Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 10:56

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی: پێویسته‌ لایه‌نه‌كان هه‌نگاوی كرده‌یی بنێن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن

کوردستان TV
100%

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌مڕۆ هه‌ینی بە بۆنەی چل و حەوتەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه، له‌نێو په‌یامه‌كه‌دا جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌نگاوی كرده‌یی بنێن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا.

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌ په‌یامه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند: هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر و سەرکردایەتی پارتیمان لە (26ـی 5ـی 1976) بە قۆناغێکی گرنگ و نوێی خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕی دادەنرێت لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان.

ڕاشیگه‌یاند: بەرپاکردنەوەی شۆڕش لەو سەردەمەدا و دوای ئەو پیلانگێڕییە هەمەلایەنەی کە بەرامبەر شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی کرا، بایەخ و کاریگەرییەکی زۆری هەبوو بەسەر بزاڤی رزگاریخوازی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان، لەبەرئەوەی سەلماندی کە ڕەگ و ڕیشەی ئیڕادە و ورەی پۆڵایینی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لەبن نایەن و تا بەدیهێنانی ئامانجەکانمان کۆڵ نادەن.

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: شۆڕشی گوڵان زەمینەی بارودۆخێکی نوێی تێکۆشان و بەردەوامبوونی هێنایە ئاراوە، هەروەها خاوەن پەیامێکی ڕوون و هەقخوازانە بوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمێکی ستەمکار و دیکتاتۆریی.

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌ په‌یامه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو، بۆیە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو لەنێو جەماوەری شار و شارۆچکەکانی کوردستان، کاتێک حکوومەتی ئەوسای عیراق لە  چارەسەرکردنی کێشەی کورد شکستی هێنا و پاشگەزبۆوە، ئەو شۆڕشە ڕەوایی دا بە خەباتی شۆڕشگێڕی و جەماوەری بۆ بەدەستهاتنی مافە ڕەوا و زەوتکراوەکانی گەلەکەمان.

ئاماژه‌شی دا: لەلایەکی دیکەوە شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز وەک ڕووداوێکی گرینگ ڕۆڵ و سەنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی بۆ قۆناغێکی سیاسی پێشکەوتووتر گواستەوە بە جۆرێك لەسەر گۆڕەپانی سیاسی نێوخۆیی و جیهانیدا ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕەییە وەک هێزێکی کاریگەر و خاوەن بڕیار ڕۆڵی شیاوی خۆی بگێڕێ.

ڕاشیگه‌یاند: ئامانجی سەرەکی و ستراتیژی سەرکردایەتیی پارتیمان ئەوسا هەنگاونان بوو بەرەو ئایندەیەکی گەش و بەرهەمدار، کە خۆی لە بەرجەستەکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و داننان بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دەبینیەوە، هەر بۆیەش چەندین دەستکەوتی بەدوادا هات، لەوانەش ڕاپەڕینی شکۆداری سەرتاسەری ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە (5ـی ئاداری 1991) و پێکهێنانی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان، کە بە خوێنی ئاڵی شەهیدە نەمرەکان هاتنەدی.

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌ په‌یامه‌كه‌دا هه‌ره‌وها ڕایگه‌یاند: ئەو بۆنەیە بەدەرفەت دەزانین وەک هەمیشە جەخت بکەینەوە لە سەر ڕێبازی ڕەگداکوتاوی کوردایەتی و نەتەوەیی پارتایەتیمان و هەروەها هەڵوێست و هەوڵ و دەستپێشخەری پارتیمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی یاسایی خۆیدا، کە لە ڕاگەیاندراوی فەرمی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیمان لە (18ـی 1ـی 2023) زۆر ڕاشکاوانە و بە ڕوونی خراوەتە ڕوو و ڕەزامەندی دراوە یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەکان هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژرادن لە وادەی دیاریکراودا.

"هاوکات جەخت لەسەر پابەندبوونمان بە پەیامی جەنابی سەرۆک بارزانی دەکەینەوە، کە لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی ئاراستەی سەرجەم لایەنەکانی کرد و بەردەوامین لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەپێناو یەکخستنەوەی نێوماڵی کوردستانی لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە کوردستانییەکان" مه‌كته‌بی سیاسی پارتی وای گوت.

له‌ كۆتاییدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا "لە بیرەوەری شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز پیرۆزباییەکی گەرم لە جەماوەری دڵسۆزی کوردستان دەکەین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و سەربەخۆیی کورد و کوردستان دادەنوێنین، سڵاو و ڕێز لە خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکانمان، سڵاو لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان".

سڵاو لە بیرەوەری (47)ساڵەی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز..

سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندوو..

بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان.. 

هەمیشە گەلەکەمان سەربەرز و کوردستانیش هەر ئاوەدان..

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.