Erbil 15°C ھەینی 17 ئایار 15:52

شێروان دووبەردانی وادەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە ئاشکرا دەکات

کوردستان TV
100%

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ وادەیەک بۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە دیاری نەکراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە دوو ڕۆژی داهاتوو ئەو دانیشتنە ئەنجام بدرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 05ـی 06ـی 2023 شێروان دووبەردانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بۆ (کوردستان تیڤی) سەبارەت بە وادەی دانیشتن بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە ڕایگەیاند: ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ ڕۆژێکی دیاری نەکردووە بۆ کۆبوونەوە و دانیشتن لەسەر دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە.

ڕاشیگەیاند: بەپێی پێشبینییەکان چاوەڕوان دەکرێت، لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمانی بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە بەڕێوەچوو.

شێروان دووبەردانی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکان لەبارەی ماددەکانی 13 و 14 لە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە گوتی: گفتوگۆکان لەنێوان لایەنەکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق دووپاتیشی کردەوە کە گەشبینە گۆڕانکاری لەو "ماددە نادەستوورییانەی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق" دژی هەرێمی کوردستان بکرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە 25ـی 05ـی 2023 لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ژمارەیەک بڕگەی ماددەکانی 13 و 14ـی دەستکاریی کرد کە دژی هەرێمی کوردستان و ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵین، لەوانەیە بەهۆیەوە بەتەواوەتی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕابگرێت.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوکاتە لەسەر ئەم بابەتە ڕاگەیەنراوی بڵاو کردەوە و جەختی کردەوە کە گۆڕانکارییەکان لە ماددەکانی 13 و 14ـی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە نادەستوریین و دژی ڕێککەوتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیە، هەروەها دژی پرەنسیپەکانی ڕێککەوتنی حکوومەتی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگیان لە سەر دراوە.

لە ڕاگەیەنراوەکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک، ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبوڵ ناکەن و پابەندی هیچ بڕیارێکی دیکەش نابن جگە لەو ڕێککەوتنەی پێشتر لەگەڵ حکوومەتی سوودانی کراوە.

کوردستان رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.