بڕیارە لە دوو ڕۆژی داهاتوو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانێکی فەرمی بۆ بەریتانیا و چین ئەنجام بدات و لەگەڵ بەرپرسانی کۆببێتەوە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.
لە ڕاگەیەنراوێک وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژانی 16 تاوەکو 21ـی ئەم مانگە سەردانی چین و بەریتانیا دەکات.
ڕاشیگەیاند: بلینکن لە پەکین لەگەڵ بەرپرسانی باڵای چین کۆدەبێتەوە و باس لە گرنگی پاراستنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چین بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە، دەکەن.
باس لەوەش کراوە کە بلینکن لە سەردانەکەیدا بۆ چین سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بابەتە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان و هەماهەنگییەکانی نێوانیان گفتوگۆ دەکات.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە بلینکن بەشداریی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاوەدانکردنەوەی ئۆکراینا دەکات کە ئامانجی کۆکردنەوەی هاوکارییە بۆ ئۆکراینا و لە بەریتانیا ساز دەکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، ئۆکراینا و وڵاتانی دیکە کۆ دەبێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.