Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 07:15

بزانە شاندەکەی هەرێمی کوردستان بۆچی سەردانی ئێران دەکەن

کوردستان TV
100%

شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئێران دەکات، ئامانجی سەردانەکە پتەوکردن و پەرەپێدانى پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئێرانە، هەروەها هەماهەنگیی زیاتر و بەرفراوانکردنى بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکان و بە هێزکردنى جوڵە و ڕه‌وشی بازرگانییە لەنێوان هەردوولا.

ئەمڕۆ چوارشەممە 31ـی 05ـی 2023 لە کۆمەڵگەی دەروازەی سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، لە چوارچێوەی سەردانی شاندی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران کە پێکهاتووە لەسەرجەم پارێزگار و سەرپەرشتاری ئیدارە سەربەخۆکان و ژوورە بازرگانییەکان و یەکێتی هاوردە و ناردنکاران کۆبوونەوەیەک ئەنجام درا، ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئامانجی سەردانەکەی خستەڕوو و ڕایگەیاند: ئامانج لێی پتەوکردن و پەرەپێدانى پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ وڵاتانی ئێران و هەماهەنگیی زیاتر و بەرفراوانکردنى بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکان و بە هێزکردنى جوڵە و ڕه‌وشی بازرگانییە له‌ دەروازەی سنوورییەکان.

ڕاشیگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا، دوای خستنەڕووی بەرنامەی سەردانەکە لەلایەن سەرۆکی شاند، گفتوگۆ لەبارەی ئەو تەوەرە گرنگانە کرا کە پێویستن لەگەڵ لایەنی بەرامبەر بخرێتەڕوو، دواتر پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە دا کە لەو سەردانەماندا جگە لەگەیاندنی سڵاو و ڕێزی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کۆردستان، ژمارەیەک کۆبوونەوەی گرنگمان دەبێت لەپێناو باشترکردنی پەیوەندییەکان و بەرفراوانکردنى بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکان و بەهێزکردنی جوڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە زانستی و کولتووری و گەشتیارییەکان لەگەڵ هەریەک لە پارێزگارانی کرماشان، سنە، ورمێ و جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەو تیمانەی ئەوان بڕیاریان داوە ئامادەبن.

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی فەرمی و نێودەوڵەتیی هەیە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوانیش پەروێزخان لە سنووری گەرمیان، حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر و باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، جگە لە چەند دەروازیەکی دیکەی نیمچە فەرمی.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.