Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 17:27

دیندار زێباری: حكومەت لەسەر ئەركی خۆی پارێزەر بۆ تۆمەتباران دابیندەكات

کوردستان TV
100%

رۆژی سێشەممە 28ی ئاداری 2023، رێكخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە جیهان لە ساڵی 2022 بڵاو كردەوە.
 ڕاپۆرتەكە بە گشتی تیشكی خستۆوتە سەر ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهان و لەو نێوەندەشدا چەند تێبینییەكی ئاڕاستەی حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، بۆ نموونە هەبوونی پارێزەر لە كاتی دەستگیركردنی تۆمەتباران، كاری ڕۆژنامەگەری، ڕێوشوێنی خۆپیشاندان، ڕەوشی ئافرەتان، ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و بۆردومانی سنوورەكان.
د. دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لەم بارەوە ڕایگەیاند:'' ڕاگیراوان لە هۆكارەكانی دەستگیركردن و تۆمەتەت ئاراستەكراوەكان ئاگاداردەكرێنەوە، هەروەها لە هۆكار و شوێنی ڕاگرتنیان. سەرەڕای ئەم مافە بنەڕەتییانە، لایەنە فەرمییەكان لە میانەی پرۆسەی لێكۆڵینەوەكاندا لەسەر ئەركی خۆیان پارێزەردابین دەكەن بۆ سەرپەرشتیكردنی كەیسەكەی ئەوەش لە قۆناغی لێكۆڵینەوە تا قۆناغی دادگاییكردن. بەپێی دوایین تێچوو، دابینكردنی پارێز بۆ تۆمەتباران لەسەر ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە یەك ملیار و حەوت سەد ملیۆن دینار. ''
ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان وتیشی: ''ئەو كەسانەی تەمەنیان لە 18 ساڵ كەمترە و گومانیان لێدەكرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، وەك قوربانی دەستی داعش، نەك وەك تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.''
سەبارەت بە دەنگۆی مانگرتنی چەند سزادراوێك لە چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەڵەتییەكان ئاماژەی بەوەشدا كە ئەو كەسانە پڕۆسەی دادگایی كردنیان بە ئاشكرا بەڕێوەچووە و لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور و نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاوكاری عێراق (یونامی) لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشیان بوون، هەروەها لە كاتی مانگرتنیان هەر یەكە لە بەڕێزان وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، سەرۆكی داواكاری گشتی، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ، ئەندامانی پەرلەمان سەردانیان كردوون. لەلایەكی ترەوە لەلایەن بنكەی تەندروستی چاكسازی گەورانی هەولێر بە وردی چاودێری ڕەوشی تەندروستییان كراوە، هەر لەو كاتەدا بەشی خواردنی و خەرجی ڕۆژانەی خۆیان وەرگرتووە. 
لە بەدواداچوونی بابەتی توندوتیژی خێزانی، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان وتی:'' حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر بۆ ئەم مەبەستە لە 4ی نیسانی 2022، یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دانیشتووان لە عێراق واژۆ كرد بۆ پەرەپێدانی هاوكاریی میدیایی لەسەر كۆمەڵێك پرسی كۆمەڵایەتی، لەوانە توندوتیژی جێندەری (GBV).
 ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لەو بارەوە ئاماژەی بە ڕێكارەكانی پلانی هەرێمی كرد و ڕایگەیاند: ''بەپێی ڕێكارەكانی پلانی هەرێمی تایبەت بە نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی ئەو ئافرەتانەی كە لە شێڵتەرەكان دەژین و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە، پێویستە هەلی كاریان بۆ دابینبكرێت، هەروەها هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ كەسایەتییە ئاینییەكان بكرێت بۆ داكۆكیكردن لە نەهێشتنی هۆكارەكانی توندوتیژی خێزانی.''
سەبارەت بە خۆپیشاندان و ئازادی ڕادەربڕین ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان جەختی كردەوە كە یاسای ڕێكخستنی خۆپیشاندان ژمارە (11) ی ساڵی (2010) شێواز و كات و ئامانجی خۆپیشاندان بە وردی ڕێك دەخات. بەپێی یاساكە، ئەركی هێزە ئەمنییەكانە كە ئارامی و سەقامگیری و گیانی هاووڵاتیان و خۆپیشاندەران بپارێزن و ڕێگا نەدرێت بە پشێوی وگێرەشێوێنی. 
لە ساڵی 2015 تا ئێستا تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر (105) خۆپیشاندانی بە مۆڵەت ئەنجامدراوە، (32) داواكاری خۆپیشاندان ڕەتكراوەتەوە و (120) خۆپیشاندانی بێ مۆڵەتیش ئەنجامدراوە، لەو خۆپیشاندانانەی كە لە ساڵانی ڕابردوو ئەنجامدراون. هەروەها  لە میانەی ئەو خۆپیشاندانەی لە هەرێم ئەنجام دراون لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەكان ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە لەوانە (61) پۆلیس و (4) هاووڵاتی مەدەنی و (18) خۆپیشاندەر دەستگیركراون كە چەكیان هەڵگرتووە، هەروەها ماڵ و موڵكی گشتی و تایبەتی زەرەزی زۆری پێكەوتووە، لەوانە (21) ئۆتۆمبیلی هێزەكانی پۆلیس و هاووڵاتیان. لەلایەكی دیكەوە نزیكەی (6000) لە كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان مەشقیان پێكراوە سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵە كردن لەگەڵ خۆپیشاندەران و پاراستنیان.
سەبارەت بە ئازادی ڕۆژنامەگەری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان چەند داتایەكی خستەڕوو:
 بەپێی یاسای ڕۆژنامەوانی ژمارە (35)ی ساڵی 2007 لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە (8000) رۆژنامەنووس لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان تۆماركراون،  (144) كەناڵی تەلەفزیۆنی كە (36) كەناڵی ئاسمانی و (108) كەناڵی ناوخۆیین، (155) ڕادیۆ، لە دەیان بڵاوكراوە لە ڕۆژنامە و گۆڤار و دەیان ماڵپەڕ ئازادانە كارەكانی خۆیان ئەنجام دەدەن.
هەر پێشێلكارییەك بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجام بدرێت مافی تۆماركردنی سكاڵایان هەیە، بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، لەم ڕووەوە ساڵی ڕابردوو (5) داواكاری ئەشكەنجەدان تۆماركراوە، (2) سكاڵا جووڵێنراوە، (31) كەس بە پێبژاردن سزادراون لەسەر بەكارهێنانی توندوتیژی دژی ڕۆژنامەنوسان. دەیان دۆسیەی پەیوەست بە كاری ڕۆژنامەوانی یەكلایی كراونەتەوە و لە  (1) دۆسیە داواكاری گشتی سكاڵای لە دژی ڕۆژنامەنووسان تۆمار كردووە.
لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەیدا ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ئاماژە بە بەردەوامی بۆردومانی سنووری دەكات، لەم ڕووەوە ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان ڕایگەیاند:''بەبیانووی بوونی چەكدارانی پەكەكە و هێزی تر، تا ئیستا زیاتر 626 جار سنوورەكانی هەرێم بۆردوومانكراون و 216 یان هێرشی ئاسمانیی بوون و 403 تۆپباران و هەشت هێرشی زەمینی بووە لەلایەن هێزەكانی توركیا و ئێرانەوە، تەنانەت چەندین جار فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و چەند شوێنێكی سڤیل كراونەتە ئامانج كە قوربانی گیانی لێكەوتۆتەوە و ماڵ و موڵكی هاووڵاتیانیش زیانی پێكەوتووە.''
ئاماژەشی بەوەدا كە بە سەدان گوند چۆڵكراون و گوندنیشنەكان ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و ژیانی ئاسایی خۆیان بگوزەرێنن، هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم بارەوە روون و ئاشكرا بووە كە رێگا نادرێت خاكی هەرێمی كوردستان بۆ دەستدرێژی و هێرش كردنە سەر هیچ وڵاتێك بەكار بهێنرێت و بە باشی دەزانێت كە ئەو وڵاتانە و لایەنە نەیارەكانی گشت كێشەكانی خۆیان بە رێگای گفتوگۆ و دیالۆگ ئەنجام بدەن و نابێ چیتر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ببنە قوربانی.
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم تیشكی خستە سەر رەوشی ناوچە جێناكۆكەكان و وتی:'' بە هۆی جێبەجێ نەكردنی رێككەوتننامەی شنگال تا ئیستا مەترسییەكانی داعش لە ناوچە جێناكۆكەكان ماوە بۆ نموونە لە مانگی یەكی ساڵی 2021 تا مانگی نیسانی ساڵی 2022 زیاتر لە 283 كردەوەی تیرۆریستی داعش لە ناوچە جێناكۆكەكان تۆمار كراوە كە بە كۆی گشتی 399شەهید و 535 كەسی بریندار و 40 ڕفاندنی لێكەوتووەتەوە. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی كە هاووڵاتیان نەتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.''

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.