقامەکان دانا و لە چەند شارێکیشدا ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیان سووتاند و زیانیان بە دووکان و موڵکی گشتی گەیاند.

وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا، جیراڵد دارمانین رایگەیاند، بۆ پێشگرتن لە رووداوەکان 40 هەزار جەندرمە و پۆلیسیان لە سەرتاسەری وڵاتدا ئەرکدار کردووە.

لە شاری نانتێرێ کە شۆفێرە گەنجەکەی تێدا کوژرا، ژمارەیەک ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان سووتێنراون، خۆپیشاندەران لەسەر دیواری باڵەخانەکان نووسییان "تۆڵەی نایل دەکەینەوە".

لەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت کە هەندێک لە فرۆشگا بەناوبانگەکانی پاریس تاڵان دەکرێن و پەنجەرەی دووکان و چێشتخانەکان دەشکێندرێن.

لە شارۆچکەی کلیچی سۆس بۆیس باشووری پاریس، خۆپیشاندەران دەروازەی چوونە ژوورەوەی بینای ئەنجوومەنی شارۆچکەکەیان ئاگر تێبەردا.

لە باشووری شاری مارسیلیاش کتێبخانەیەک تاڵان کرا. بۆ بڵاوەپێکردنی ئەو گرووپە 150 کەسییەی کە دەیانویست بەربەست لەسەر رێگاکان دابنێن، پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ دەستوەردانی کرد.

بەر لە خۆرئاوابوون، لە ئەگەری هێرشی خۆپیشاندەران خزمەتگوزاریی پاس و ترام لە پاریس وەستێنرا.

میدیای فەڕەنسا ئاماژەی بەوە دا کە ناڕەزایەتییەکان لە پاریس لە کاتژمێر 5ی ئێوارەوە تا رادەیەکی زۆر هێوربوونەوەی بەخۆیەوە بینیووە.

- رووداوەکە

رۆژی 27ی حوزەیران لە شاری نانتێرێی فەڕەنسا، لە دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێک کە سێ کەسی تێدابوو و گوێیان بە ھۆشداری "بوەستە"ی پۆلیس نەدا، شوفێری ئۆتۆمبێلەکە بەھۆی دەسڕێژی پۆلیسەوە کوژرا.

لەبارەی رووداوەکە لێکۆڵینەوە دەستی پێ کرد و ئەو پۆلیسەی گومانی ئەوەی لێ کرا کە تەقەی کردبێت، دەستگیر کرا.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.