Erbil 15°C دووشەممە 20 ئایار 23:31

زانیاری له‌سه‌ر ڕووداوی خنكانی كچه‌ 11 ساڵانه‌كه‌ی راپه‌ڕین له‌ زێی بچووك

کوردستان TV
100%

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی ڕاپه‌ڕین ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م زانیاری له‌سه‌ر ڕووداوی خنكانی كچێكی ته‌مه‌ن 11 ساڵ به‌ناوی ئاسیا ئه‌شڕه‌ف مه‌حموود له‌ زێی بچووك بڵاو كرده‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا بڵاوی كرده‌وه‌: دوێنی چوارشه‌م ژنێک بەناوی (ن. ع. ا) کە دانیشتووی شاری هەولێرە و بە سەردان هاتووەتەوە ماڵی باوکی لە شاری قەڵادزێ، دوای دیارنەمانی زڕ کچەکەی، سەردانی بنکەی پۆلیسی راپەڕينی کردووە و گوتوویەتی كه‌ زڕ کچەکەی دیارنەماوە و ونبووە.

بڵاویشی كرده‌وه‌: لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون، دەرکەوت کە ونبوونی کچەکە گوماناوییە، دوای 4 کاتژمێر بەسەر هەواڵی ونبوونی ئەو کچە، هێزەکانمان خوشکێکی زڕدایكی تاوانلێکراویان دەستگیر کرد کە ناوی (ه. ع. ا)ـه‌ و تەمەن 15 ساڵە و دانیشتووی قەڵادزێیە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: دوای ئەوەی لێکۆڵینەوە له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌ کرا و لە بەردەمی پۆلیس و دادگه‌ دانی به‌وه‌دانا کە پێشنیوەڕۆی دوێنی لەسەر راسپاردەی خوشکەکەی بە مەبەستی خنکاندنی کچە تەمەن 11 ساڵانەکە لە ماڵی خۆیان بردوویەتی بۆ زێی بچووک لە خاس، بە گەیشتنیان بۆ ئەو شوێنە لە قەراخ ئاوەکە پاڵی بەکچەکە ناوە بە مەبەستی خنکاندنی و بەو هۆیەشەوە خنکاوە.

پۆلیسی ڕاپه‌ڕین جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ كچه‌ 15ساڵییەكه‌ دانی به‌وه‌شداناوە کە تاوانەكه‌ی بەقسەی خوشکەکەی ئەنجامداوە.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ پینجشه‌م تەرمی ئاسیا ئەشرەف لە ئاوی خاس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانه‌وه‌ دۆزرایەوە و ره‌وانه‌ی پزیشکی دادی كرا بەمەبەستی ئەنجامدانی توێکاری پزیشکی بۆ تەرمەکەی.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی ڕاپه‌ڕین له‌ كۆتایی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ ئێستا باوەژنی ئاسیا ئەشڕەف و خوشکەکەی بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی دەستگیر کراون.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.