Erbil 15°C شەممە 20 نیسان 01:06

ئەمریكا: ئێران درێژە بە دابینكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ رووسیا دەدات

کوردستان TV
100%

كۆشكی سپی بانگەشەی ئەوەی كرد هاوكاریی بەرگریی نێوان رووسیا و ئێران زیادیكردووە و رایگەیاند: ئێران بەردەوامە لەوەی گەورەترین پشتیوانی سەربازیی رووسیا بێت.
جۆن كێربی، رێكخەری پەیوەندییە ستراتیجییەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی كۆشكی سپی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئۆنڵایندا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
جۆن كێربی رایگەیاند: ئێران بەردەوامە لەوەی گەورەترین پشتیوانی سەربازیی رووسیا بێت و ئاماژەی بەوەشكرد، ئێران درێژە بە دابینكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دەدات بۆ رووسیا.
كێربی ئاشكرایكرد، ئێران لە مانگی ئابەوە تا ئێستا زیاتر لە 400 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆ رووسیا دابینكردووە كە زۆرینەیان لە جۆری "شاهید" بوون و بانگەشەی ئەوەی كرد، مۆسكۆ زۆربەی ئەم فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی بۆ كردنە ئامانجی ژێرخانە گرنگەكانی ئۆكراینا بەكارهێناوە.
رێكخەری پەیوەندییە ستراتیجییەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی كۆشكی سپی، ئاماژەی بەوەشدا ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە فرۆشتنی ئەم فڕۆكە بێفڕۆكەوانە پێشكەوتووترانە بە مۆسكۆ، ئەوا رووسیا درێژە بە بەكارهێنانیان لەدژی ئۆكراینا دەدات.
جۆن كێربی تیشكی خستەسەر ئەوەش كە رووسیا پشتیوانی مووشەكی، ئەلیكترۆنی و بەرگریی ئاسمانیی لە ئێران دەكات و باسی لەوەكرد تاران خوازیارە بە بەهای ملیارەها دۆلار كەرەستەی سەربازیی لە مۆسكۆ بكڕێت.
كێربی ئاشكرایكرد هاوبەشی نێوان رووسیا و ئێران، بووەتە هۆكاری ناسەقامگیریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها لە ئۆكراینا.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.