Erbil 10°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 02:34

مه‌سرور بارزانی: ده‌سكه‌وته‌كانی شۆڕشی گوڵان دروستبوونی ئاشته‌وایی و یه‌كڕیزی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان بوو

کوردستان TV
100%

جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌مڕۆ هه‌ینی به‌بۆنه‌ی ساڵیادی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ڕایگه‌یاند كه‌ یەکێک لە بەرهەم و دەسکەوتە گرنگەکانی ئه‌م شۆڕشه‌، دروستبوونی ئاشتەوایی نیشتمانیی و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی هێز و لایەنە کوردستانییەکان بوو.

مه‌سرور بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی "لە ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو تێکۆشەران و بەشدارانی شۆڕشەکە و خەڵکی کوردستان دەکەم".

گوتیشی "شۆڕشی گوڵان کە هەڵگر و درێژەپێدەری پەیام و ئامانجە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر، ئەگەرچی له‌ ڕۆژگارێكی سه‌خت و دژواردا هه‌ڵگیرسا، بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا، بووە جێی هیوا و ئومێدی کوردستانیان و سەرکەوتنی سیاسی و سەربازی و دەیان داستانی قارەمانانەی لە خۆڕاگری و بەرگری تۆمار كرد و پەیامی درێژەپێدانی خەباتی گەلی کوردستانی لەپێناو بەرگریکردن لە بوون و ناسنامە و مافە ڕەواکانی، بە هەموو جیهان گەیاند".

 

مه‌سرور بارزانی هه‌روه‌ها گوتی "یەکێک لە بەرهەم و دەسکەوتە گرنگەکانی شۆڕشی گوڵان، دروستبوونی ئاشتەوایی نیشتمانیی و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی هێز و لایەنە کوردستانییەکان بوو، کە سەرەنجام بووە هۆی سەرکەوتنی سەرهەڵدانی جەماوەریی خەڵکی کوردستان لە ئاداری 1991 و پێکهێنانی دامودەزگا شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کە پێویستە بە هەموو شێوەیەک، داکۆکیان لێ بکەین و بیانپارێزین".

جێگری سه‌رۆكی پارتی له‌ كۆتایی په‌یامه‌ پیرۆزباییه‌كه‌دا ئاماژه‌شی دا "لە چل و حەفتەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، ڕێز و پێزانینم بۆ خەبات و تێکۆشانی هەموو پێشمەرگە و بەشدارانی شۆڕشەکە هەیە و بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدی سەرکردە ئیدریس بارزانی دەکەینەوە" .  

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.