Erbil 7°C دووشەممە 30 کانونی یەکەم 19:43

زه‌نگی ده‌ستپێكردنی دانیشتنی په‌رله‌مان بۆ ده‌نگدان به‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ لێدراوه‌

کوردستان TV
100%

كه‌مێك پێش ئێستا زه‌نگی چوونه‌ژووره‌وه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ نێو هۆڵی په‌رله‌مان لێدرا و چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگیش جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مشه‌و مزگێنی ده‌ده‌نه‌ هاووڵاتییان و ده‌نگ به‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ ده‌درێ.

په‌یامنێری (كوردستان تیڤی) له‌ به‌غدا پێی ڕایگه‌یاندین: به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوایان له‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كردبوو 24 كاتژمێر مۆڵه‌تیان پێ بدرێ بۆ پێداچوونه‌وه‌ و ته‌واوكردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق.

ڕاشیگه‌یاند: به‌ڵام سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان پێداگیربووه‌‌ له‌وه‌ی ئه‌مشه‌و دانیشتنی په‌رله‌مان بۆ ده‌نگدان به‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق ئه‌نجام بدرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كه‌مێك پێش ئێستا زه‌نگی چوونه‌ژووره‌وه‌ بۆ نێو هۆڵی په‌رله‌مان لێدراوه‌.

په‌یامنێرمان هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بڕیاریداوه‌ ئه‌گه‌ر ته‌واوی پڕۆژه‌یاساكه‌ش نه‌بێت، ئه‌مشه‌و به‌شێكی‌ مادده‌كانی پڕۆژه‌یاساكه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی جێگه‌ی مشتومڕ و كێشه‌ نین.

لای خۆیه‌وه‌ عه‌توان عه‌توانی سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایگه‌یاند: له‌ لیژنه‌ی دارایی ناكۆكییه‌كان یه‌كلا كراونه‌ته‌وه‌ و ڕێككه‌وتن كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مشه‌و دانیشتنی په‌رله‌مان ئه‌نجام بدرێت بۆ ده‌نگدان به‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هاوپه‌یمانی چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی پێداگیری ده‌كات‌ له‌وه‌ی ئه‌مشه‌و ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق بدرێت و په‌سند بكرێت، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌ر ئه‌مشه‌و مزگێنی و هه‌واڵه‌ خۆشه‌كه‌ به‌ هاووڵاتییان ده‌گه‌یه‌نین.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.