Erbil 15°C دووشەممە 20 ئایار 05:41

سات بە سات هەواڵەکان لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بزانە

کوردستان TV
100%

محەمەد حەلبووسی لەسەر ماددەی 14ـی پڕۆژەیاسای بودجە لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی کۆ دەبێتەوە

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق کۆ دەبێتەوە سەبارەت بە ماددەی 14ـی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 10ـی 06ـی 2023 سەڵاح بامەڕنی پەیامنێری (کوردستان تیڤی) پێی ڕاگەیاندین: محەمەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق کۆ دەبێتەوە تاوتوێی ماددەی 14ـی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق دەکەن.

بڕیاربوو ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە کۆبوونەوەی شەوی ڕابردوو بڕگەی 7 لە ماددەی 14ـی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق کە بەشێوەیەک دەستکاری کرابوو کە  لە 15 ڕۆژدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ناچار بە بڕینی بودجەی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرا، گرفتی دروستکرد لە پەرلەمانی عێراق، ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بەهۆیەوە ڕێگریان لە بەردەوامبوونی دانیشتنی پەرلەمان کرد.

دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی دواخرا

دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی دواخرا، تاوەکو ئەوکاتەی ڕێژەی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە تەواو دەبێت. 

شێروان دووبەردانی: ڕێککەوتن لەسەر ماددەی 14 کراوە

شێروان دووبەردانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات کە ڕێککەوتن لەسەر ئەو بڕگەیەی ماددەی 14 کراوە کە گرفتی لەسەر بوو.

بڕگەی 7 لە ماددەی 14ـی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق کە بەشێوەیەک بوو لە 15 ڕۆژدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ناچار بە بڕینی بودجەی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرا، گرفتی دروستکرد لە پەرلەمانی عێراق، ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بەهۆیەوە ڕێگریان لە بەردەوامبوونی دانیشتنی پەرلەمان کرد، شێروان دووبەردانی سەبارەت بەم بابەتە بۆ (کوردستان تیڤی) ئاشکرای کرد کە ڕێککەوتن لەسەر بڕگەی 7 لە ماددەی 14 کراوە.

فراکسیۆنی پارتی سەبارەت بە ماددەی 14ـی پڕۆژەیاسای بودجە کۆدەبێتەوە

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، فراکسیۆنی پارتی سەبارەت بە ماددەی 14ـی پڕۆژەیاسای بودجە کۆدەبێتەوە و لە هەموو حاڵەتێکدا ڕێگە نادەین ئەو ماددەیە بەمشێوەیە تێبپەڕێنرێت.

ئەمڕۆ شەممە 10ـی 06ـی 2023 خدر مەنتک ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (کوردستان تیڤی) سەبارەت بە دروستبوونی گرفت لە ماددەی 14 گوتی: گرفت لە ماددەی 14ـدا دروست بوو، بۆیە ڕێگەمان نەدا تێبپەڕێنرێت.

لەبارەی چارەسەرکردنی ئەو گرفتە گوتیشی: ڕێککەوتن بەردەوامە و لە هەموو حاڵەتێکدا ڕێگە نادەین ئەو ماددەیە بەمشێوەیە تێبپەڕێنرێت، چونکە نادەستووریە و دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان.

خدر مەنتک هەروەها باسی لەوە کرد کە بڕیارە پاش کەمێکی دیکە د. فوئاد حوسێن بگاتە تەلاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەسەرۆکایەتیی د. فوئاد حوسێن کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ماددەی 14 بەڕێوەبچێت.

باسی لەوەش کرد کە ماددەی 14 لەلای ئێمە لە هەموو ماددەکانی دیکە گرنگترە، چونکە داکۆکیکردنە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان، کە بەزیادکردنی هەندێک بڕگە دەستبردنە بۆ دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە و قبووڵ ناکرێت.  

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە ئاماژەی بەوە دا کە پێشبینی ناکرێت بۆ ئەمشەو تەواو بکرێت، چونکە ماددەکانی دیکەش گرفتیان تێدایە و کێشەکە تەنیا لە ماددەی 14ـدا نییە و ئەوانیش لەنێوان خۆیان کێشەیان هەیە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.