Erbil 15°C پێنجشەممە 25 نیسان 09:49

شه‌وی ڕابردوو پووتین چۆن له‌ هه‌وڵێكی كوشتن ڕزگاری بوو؟

کوردستان TV
100%

شه‌وی ڕابردوو ڤلادیمیر پووتین سه‌رۆكی ڕووسیا له‌ هه‌وڵێكی كوشتنی پلانداڕێژراو ڕزگاری بوو، به‌رپرسێكی وڵاته‌كه‌ش چۆنییه‌تی ڕزگاربوونه‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات.

كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی ڕووسیا (كرملین) ڕایگه‌یاند: شه‌وی ڕابردوو له‌ ڕێگه‌ی دوو درۆنی بۆمبڕێژكراوه‌وه‌ كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی ڕووسیا كرایه‌ ئامانج و هه‌وڵه‌كه‌ش بۆ كوشتنی ڤلادیمیر پووتین بوو، به‌ڵام هه‌وڵه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو.

ڕاشیگه‌یاند: به‌رله‌وه‌ی درۆنه‌كان بگه‌نه‌ شوێنی دیاریكراو و ئامانجه‌كانیان بپێكن، له‌لایه‌ن سیسته‌می به‌رگریی ڕووسیاوه‌ خراونه‌ته‌ خواره‌وه‌ و تێكشكێنراون.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: درۆنه‌كان ئۆكڕاینی بوونه‌ و ئامانج و پلانیان كوشتنی ڤلادیمیر پووتین سه‌رۆكی ڕووسیا بووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ چۆنییه‌تی ڕزگاربوونی سه‌رۆك، دمیتری پیسكۆف گوته‌بێژی كرملین گوتی: له‌ كاتی هێرشه‌كه‌دا پووتین له‌نێو كۆشكی كرملین نه‌بووه‌، به‌ڵكو له‌ شوێنی سه‌ره‌كی مانه‌وه‌ی خۆی له یه‌كێك له‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری مۆسكۆی پایته‌خت بووه‌.

گوتیشی: پووتین سه‌لامه‌ته‌ و هیچ زیانێكی به‌رنه‌كه‌وتووه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و هه‌وڵه‌ی كوشتنی هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر خشته‌ی كاره‌كانی ئه‌وڕۆشی نه‌كردووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ كارێكی تیرۆریستی بووه‌ و ئامانجی سه‌ره‌كی تێیدا كوشتنی سه‌رۆكی ڕووسیا بووه‌.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان وه‌ك حكوومه‌تی ڕووسیا وه‌ڵامدانه‌وه‌یان بۆ ئه‌م هه‌وڵه‌ تیرۆریستییه‌ ده‌بێت و له‌ هه‌ر كاتێكی گونجاودا گورز له‌ ئۆكڕانیا ده‌ده‌نه‌وه‌.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.