Erbil 15°C ھەینی 14 حوزەیران 10:58

حكوومه‌تی هه‌رێم: رۆژی شه‌ممه‌ سایلۆكان گه‌نمی جوتیاران وه‌رده‌گرن

کوردستان TV
100%

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد كه‌ رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو پڕۆسه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران له‌ سایلۆكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست پێ ده‌كات، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ر ته‌نێك به‌ 850 هه‌زار دینار له‌ جوتیاران وه‌رده‌گیرێت.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری بڵاوی كرده‌وه‌: رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو سایلۆکان دەکرێنەوە و گه‌نم له‌ جوتیاران وەردەگرن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: سایلۆكان هه‌ر ته‌نێك گه‌نم به‌ 850 هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن، چەند ڕۆژێکیش دوای ڕادەستکردنی گەنمه‌كه‌، چه‌كی پاره‌كه‌ ده‌درێت به‌ جوتیاران.

بڕیار بوو سبه‌ی پێنجشه‌م پڕۆسه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران له‌ سایلۆكان ده‌ست پێ بكات، به‌ڵام پڕۆسه‌كه‌ بۆ رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو ڕێكه‌وتی 27/5/2023 دواخرا.

سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری دواخستنه‌كه‌، وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی حكوومه‌تی هه‌رێم ڕایگه‌یاند: بە هۆکاری تەکنیکی و نەگەیشتنی سیدی لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقی فیدڕال بۆ سایلۆکانی هەرێمی کوردستان، پڕۆسه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران دواخراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ نرخ و رێژه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمه‌كان، نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەری گشتیی بازرگانی رایگەیاند: ئەمساڵ بۆ هەر تۆنێک گەنم بڕی 850 هەزار دینار بە جوتیاران دەدرێت، ئەمەش دوای ئەوەی گەنمەکە نموونەی لێ وەرگیرا و لە پشکنینەکان دەرچوو.

ڕاشیگه‌یاند: بۆ ئەمساڵ 375 هەزار تۆن گەنم لە سنووری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن.

ئاماژه‌شی به‌وه‌ دا کە 40 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی. جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ چەند ڕۆژێک دوای وەرگرتنی گەنمه‌كه‌ لە جوتیاران، چەکی پارەیان پێ دەدرێت.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.