ئەگەر سەرنجێك لەتێكستی گۆرانییە كوردییەكان بدەین لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە، لێوان لێوە لە گۆرانی جوان و تێكستی بەنرخ پڕسۆز و هه‌ست بزوێن، كاتێك گوێبیستی هەریەك لەو ئاواز‌و تێكستە جوانانە دەبین، دەمان گەڕێنێتەوە بۆ هەگبەی یادەوەرییەكانمان چونكە لەبیرەوەرییەكانماندا بەزیندوویی و جوانی هەڵمانگرتووە و پاراستوومانن لەبەر ئەوەی ئاواز و ده‌نگی هونه‌رمه‌ند و تێكستەكە هەڵقوڵاوی فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووری نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌و مۆركی كوردی و ڕه‌سه‌نایه‌تی لێده‌چۆرێ ، هەركات ئه‌و گۆرانیه دێتەوە بەرگوێمان واهەست دەكەین كە تازە تۆماركراون، سه‌دئافەرین و باره‌كه‌ڵڵا بۆ هونەرمەندانی نەتەوەكەمان بەو كەم دەرامەتە ئابووری و تەكنەلۆجیایه، توانیویانە ئەو كارە پڕ چێژ و مەزنانە بخوڵقێنن و تۆماری بكەن و ببێتە ئەرشیفی هونەری نەتەوەكەمان ، لەلایەكی دیكەشەوە سەلیقەو لێهاتووی هونەرمەندانی كورد، لەوەدا بەدەردەكەوێت كە زۆرینه‌یان گەڕاون بەدیوانی شاعیرە مەزنەكانمان و شیعری باش و پڕمانا و شیعرێك كەبشێ لەگەڵ مۆسیقا و گۆرانیدا هەڵبژێرن و میلۆدییه‌كی خۆش به‌باڵایدا ببڕن ، ڕاستە شاعیرەكانمان هەریەكەیان بۆخۆیان پڕبەرهەم و كاری جوانن ،دەبێت هەمیشە شانازی به‌شاعیره‌كانمانه‌وه بكه‌ین ، بەڵام لەلایەكی دیكەشەوە هۆكاری دەركەوتن و ئاشناكردنی هۆنراوەی شاعیرەكانمان بەخوێنەر و بیسەری كورد ، دەنگ و هونەری هونەرمەندانی گۆرانبێژی كوردە،كه‌واته ده‌نگ و میلۆدی به‌سۆزه تێكست ده‌ناسێنێ، چونكە ئەوانن لەبەرهەمەكانیاندا ماهیەت و ناوەرۆكی بەنرخی ئەوهۆنراوانەیان بەئێمە ئاشناكردووە،كه‌واته هونه‌رمه‌ندو مامۆستای مه‌قامات( عه‌لی مه‌ردان 1904_ 24/7/1981) زۆر جوانی فه‌رمووه( له‌شاعیرانی به‌ناوبانگ له‌وانه له‌لوتكه‌ی به‌رزی شیعری كوردی‌یان گرتبوو، منیش شیعر و هه‌ڵبه‌سته‌كانیانم بۆ هه‌تا هه‌تایه ده‌هێشته‌وه و ده‌مخستنه خانه‌ی نه‌مری یه‌وه ، به‌دانانی ئاواز بۆیان، یان به‌وتنیان له گۆرانی و مه‌قامی ڕه‌سه‌ن و به‌سۆزو جۆشدار، گۆرانییه‌كانم شیعره‌كانیانی به‌رزتر ده‌كرده‌وه و هه‌روا شیعره‌كانی ئه‌وانیش فه‌ڕونرخی گۆرانییه‌كانی منیان زیاتر ده‌كرد، ئه‌مه‌ش شانازی و زیندوویه‌تیه‌كی تر بوو بۆ هه‌ردووك لامان). (1)
دێمه‌وه سه‌ر ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی به‌ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یان ، هۆنراوه‌ی شاعیرانی نه‌ته‌وه‌كه‌مانیان زیاتر له‌لا خۆشه‌ویستر كرد، هونەرمەند و مامۆستا عەلی مەردان زیاتر هۆكار بوو بۆ ناساندنی هۆنراوەی
( ست فاتیمە) كەی شاعیر و مامۆستا( ئەحمەد هەردی 1922_29/10/2006) یان هونەرمەند( تایەر تۆفیق 1922_20/10/1978) ( شیرین بەهارەكەی ) مامۆستا و شاعیر ( ئیبراهیم ئەحمەد6/3/1914_8/4/2000 ) ، هونەرمەند ( محەمەدی ماملێ1925_23/1/1999 ) و هۆنراوەكانی ( وەفایی1844_1902) و( هێمن1921_16/4/1986) و (هه‌ژار13/4/1921_21/2/1991) و (هاشمی نانەوازادە) وچەندین شاعیری تر، هونەرمەندان ( حەمە جەزا3/2/1949_1/10/2010) و (ناسری ڕەزازی 1955) ) هۆنراوەكانی ( هێمن) ی شاعیر، هونەرمەند( حەمەی نێرگز 1944_23/9/2013 ) و هۆنراوەكانی ( (گۆران1904_1962) و (دڵشاد مه‌ریوانی 28/3/1947_13/3/1989) و هونه‌رمه‌ند ( نه‌جمه‌دینی غوڵامی 1958 ) هۆنراوه‌كانی ( شه‌ریف، ڕه‌حیمی لوقمانی و حه‌مه عه‌زیز) ، هونه‌رمه‌ند( بەهجەت یەحیا) هۆنراوەكانی (هێمن مام نادر )....تاد ،
بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیە ئەمڕۆ چەندین شاعیری گەورەمان هەیە هۆنراوەكانیان لەخزمەت گۆرانی و مۆسیقای كوردیی دایە نموونەشیان زۆرن ،
ئەو شاعیرەی مەبەستمە هەڵوێستەی لەسەر بكەم و هۆنراوەكانی بەڕۆحمان ئاشنایەو زیاتر لە ( 100) هۆنراوەی لەلایەن هونەرمەندانی گۆرانیبێژەوە كراون بەگۆرانی بەمیلۆدییەكی زۆر جوان و نایاب كه لەبەهای هۆنراوەكەیان كەم نەكردۆتەوە بەڵكو هۆنراوەكەیان گەورەتر و باڵاتر و بەنرختر كردووە ، ئەویش شاعیر ( ئەحمەد محەمەد) ە ،
سەرەتا من بەخزمەتی كاك ئەحمەد محەمەد نەگەیشتبووم و زۆر بەهۆنراوەكانی ئاشنا نەبووم تا لەدەنگە بەسۆزەكە هونەرمەندی گەورە ( كەریم كابان) ەوە گوێ بیستی هۆنراوە مەزنەكەی( تەمەن) بووم ، لەگەڵ بیستنی هۆنراوەكە بەو میلۆدییە جوانەی هونەرمەندی ژەنیار ( زانای مەحمود هەژار) ، كەوتمە ئەو خوێندنەوەیە بۆ ئەحمەد محەمەد ، وەك هونەرمەندێكی پەیكەرتاش دانیشتووەو هونەرمەندی گەورە (كەریم كابان24/2/1927_14/1/2016) لەبەردەم خۆیدا داناوە و پۆرترێتێكی لەوشە بۆدروستكردووە ، هەرچەندە ئەو هۆنراوەیەی ئەحمەد محەمەدی لیریك نووس، زۆر پێش لەدایكبوونی ئەو میلۆدییە جوانە نووسراوە، بەڵام كاتێك گوێت لەتێكستەكە دەبێ واهەست دەكەیت پڕاوپڕ بۆ ژیانی هونەری هونه‌رمه‌ند كەریم كابان نوسراوە و داڕێژراوه،
لە سەرەتای مانگی ( 6/2001) هونەرمەند ناسری ڕەزازی و خانەوادەكەی دوای (7) ساڵ دابڕان لەكوردستان گەیشتنەوە شاری سلێمانی ، ناسری ڕەزازی ئاواتی بوو دوو كەسایەتی له‌نزیكه‌وه ببینێ، یەكێكیان هونەرمەندی شاری كەركوك
( هابە1945_16له‌سه‌ر17/8/2001 ) و ئەوی دیكەیان
( ئەحمەد محەمەدی ) شاعیر بوو .
هونەرمەند ناسری ڕەزازی له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا بەدیداری هەردووكیان شادبوو ، كاتێك كاك ئەحمەد محەمەدی بینی دوای پێخۆش حاڵبوون و سەرسامبوونی بەهۆنراوەكانی هیوای بەردەوامبوون و سەركەوتنی بۆ خواست، ناسری ڕەزازی سەربەندی هۆنراوەیەكی دایە ده‌ست ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د و پێی ڕاگەیاند:
وتی دەتوانی لەسەر ئەم سەربەندە هۆنراوەیەكم بۆ دابنێیت و بەهەمان ئاواز كە هەیە لە كۆنسێرتی هۆڵی ڕۆشنبیری بیخوێنم ،ئەو سەربەندەو ئاوازه هی برای هونەرمەندم كاك (حەسەن غەریب) ە لەشاری كەركوك ده‌ژیی .
ئەو كۆپلە هۆنراوەیە هونەرمەند ناسری ڕەزازی دای بە ئەحمەد محەمەد :
(بارگەی خەمم هەڵگرت و هاتم بۆ شارەكەم
هاتم بەرەو ماڵی خزم و كەس و كارەكەم
بۆ باوەشی گەرمی دایكە دڵ سووتاوەكەم
تاكو بزانێ چەندە بەسوێیە ئازارەكەم )
دوای خوێندنه‌وه و كه‌مێك ڕوانین له هۆنراوه‌كه، ئەحمەد محه‌مه‌د بەڵێنی دا هۆنراوەكە تەواو بكات و ماڵئاوایی كرد ، بۆ رۆژی دواتر ئه‌حمه‌د محه‌مه‌دی شاعیری لیریك، سەردانی شوێنی حەوانەوەی هونەرمەندناسری ڕه‌زازی لە مۆتێل چنار لەشاری سلێمانی كردەوە بەڵام بەهەگبەیەكی پڕەوە ، وتی كاك ناسر ئەوە هۆنراوەكە بزانە چۆنەو بەدڵتە ؟!
كاتێك هونەرمەند ناسری ڕەزازی هۆنراوەكەی خوێندەوە زۆر شادمان بوو و زۆرسوپاس و دەستخۆشی له ئەحمەد محەمەد كردوو زۆر خۆشحاڵبوو .
ئه‌حمه‌د محه‌مه‌دی شاعیر ، ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی و ته‌واو كردنی هۆنراوه‌ی ( بارگه‌ی خه‌م) نووسیویه‌تی :
( ڕەزازی تەنیا موئەدی نییە بەڵكو كۆمەڵێك بەهرەی زۆر لەمرۆڤێكدا كۆبۆتەوە، ئەتوانم بڵێم شاعیرە ، مەقام ناسێكی كەم وێنەی ، ئاوازدانەرە، ئەدیبە، وەرگێڕە و چەندین بەهرەی تر .
لەڕۆشنبیری ئەدەبیدا ئەدیبە چونكە لەهەڵبژاردنی شیعردا تاكە هونەرمەندە كە بزانێت چ شیعرێك دەكاتە گۆرانی جیاواز لە هونەرمەندەكانی تر،زۆرجار شیعری فۆلكلۆریش جوانتر دەكات بەتازەگەریی خۆی ، بۆیە لەگەڕانەوەیدا بۆ كوردستان دوای یەكتر بینینمان پێی وتم :
گۆرانییەكی تازەم هەیە بەڵام یەك كۆپلە لە شیعرەكەیم لایه لەبەر خەمی تاڵی غوربەت بۆم تەواو نەكراوە و پێم خۆشە تۆ بۆم تەواو بكەیت و بۆم بنووسیت، گۆرانی ( بارگەی خەم ) چوار دێڕی یەكەمی دامێ و وتی تكات لێ ئەكەم بەڵكو زوو بۆم تەواو بكەیت بابۆئەم كۆنسێرتە پێشكەشی بكەم ، منیش كۆپلە شیعرەكەی خۆیم لێوەرگرت و هەر ئەو شەوە شیعرەكەم بۆ تەواو كرد دەستكارییەكەی كەمی كۆپلەی خۆشیم كردبوو ،كە گەڕامەوە بۆلای زۆری پێ جوان بوو وتی بەڕاستی چوار دێڕەكەی منیشت جوانكردووه(2).
هونه‌رمه‌ند ناسری ڕەزازی لە ڕێكه‌وتی (30/6/2001) بۆیه‌كه‌م جار و له‌یه‌كه‌م ڕۆژ و ڕۆژانی دواتری كۆنسێرت له هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی خوێندی ، كاتێك ئامادەبووان گوێ بیستی ئەو گۆرانیە نوێە بوون بەدەنگی ڕەزازی سەراپا هۆڵ خرۆشا و بوو چەپڵە ڕێزان .
بووە جێی خۆشحاڵی ئامادەبووانی كۆنسێرتەكە ، ئافەرین لەو هەست و سۆزە بەتوانایەی ئەحمەد محەمەد كەلەو ماوە كەمەدا توانی بەوشێوەیە ئەو هۆنراوە بەرزە تەواو بكات و ببێتە ئەو گۆرانییە مەزنەی ئێستا كە جێگەی ڕەزامەندی هەوادارانی دەنگ و هونەری هونەرمەند ناسری ڕەزازی یه.
هۆنراوەكەی شاعیر ئەحمەد محەمەد دوای ده‌ستكاری (بارگەی خەم) :
بارگەی خەمم هەڵگرتوو ، هاتمەوەبۆ شارەكەم
هاتم بەرەو دیاری ، شەنگی كەس و كارەكەم
بۆباوەشی بەسۆزی ، دایكە دڵ شكاوەكەم
تاكو بزانێ چەندە بەسۆیە ئازارەكەم
*****************************
هاتووم وەكو شەماڵێك چڵ و گەڵا بدوێنم
پایزی غەریبی بەجارێك هەڵوەرێنم
كە من نمەی باران بم ...ئێوەش ئاوێنەی باخمن
هەرچەندە لێتان دوور بم ....هەنسك و ئاهی ناخمن
*****************************
دڵم پرسە خانەیە ...سەرم بەفری زستانە
هەمیشە خەم لەچاوما باڵاترین میوانە
وەك باڵندەی لانەواز تەرەو بێ ناونیشانم
چەند شیرینە كە دەڵێم من خەڵكی كوردستان‌م .
دەخوازم ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د، هەمیشە باخی ئەدەب و هۆنراوەی كوردی بەهەست و وشە ناسكەكانی تەڕترو پاراوتر و دەوڵەمەندتر بكات .
بۆزانیاری زیاتر ئەو كۆپلەیەی سەرەتا هۆنراوەی ( بارگەی خەم ) ، سه‌ربه‌ندی گۆرانییه‌كه‌و ئاوازەكەی هی هونەرمەندی شارە ئازیزەكەی كەركوك هونەرمەند ( حەسەن غەریب) ە ، هیوای سەركەوتن و سەرفرازی و بەردەوامبوون لەڕێگا پیرۆزەكەی هونەری گۆرانی بۆ هونەرمەند و دەنگخۆشی شاری كه‌ركوك حەسەن غەریب دەخوازم .
جه‌مالی ده‌لاك _ هه‌ولێر
سه‌رچاوه : (1) كتێبی گه‌ڵای پایز ،، بیره‌وه‌ری عه‌لی مه‌ردان ،، ئاماده‌كردنی ( عه‌بدولقادر عه‌لی مه‌ردان) ، ڕیكخستن و لێكۆڵینه‌وه( ئه‌حمه‌د سه‌ید عه‌لی به‌رزنجی) ، لاپه‌ڕه. ( 191)
(2) ناسری ڕەزازی چەند گەورەیە، ئەوەندە بێگەرد و ساكارە ، نووسینی ئەحمەد محەمەد له
30/4/2002
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.