Erbil 15°C ھەینی 26 نیسان 16:31

وەزارەتی شەھیدان: لەو 150 گۆڕە بەکۆمەڵەی سەماوە زۆرینەی کوردن

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ 16ـی ئایار، ڕۆژی گۆڕە بەکۆمەڵەکانە لە عێراق و گوتەبێژی وەزارەتی شەھید و ئەنفالکراوانیش دەڵێت، زیاتر لە 270 گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراق ھەیە و تەنیا لە پارێزگای سەماوە 150 گۆڕی بەکۆمەڵ ھەن کە زۆربەیان ھی کوردن. دەشڵێت، ھەموو ھەوڵێک بۆ ھەڵدانەوە و گەڕانەوەی روفاتی شەھیدانمان دەدەین.

عادل حەمەساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بەپێی ئامارە نافەرمییەکان زیاتر لە 270 گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ھەن و تەنیا سنووری پارێزگای سەماوە نزیکەی 150 گۆڕی بە کۆمەڵی لێیە، وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان لەگەڵ دەزگای شەھیدانی عێراق پێشتر ژمارەیەک گۆڕی بەکۆمەڵی ھەڵداوەتەوە و ڕوفاتی شەھیدانی جینۆسایدی بە شکۆوە گەڕاندووەتەوە ناوچەکانیان لە گەرمیان، بارزان، چەمچەماڵ، دھۆک و دوایین گۆڕ لە ناوچەی تل شێخیە لە سەماوە ساڵی 2019 ھەڵدراوەتەوە و ڕوفاتی 171 ئازیزی ئێمەی تێدایە و ئەوانیش دەگەڕێندرێنەوە بۆ خاکی باب و باپیران.

ڕاشیگەیاند: تاوەکو گۆڕی بەکۆمەڵ ھەڵنەدرێتەوە، نازانرێت ڕوفاتی ناو گۆڕەکە ھی کێن، بەڵام سەرجەمی 150 گۆڕی بەکۆمەڵی سەماوە زۆربەیان ھی قوربانیانی کوردن، بەداخەوە حکوومەتی فیدراڵ زۆرجار ناچێتە ژێر باری ئەرکی یاسایی خۆی بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری جینۆسایدکراوان.

گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان ئاماژەی بەوەش دا کە لەدوایین سەردانی بۆ بەغدا وەزیری شەھید و ئەنفالکراوان لەگەڵ سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی حکوومەتی عێراق جەختی لەسەر ھەڵدانەوەی ھەموو گۆڕە بەکۆمەڵەکان کردووە و سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کار بکات بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ و ھێنانەوەی ڕوفاتی ھەموو ئەو کەسانەی لە ناوەڕاست و باشووری عێراق گۆڕ غەریبن، چونکە ھەبوونی ئەو ھەموو گۆڕە بەکۆمەڵە زیندووترین بەڵگەیە لەسەر جینۆسایدکردنی میللەتی ئێمەی کورد.

کوردستان رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.