Erbil 15°C دووشەممە 20 ئایار 23:53

نێچیرڤان بارزانی: بانگه‌وازه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی ئه‌وه‌ بوو كه‌ به‌زووترین كات لایه‌نه‌كان كۆببنه‌وه‌

کوردستان TV
100%

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی یادگەی نیشتمانیی بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ده‌رباره‌ى دۆخى سياسى وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی ڕۆژنامه‌وانانى دايه‌وه‌، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ بانگه‌وازه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی سه‌رۆك بارزانی ئه‌وه‌ بوو كه‌ لایه‌نه‌كان به‌زووترین كات كۆببنه‌وه.

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌ریمی كوردستان گوتی: په‌یامی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی، په‌یامی ئاشتی و په‌یامی یه‌كترقبووڵكردن و په‌یامی پێكه‌وه‌دانیشتن بوو‌، په‌نا به‌خوا ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ ده‌ستپێك و سه‌ره‌تایه‌كی باش بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو كێشه‌كان له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ و به‌ دیالۆگ چاره‌سه‌ر بكرێن، پێموایه‌ ئه‌مه‌ گرنگترین په‌یامه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌رچوو.

ده‌رباره‌ی دوا پێشهاته‌كانی ناكۆكی نێوان پارتی و یه‌كێتیی له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی ئه‌مڕۆی جه‌نابی سه‌رۆك ڕوونه‌، داوا ده‌كات كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان پێكه‌وه‌ دانیشن، له‌و بڕوایه‌دام كه‌ ئه‌مه‌ ده‌ستپێكێكی باش ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى‌‌ هه‌موو كێشه‌كان به‌ دیالۆگ له‌نێوان هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستاندا چاره‌سه‌ر ببێت.

هه‌روه‌ها گوتی: گرنگ ئه‌وه‌یه‌ لایه‌نه‌كان كۆببنه‌وه‌، له‌ هه‌ر شوێنێك كۆببنه‌وه‌ ئێمه‌ پشتگیری ده‌كه‌ین، بانگه‌وازيی ئه‌مڕۆی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی ئه‌وه‌ بوو كه‌ به‌ زووترین كات كۆببنه‌وه‌.

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یامی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن چییه‌ و ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدان و ئه‌نجامنه‌دانی چه‌نده‌؟ سه‌رۆكی هه‌رێم گوتی: وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی خۆم وه‌ك سه‌رۆك هه‌رێم، ڕۆژی هه‌ڵبژاردنم دیاری كردووه‌ به‌پێی ئه‌ركی یاسایی، ئه‌وه‌ی دیكه‌ له‌سه‌ر په‌رله‌مان ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت كۆمسیۆن سه‌رله‌نوێ دابڕێژرێته‌وه‌ و كار بكرێت، ئێستا چاوه‌ڕێی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ین، هیوادارین ئه‌م هه‌نگاوانه‌ دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان پێكه‌وه‌‌ دابنیشن، ئه‌و هه‌نگاوانه‌ش چاره‌سه‌ر بكرێن و هه‌ڵبژاردن له‌و واده‌یه‌‌ی كه‌ دامانناوه‌، ئه‌نجام بدرێت.

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌شدا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ تا چه‌ند كاریگه‌ری ده‌بێت له‌ به‌غدا، ئاشكرای كرد: ڕێككه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ی حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستاندا كراوه‌، به‌ڵام ڕێككه‌وتنێكی دیكه‌ش كراوه‌ كه‌ ڕێككه‌وتنی پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراقه‌، ئه‌ويش هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ته‌ كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ردووكیان پێكه‌وه‌ تيايدا به‌شدارن، بێگومان هه‌رچه‌ند ئێمه‌ وه‌ك هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانی پێكه‌وه‌ بین، زیاتر ده‌توانین ده‌سته‌به‌ری مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین، تا ئێستا له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌تدا، یه‌كێتی و پارتی و ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ به‌شدارن له‌ به‌غدا به ‌ڕاستی هه‌ماهه‌نگییه‌كی باش كراوه‌ له‌وێ، هیوادارم له‌ كوردستانیش ئێمه‌ شاهدی فه‌سلێكی نوێ بین له‌ ڕێككه‌وتن و لێكگه‌یشتن و له‌ پێكه‌وه‌كاركردن بۆ خزمه‌تی هه‌موو كوردستان و هه‌موو عێراق.

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ پێشبینی ده‌كرێت پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق له‌م مانگه‌دا په‌سه‌ند بكرێت، نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند: ئه‌وه‌ی كه‌ دوێنی له‌ هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كاتێكی دیاریكراو دانراوه‌ كه‌ تا 17‌ و 18ی ئه‌م مانگه‌ بودجه‌ په‌سه‌ند بكرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.