Erbil 11°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 12:13

محه‌مه‌دعه‌بدولسه‌مه‌دی.. ژه‌نیار، ئاوازدانه‌ر و سه‌رپه‌رشتیاری ئۆركێسترای ڕادیۆی كرماشان ..!

( 1936 _ 7/5/1999)
کوردستان TV
100%

هه‌ركات باس دێته‌ سه‌ر به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌تی نه‌مر( حه‌سه‌ن زیره‌ك 1921_26/6/1972) به‌تایبه‌ت شاكاره‌ هونه‌رییه‌كانی له‌ڕادیۆی كرماشان، جیا له‌ زیره‌كیی و لێهاتوویی به‌توانایی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌چڕینی ئاوازه‌ هه‌ست بزوێنه‌كانی، ناوی هونه‌رمه‌ندێكی ده‌ست و په‌نجه‌ زێڕین و ژه‌نیاری ئامێری ڤیۆلۆن، كه‌له‌ته‌واوی كاره‌ هونه‌رییه‌كانی زیره‌كی نه‌مر له‌ڕادیۆی كرماشان سۆلۆی ڤیۆلۆنه‌كه‌ی سه‌رنج و هه‌ستی گوێگر كه‌مه‌ندكێش ده‌كات ،ناوی هونه‌رمه‌ند( موجته‌بای میرزاده‌ 17/3/1945_17/7/2005) هه‌میشه‌ ناوێكی زیندووه‌ له‌پاڵ ناو و كاری هونه‌ری هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك به‌رجه‌سته‌ ده‌بێـت.

ئۆركێسترای ڕادیۆی كرماشان، ئه‌و گرووپه‌ هونه‌رییه‌ی له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ڕادیۆی كرماشانه‌وه، ساڵی (1960) وه‌‌ به ده‌ست و په‌نجه‌و سینه‌و هه‌سته‌ هونه‌رییه‌كانیان خزمه‌تێكی بێ وێنه‌یان پێشكه‌ش به‌ گوێگرانی ڕادیۆ و خه‌رمانی هونه‌ریی مۆسیقا و گۆرانی كوردی كردووه‌، هونه‌رمه‌ندی ڤیۆلۆنژه‌نی به‌توانا (موجته‌با میرزاده) ‌به‌ ته‌نها نه‌بووه‌ له‌ پشت كاره‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند( حه‌سه‌ن زیره‌ك) ه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وشاكارانه‌ به‌كاری كۆمه‌ڵ ئه‌نجام دراوه‌، واته‌ كۆمه‌ڵه‌ ژه‌نیارێك له‌ئۆركێسترای ڕادیۆی كرماشان پێكه‌وه‌ هه‌موو هاوكار و پشتیوانی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك، مه‌زهه‌ری خالقی، خه‌لیلی سه‌دیقی و ده‌یان هونه‌رمه‌ندی تر بوون، كارێكی نه‌شیاوه‌ كه‌ ناویان نه‌هێنین و له‌ تواناو به‌خششه‌ هونه‌رییه‌كانیان كه‌م بكه‌ینه‌وه‌و به‌حورمه‌ته‌وه‌ له‌كه‌سایه‌تی و هونه‌ره‌كه‌یان نه‌ڕوانین.

ئۆركێسترای ڕادیۆی كرماشان له‌هه‌ست و سۆز و ژه‌نینی ئامێره‌كانی مۆسیقای ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ژه‌نیاره‌ به‌توانایانه‌ پێكهاتووه‌( محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌مه‌دی، ژه‌نیاری( كلارنێت) و سه‌رپه‌رشتیاری ئۆركێسترای ڕادیۆ)، (ئه‌كبه‌رئیزه‌دی _ ژه‌نیاری( سه‌نتوور) ،( مه‌حمود بلووری _ ژه‌نیاری (عود) ، ( مه‌حمودمیرئاتی _ ژه‌نیاری( كه‌مان _ ڤیۆلۆن) ، ( موجته‌بای میرزاده_ ژه‌نیاری( كه‌مان _ ڤیۆلۆن) ، ( ئیسماعیل مه‌سقه‌تی_ ژه‌نیاری (تار) ، ئیستیوار ده‌روێشیان _ ژه‌نیاری (تار) ، (‌ به‌همه‌ن پوله‌كی _ ژه‌نیاری ( زه‌ڕب) ، ( مه‌سعود زه‌نگه‌نه‌_ ژه‌نیاری (نای)، هه‌ندێ كات ئه‌گه‌ر مه‌حمود میرئاتی یا موجته‌بای میرزاده‌ له‌وێ نه‌بوونایه‌  ئه‌وا به‌همه‌ن پووله‌كی كه‌مانیشی لێ ده‌دا) (1).

 یه‌كێك له‌ هونه‌رمه‌ندانی ئۆركێسترای ڕادیۆ، هاوده‌م و هاوكارو پشتیوانی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك، هه‌روه‌ها ئاماده‌كار و دابه‌شكاری چه‌ند گۆرانییه‌كی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك و ، هه‌روه‌ها هاوكاری ته‌واوی هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ، ئه‌وانه‌ی به‌مه‌به‌ستی تۆماركردنی گۆرانی ڕوویان له‌ڕادیۆی كرماشان كردووه‌، هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری ئامێری ( كلارنێت و سه‌رپه‌رشتیاری ئۆركێسترای ڕادیۆی كرماشان، هونه‌رمه‌ند ( محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌مه‌دی) یه‌ .

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دعه‌بدولسه‌مه‌دی، له‌ساڵی ( 1936) له گه‌ڕه‌كی ( قه‌ڵاچوالان) ی، ‌شاره‌ پڕ فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و فره‌ هونه‌ره‌كه‌ی سنه له‌خانه‌واده‌یه‌كی هونه‌ریی له‌دایكبووه‌.

ته‌مه‌نی گه‌یشتۆته‌ (10) به‌هار ، ساڵی (1946) محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌مه‌دی ده‌خرێته‌ به‌ركار، له‌لای خزمێكی خانه‌واده‌كه‌ی به‌ناوی ( ئیبراهیم نه‌قشی زاریان) كاری پێڵاو درووین ده‌كات ، له‌وسه‌رده‌مه‌دا له‌ناو شاری سنه‌ به‌و پیشه‌ ده‌ستیه‌یان وتووه‌ ( زه‌هاوی).

هونه‌رمه‌ند دووبرای هه‌بووه‌ به‌ناوه‌كانی( حسێن و ساڵه‌ح) ،

 قۆناغه‌كانی خوێندنی له‌شاری سنه‌ ته‌واو كردووه‌.

هونه‌رمه‌ند له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ مۆسیقا و، حه‌زوو ئاره‌زووی بۆ ژه‌نینی ئامێره‌كانی مۆسیقا ‌ هه‌بووه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حسێنی برای گه‌وره‌ی  هونه‌رمه‌ند و ژه‌نیاری ئامێری مۆسیقا بووه.

حسێنی برای ئه‌و حه‌زو خولیا و عاشق بوونه‌ به‌مۆسیقا له‌ براكه‌یدا به‌دی ده‌كات، له‌ته‌مه‌نی (15) ساڵیدا واته‌ (1951) بڕیارده‌دات ، محه‌مه‌دعه‌بدولسه‌مه‌دی برای بباته‌ ڕیزی(ئه‌رته‌ش)‌ و له‌ تیپی مۆسیقای نیزامیدا فێری ژه‌نینی مۆسیقا ببێت، له‌ تیپی مۆسیقای نیزامیدا به‌سه‌رپه‌رشتی هونه‌رمه‌ند ( حه‌سه‌نی كامگار) ، هه‌موو ئامێره‌كانی مۆسیقای تاقیكردۆته‌وه‌، دوای دووساڵ له‌فێربوون و ژه‌نینی ئامێره‌كانی مۆسیقا له‌ساڵی

( 1953) گه‌یشتۆته‌ ئامێره‌ دڵخوازه‌كه‌ی خۆی، ئه‌ویش ئامێری ( كلارنێت _ قه‌ره‌نای) بووه‌، ئه‌و ئامێره‌ بۆته‌ هاوڕێیه‌كی هه‌میشه‌یی تا دواساته‌كانی ژیانی، لە بەر لێهاتووی خۆی دەتوانێت بڕواتە کۆلێژی مۆسیقا و لەوێ پەرە بە هونەرەکەی خۆی بدات.  

جێی شانازیی و خۆشحاڵییه‌ له‌ناو دنیای مۆسیقای كوردیدا، كۆمه‌ڵه‌ ژه‌نیارێكی به‌توانای ئامێری كلارنێتمان له‌باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌یه‌ ، هه‌ریه‌ك به‌پێی توانای هونه‌ریی خۆیی خزمه‌تی كردووه‌و شایسته‌ی ڕێزو حورمه‌تن،

دوای ئه‌وه‌ی وه‌ك ژه‌نیاری ئامێری كلارنێت ده‌ناسرێت، هونه‌رمه‌ند و مامۆستا( حه‌سه‌ن سوری) ناسراو به‌ حه‌سه‌ن كامگار 1923_1992) ئه‌و كاته‌ له‌ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی شاری سنه‌ كاری كردووه‌ ، هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌مه‌دی ، داده‌مه‌زرێنێت و مانگی (50) تمه‌نی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی پێده‌ده‌ن ،

لە نێوان ساڵی ( 1957 بۆ 1959)  لە ڕادیۆی سنەدا، به‌رله‌وه‌ی بڕواته‌ ڕادیۆی كرماشان، ماوه‌ی (2) دوو ساڵ لە گەڵ هونەرمەندان( ئەردەشیر بەهمەن، کەلهوڕی، عەباس نیروومەند، ساڵەح پیرزەهیری، گریشامیکائیلزادە و هۆشه‌نگ کامگار )بە سەرپەرشتی مامۆستا (حەسەنی کامگار)  ژه‌نیاری كلارنێت بووه‌ و كاری هونه‌ریی له‌گه‌ڵ گرووپی مۆسیقا له‌ڕادیۆ سنه‌دا كردووه‌ .

له‌وماوه‌یه‌دا هونه‌رمه‌ند( عه‌بدولسه‌مه‌دی) له‌سه‌ر ده‌ستی حه‌سه‌ن كامگار و به‌ئاماده‌بوونی هونه‌رمه‌ند( حه‌سه‌ن یوسف زه‌مانی 1931 سنه‌_16/8/2009كه‌نه‌دا) فێری زانسته‌كانی مۆسیقا ده‌بێت و زیاتر قاڵ ده‌بێته‌وه‌ له‌ ژه‌نینی ئامێره‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی .

عه‌بدولسه‌مه‌دی ژه‌نیاری كلارنێت،  حه‌زوو ئاره‌زووی ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ كه‌ مۆسیقای كوردی زیاتر هه‌نگاو بۆ پێشكه‌وتن له‌سه‌ر بنه‌مای زانستی مۆسیقا هه‌ڵبگرێت،  هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1959) شاری سنه‌، زێده‌كه‌ی جێدێڵێ و ڕووده‌كاته‌ ڕادیۆی كرماشان به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تكردن ، له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی هونه‌رمه‌ند له‌ڕادیۆی كرماشان ، پۆستی سه‌رپه‌رشتی ناوه‌ندی پاراستنی ئه‌رشیفی ڕادیۆی پێده‌سپێرن، هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌مه‌دی به‌و كاره‌ ناڕازی ده‌بێت و ئه‌و پۆسته‌ وه‌رناگرێت، چونكه‌ ئه‌و زیاتر ئاره‌زووی خزمه‌تكردنی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ پێش چوونی محه‌مه‌دعه‌بدولسه‌مه‌دی بۆ ڕادیۆی كرماشان گروپێكی مۆسیقا هه‌بووه‌، دیاره‌ به‌شێوه‌ی گروپێكی مۆسیقاژه‌نی ڕێك و پێك نه‌بوون..!

 دوای چوونی عه‌بدولسه‌مه‌دی توانیویه‌تی به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی دڵسۆزانه‌ی خۆیی و ده‌ست و په‌نجه‌ی كۆمه‌ڵێك ژه‌نیاری مۆسیقا،گروپی مۆسیقای ڕادیۆی كرماشان پێكبهێنێت.

( محه‌مه‌د عه‌بدلسه‌مه‌دی، ژه‌نیاری كلارنێت بووه‌له‌تیپی موزیكی له‌شكری كرماشان، خه‌ڵكی سنه‌ بووه‌، پێاوێكی تێگه‌یشتوو بووه‌ له‌بواری موزیك، دێته‌ ڕادیۆ  و ده‌كرێت به‌ سه‌رپه‌رشتی ئۆركێسترای  ڕادیۆی  كرماشان  ، هه‌ربۆیه‌ ئۆركێستراكه‌ ڕێكده‌خاته‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی باشتر له‌وه‌ی پێشتر ، دوای وه‌رگرتنی میرزاده‌ له‌ڕادیۆ ، عه‌بدولسه‌مه‌دی زوو تێده‌گات كه‌ (موجته ‌بامیرزاده‌17/3/1945_17/7/2005) ده‌بێته‌ كۆڵه‌كه‌ی تیپه‌كه‌، چونكه‌ تواناكانی بێ سنوور بوون ، بۆئه‌وه‌ی جارێكی تر تیپه‌كه‌ دروست بكاته‌وه‌، میرزاده‌ بوو به‌هاوكار و یارمه‌تیده‌رێكی  دڵسۆز بۆ محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌مه‌دی، ته‌نانه‌ت هه‌رله‌و كاته‌وه‌ زۆر جار وه‌كو كۆمپۆزه‌ریش ( دانه‌ر) یارمه‌تی عه‌بدو‌لسه‌مه‌دی ده‌دا.

ساڵی (1961) محه‌مه‌د كه‌مانگه‌ر ، موجته‌بای میرزاده‌ به‌  محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌مه‌دی ده‌ناسێنێت و پێی ده‌ڵێت كه‌ وه‌ریبگرن ،میرزاده‌ چه‌ند خوله‌كێك كه‌مان بۆ عه‌بدولسه‌مه‌دی ده‌ژه‌نێ ، عه‌بدولسه‌مه‌دی زۆری به‌دڵ ده‌بێت، هه‌رزه‌كارێك له‌و ته‌مه‌نه‌دا به‌و جۆره‌ بژه‌نێت ، زۆریش هانی ده‌دات  كه‌ به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر موزیك ، بۆیه‌ به‌ئاسانی وه‌ریده‌گرێت) (2).

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌مه‌دی ده‌بێته‌ سه‌رپه‌رشتیاری ئۆركێسترای ڕادیۆی كرماشان، وه‌ك ئاواز دانه‌ر و ئاماده‌كار و دابه‌شكاری مۆسیقا، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند عه‌بدولسه‌مه‌دی پێشنیاز بۆ خانمه‌ گۆرانیبێژی هاوشاریی( فه‌تانه‌وی وه‌لیدی) ده‌كات كه‌ سه‌ردانی‌ ڕادیۆی كرماشان، گۆرانی بخوێنێ و ئه‌مانیش وه‌ك گروپی مۆسیقا هاوكاری بن. 

هونه‌رمه‌ند عه‌بدولسه‌مه‌دی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی هاوڕێی ده‌رگای ئۆركێستراو ڕادیۆ ده‌خه‌نه‌ سه‌رپشت ، بۆمه‌به‌ستی هاوكاری كردن و تۆماركردنی به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندان، ئه‌ویش به‌هاوكاری هونه‌رمه‌نده‌ ژه‌نیاره‌ به‌تواناكانی گرووپه‌كه‌ی، چه‌ندین كاری هونه‌ریی جوان جیا له‌هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌تی نه‌مر حه‌سه‌ن زیره‌ك ، به‌ڵكۆ بۆ زۆر له‌ هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك( مه‌زهه‌ری خالقی ، شه‌فیع كێمنه‌یی ،ئیسماعیلی مه‌سقه‌تی ، ئیسماعیلی پیرخدری، فه‌تانه‌ی وه‌لیدی ، ئیبراهیمی خۆشنه‌وا، عه‌لای بابه‌شه‌هابی،مورته‌زای توندڕۆ، هاشمی ڕبیعی، خه‌لیلی سه‌دیقی، مه‌هدی حوجه‌ت السادات، فه‌ره‌یدونی ئه‌رده‌ڵان، حیشمه‌ت لوڕنه‌ژاد، حوسێنی ئه‌لبورزی ، سه‌عیدی قه‌ندی ، محه‌مه‌د ئیبراهیم ته‌هماسبی ، فیرووز و ئیسماعیلی سابوور ....تاد).

ئه‌و ماوه‌ی یه‌ك دووساڵه‌ی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌ڕادیۆ كرماشان دا گۆرانی و شاكاره‌ هونه‌رییه‌كانی  به‌هاوكاری ئۆركێسترای ڕادیۆ تۆماركردووه‌، په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر پته‌وی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ئۆركێسترادا هه‌بووه‌، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌مه‌دی و موجته‌بای میرزاده‌) ته‌نانه‌ت به‌ سێ كوچكه‌ی مۆسیقا و ئاواز و ده‌نگی كوردی ناویان بردوون ( حه‌سه‌ن زیره‌ك، موجته‌بای میرزاده‌و محه‌مه‌دعه‌بدولسه‌مه‌دی) .

هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌مه‌دی، ماوه‌ی (10) ساڵ وه‌ك ژه‌نیاری ئامێری كلارنێت و سه‌رپه‌رشتیاری ئۆركێسترای ڕادیۆی كرماشان، له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندین ئاوازی داناوه‌و، هه‌روه‌ها ده‌یان كاری دابه‌شكردن و ئاماده‌كاری مۆسیقای ئه‌نجام داوه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا جوانترین مێژووی پڕ به‌خششی هونه‌ریی بۆ خۆی تۆماركردووه‌، هونه‌رمه‌ند ته‌نها مه‌به‌ستی بووه ‌خزمه‌ت به‌ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بكات.

(لەم ماوەیەی کە لە کرماشاندا بوو چەندین بەرهەمی جوان دابەش ئەکات بۆ هونه‌رمه‌ند گه‌ل ئەو سەردەمە بە تایبەت بۆ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند( حەسەن زیرەک) ئەم بەرهەم گەلە بریتین لە:
(کۆڵونە سوور تۆبە بێ، ئەی بەلار و بەلار، ئای نیزام بۆ خۆم نیزام، هەروایە هەروایە، هۆلەیلی، مریەم بۆکانی، کەویار و پاوانەکانی دەزرنگێتەوە و زۆر گۆرانی دیکە کە بە داخەوە ئەو سەردەمە بە ڕوونی دیارنەکراوە کە کێها گۆرانی دابەشکردنی مامۆستا میرزادەیە و کێهایان هی مامۆستا عەبدولسەمەدی یه‌، دیارە زۆرتر هەوڵیان ئەوە بووگە کە کارێکی بە کۆمەڵ، جوان و یەکدڵ پێشکەش بکەن.
ئەم گۆرانیانەش کە نێویان هاتووە یەکەم لە بەر شێوازی داڕشتنی دابەشکردنەکەی و دیاربوونی ئامێری کلارینێت لە دابەشکردنەکەدا، دووهەمیش لە زمانی مامۆستا ساڵەح عەبدولسەمەدی برایەوە ئەم زانیاریانەمان بۆ بە جێ ماوە، زۆربەی ئەو دابەشکردنانەش وا مامۆستا میرزادە تێیدا سۆلۆی کەمانی ژەندووە هەر هی مامۆستا عەبدولسەمەدی بووه‌) (3) .

 له‌ساڵی ( 1969) شاری كرماشان به‌جێ دیڵێ و به‌ره‌و تاران ی پایته‌خت هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت،  هونه‌رمه‌ند له‌شاری تاران ناوه‌ستێ و درێژه‌ به‌كارو چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی ده‌دات،  هونه‌رمه‌ند ده‌گه‌ڕێ تا ده‌چێته‌ خزمه‌تی به‌ناوبانگترین و باشترین مامۆستای ژه‌نیاری ئامێری كلارنێت له‌ ئێران ( سه‌رهه‌نگ ئه‌فشار) ، له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و مامۆستا و هونه‌رمه‌نده‌، زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ئامێری كلارنێت و مۆسیقا به‌گشتی وه‌رده‌گرێت، ئه‌و زانیارییانه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر گه‌نجینه‌ی هونه‌ریی خۆیی و زێده‌تر له‌پێناو هونه‌ر و ئامێره‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی تێده‌كۆشێت،  پاشان بۆ مه‌به‌ستی گه‌شه‌كردن و پێشخستنی هونه‌ره‌كه‌ی له‌لای هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( مورته‌زا حه‌نانه1922_17/10/1989‌) له‌تاران هونه‌ره‌كه‌ی درێژه‌ پێده‌داو گه‌شه‌ ده‌كات.

له‌شاری تاران هونه‌رمه‌ند به‌ توانا و لێهاتوویی له‌ ژه‌نینی ئامێری كلارنێت به‌شداری چالاكییه‌هونه‌رییه‌كان له‌ ئۆركێسترای كوردی و   منداڵان و هه‌روه‌ها ئۆركێسترای گه‌وره‌ی ڕادیۆ ته‌له‌فزیۆن دا ده‌كات،  هونه‌رمه‌ند وه‌ك ژه‌نیارێكی كورد ، جیا له‌ كاری هونه‌ریی له‌گه‌ڵ گۆرانیبێژان و هونه‌رمه‌ندانی كورد، به‌ڵكو جێده‌ستی هونه‌ریی له‌سه‌ر كاره‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ندانی فارسیش دا به‌رجه‌سته‌یه‌ و به‌هه‌سته‌ هونه‌رییه‌كه‌ی به‌شداری به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ندانی فارسیشی كردووه‌، هه‌روه‌ها كاتی بۆ فێربوونی زانسته‌كانی مۆسیقا و سۆڵفێج ته‌رخانكردووه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی ژیانی ته‌رخانكردووه‌ بۆ ئاماده‌و دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ندان.

له‌دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران ، له‌لایه‌ن زانكۆی (كابول) ی ئه‌فغانستان ، هونه‌رمه‌ند بانگهێشتی ئه‌و زانكۆیه‌ ده‌كرێت، تاله‌نزیكه‌وه‌ سوود له‌تواناو  زانسته‌ مۆسیقیه‌كانی هونه‌رمه‌ند وه‌ربگرن .

به‌هره‌ی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌مه‌دی، سنووری جوگرافیای ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان تێده‌په‌ڕێنێ ، له‌لایه‌ن گه‌و‌ره‌ترین ئۆركێسترای وڵاتی ( سوید) به‌فه‌رمی بانگهێشت ده‌كرێت وماوه‌یه‌ك له‌و وڵاته‌ ده‌مێنێته‌وه‌ و چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی سوید ئه‌نجام ده‌دات ،( مامۆستا عەبدولسەمەدی لە ماوەی مانەوەی لە سوید بە بێکار نەماوە و لە وێ بە و پێشکەشکردنی پارچەکان بە ئامێری ئێرانی و فۆرمەکانی ڕۆژئاوایی هەروەها بەشداری لە چەندین کۆنسێرتی سویدا درێژە بە کار و هونەری خۆی دەدا. سەرقاڵی ئامادەکردن و ڕێکخستنی گۆرانی کوردی و فارسی بووە) (4).

به‌مه‌به‌ستی زانیاری زێده‌تر ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ند و ساڵی چه‌ند له( سوید) بووه‌، په‌یوه‌ندیم كردبه‌ هونه‌رمه‌ند( ناسری ڕه‌زازی) ، لێم پرسیی ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ند ئایا به‌ڕێزتان له‌سوید هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دعه‌بدولسه‌مه‌دی له‌نزیكه‌وه نه‌دیوه ، گوایه‌ ماوه‌یه‌ك هاتۆته‌ سوید‌‌؟

هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی له‌وه‌ڵامدا: ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا ، به‌داخه‌وه‌ ته‌مه‌ن زۆر له‌یاده‌وه‌رییه‌كانی لێ زه‌وت كردووم، به‌ڵێ به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ژه‌نیاره‌ به‌توانایه‌م له‌ سوید بینی ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم له‌نێوان ساڵی (1987 و 1988) بوو، میوانداریم لێكرد له‌ماڵی خۆمان و وێنه‌شمان گرت پێكه‌وه‌،من چۆن و هه‌میشه‌ وتوومه‌ قوتابی هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌تی نه‌مر ( حه‌سه‌ن زیره‌ك) م و به‌ڕێچكه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ بوومه‌ته‌‌ گۆرانیبێژ، هه‌میشه‌ ئاواتم بوو له‌نزیكه‌وه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ژه‌نیارانه‌ ببینم كه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك مۆسیقایان ژنیوه‌، به‌ختم باشی هێنا له‌نزیكه‌وه‌ به‌دیداری هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ ( موجته‌بای میرزاده‌) له‌ئه‌مریكا و سلێمانی گه‌یشتم و  له‌ئه‌مریكا میرزاده‌ له‌ئاهه‌نگێكدا مۆسیقای بۆ ژه‌نیووم ، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌، مامۆستاعارف ئیبراهیم پوور ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك له‌ ته‌واوی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا پێكه‌وه‌ كاری هونه‌ریمان ئه‌نجامداوه‌ ، هه‌روه‌ها بۆ هونه‌رمه‌ندمحه‌مه‌دی عه‌بدولسه‌مه‌دی به‌ختم باشی هێنا له‌ سوید به‌دیداری شادبووم، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ پێكه‌وه‌ كاری هونه‌ریمان نه‌كردووه‌ ، به‌ڵام یه‌كێكه‌ له‌هونه‌رمه‌نده‌ به‌تواناكان له‌ژه‌نینی ئامێری كلارنێت ، ئه‌و كاته‌ی ڕێبه‌ری ئۆركێسترای ڕادیۆی كرماشان بوو ، له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپه‌ هونه‌رمه‌نده‌ ده‌ست و په‌نجه‌ زێرینانه‌ له‌باری ژه‌نینی مۆسیقاوه‌ گه‌وره‌ترین خزمه‌تیان به‌ هونه‌رمه‌ندان  حه‌سه‌ن زیره‌ك و مه‌زهه‌ری خالقی و هه‌موو ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی له‌وسه‌رده‌مه‌دا ڕوویان له‌ڕادیۆی كرماشان كردووه‌) (5) .

 به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر نه‌بوونی سه‌رچاوه‌یه‌كی وورد ، نه‌زانراوه‌ ماوه‌ی چه‌ندساڵ له‌ ئه‌فغانستان و سوید ماوه‌ته‌وه‌.

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌مه‌دی، له‌ناو ئاواز و هونه‌ری كوردی و فارسیدا وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی چه‌له‌نگ و به‌توانابوونی هه‌یه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی شاره‌زایه‌كی زۆر باشی هه‌بووه‌ له‌ ناسین و ژه‌نینی ئامێره‌كه‌ی له‌سه‌ر ڕیتم و ده‌ستگای مه‌قامه‌كان .

هونه‌رمه‌ند له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، ژیانی هاوبه‌شی له‌شاری كرماشان له‌ساڵی( 1960) پێكهێناوه‌و خاوه‌نی  چوار منداڵه‌( دوو كچ و دوو كوڕ) .

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌مه‌دی ، به‌ده‌ست و په‌نجه‌و سینه‌ی پڕ هه‌ناسه‌یی و ئامێره‌ شیرینه‌كه‌ی ( كلارنێت) خۆی ناساند و ناو و ناونیشانی له‌ مێژووی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی دا نه‌خشاندووه‌، براگه‌وره‌كه‌ی ( حسێن عه‌بدولسه‌مه‌دی) ئه‌ویش  هونه‌رمه‌ند و ژه‌نیاری مۆسیقا بووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ زانیاریی ته‌واو له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ تا به‌خوێنه‌ران و هه‌وادارانی هونه‌ری مۆسیقا بناسێینین، برای ئازیز ( پژمان عه‌زیمی ) له‌گه‌ڵ ناردنی زانیارییه‌كان ، دوو وێنه‌ی ده‌گمه‌نیشی كردۆته‌ دیاری ، یه‌كێكیان هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌مه‌دی له‌نێوان كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری ڕادیۆی سنه‌، ئه‌وی دیكه‌یان وێنه‌ی مامۆستا ( ساڵه‌ح عه‌بدولسه‌مه‌دی) یه‌ ، به‌وشێوه‌یه‌ش زانیاریی له‌سه‌ر ئه‌و وێنه‌یه‌ داوه‌:

 ( مامۆستا ساڵەح عەبدولسەمەدی وەک لە ڕەسمەکەدا دەبیندرێت ئامێرێکی سێ کارەی داهێناوە کە هێشتا ماوە لە ماڵیاندا بەڵام بە داخەوە (سەبت) یان مافی داهێنان نەکراوە، بە بارێکدا کاری چەنگ ئەکات، بەو بارەکەی تریدا کاری سەنتوور و قانوون ئەکات، بە داخەوە مامۆستا ساڵەح، پارەکە کۆچی دوایی کرد)(5).

به‌داخه‌وه‌  و ڕۆحی شاد بێت ، واته‌ ساڵی (2022) كۆچی دوایی كردووه‌ و ئه‌ویش هونه‌رمه‌ندێكی داهێنه‌ری بواری مۆسیقا بووه‌، سڵاو و دروود بۆ ئه‌و خانه‌واده‌ هونه‌رییه‌. 

مه‌خابن دوای به‌سه‌ربردنی (63) ساڵ ته‌مه‌ن ،  هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دعه‌بدولسه‌مه‌دی ‌ زیاتر له‌نیوه‌ی ته‌مه‌نی به‌خشیوه‌ به‌ هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی ، له‌ڕێكه‌وتی ( 17 اردیبهشت 1378) ی هه‌تاوی به‌رامبه‌ر به‌ ( 7/5/1999) له‌شاری تاران ژیانئاوایی ده‌كات و ، له‌گۆڕستانی( به‌هه‌شتی زه‌هرا) ی تاران  به‌خاك ده‌سپێردێت، سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی هاوڕێی و هاوده‌می شاكاره‌ به‌رزه‌كانی هونه‌رمه‌ند ( حه‌سه‌ن زیره‌ك ) و هه‌موو ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی پێشتر ناوم هێناون ، ڕۆحی شاد بێت ، تا ده‌نگ و چریكه‌ی هونه‌رمه‌ند و مامۆستا (حه‌سه‌ن زیره‌ك) به‌تایبه‌تی كاره‌ هونه‌رییه‌كانی ڕادیۆی كرماشان  بوونی هه‌بێت و  بڕژێته‌ گوێچكه‌ی هه‌وادارانی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌كه‌وه‌، ناو و هونه‌ری هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری كلارنێت ( محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌مه‌دی) هه‌رده‌مێنێ و یاد و یاده‌وه‌رییه‌كانی هه‌رده‌م به‌رزو پڕ شكۆ بێت.

جه‌مالی ده‌لاك (9/5/2023) هه‌ولێر .

سه‌رچاوه‌:

(1)كتێبی موجته‌بامیرزاده‌ ، شانازیی میوزیكی كوردی ، دلێرسه‌لیم، لاپه‌ڕه‌ (19).

(2) چاوپێكه‌وتن  له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د كه‌مانگه‌ر ، ساڵی (2009) له‌ تاران، كتێبی موجته‌بامیرزاده‌، شانازیی میوزیكی كوردی، دلێرسه‌لیم، لاپه‌ڕه‌ (18 و 19).

(3 و 5) زانیارییه‌كانی برای به‌ڕێز( پژمان عه‌زیمی) له‌شاری سنه‌ ، ناردوویه‌تی بۆ برای هونه‌رمه‌ند( ئه‌سعه‌د ڕه‌زازی) و ئه‌ویش كۆمه‌كی به‌نده‌ی كردووه و زانیارییه‌كانی له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند پێ به‌خشیووم‌ له‌ڕێكه‌وتی (7/5/2023).

(4)ڕێبەری ئۆرکێستی ڕادیۆی كرماشان ژەنیاری بەتواناو بەئەزموون مامۆستا عەبدول سەمەدی

( قەرەنی) ، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك

سەرکەوت ئەمین ١٠ / ٣ / ٢٠٢٣.

(5) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌ڕێی واتساپه‌وه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( ناسری ڕه‌زازی) ‌ ، ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ ( 7/5/2023) ( هه‌ولێر _ دوكان) .

سوپاس و پێزانینم بۆ هه‌ریه‌ك له‌م ئازیزانه‌، هه‌ریه‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌ك هاوكارم بوون و سوودم لێوه‌رگرتوون به‌ڕێزان(  كاوه‌ پیشداد( ئینستاگرام_ بۆكان) ، سه‌ركه‌وت ئه‌مین_ سلێمانی )  ، (ئه‌سعه‌دڕه‌زازی_ سوید)، ( پژمان عه‌زیمی _ سنه‌  )  (جه‌لال هانیسی _ نه‌رویج) ( ج،د) .

  

 

 

 

 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.