Erbil 15°C پێنجشەممە 25 نیسان 19:25

بۆ چالاكبوونی زیاتر لیژنەی ئۆڵمپیی كوردستان چاوەڕوانی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای وەرزشییە

کوردستان TV
100%


لیژنەی ئۆڵۆمپیی هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو ناوەندە وەرزشییانەی كە سەرپەرشتی و پشتیوانیی وەرزشە جۆراوجۆرەكان لە هەرێمی كوردستان دەكات. بۆ زانینی بارودۆخی وەرزش بە گشتی و دۆخی بەڕێوەچوونی كارەكانی لیژنەی ئۆڵمپیی لە ڕابردوو و ئێستادا، سەڵاح حەسەن، سەرۆكی لیژنەی ئۆڵمپیی هەرێمی كوردستان، چەند قسەیەكی بۆ پێگەی فەرمیی حكومەت كرد.

كچان و كوڕانی كورد لە پێشەوەی وەرزشیی عێراقدان
سەڵاح حەسەن، سەرۆكی لیژنەی ئۆڵمپیی هەرێمی كوردستان، دەڵێت: " لیژنەى ئۆڵمپیی هەرێمى کوردستان، بەرپرسە لە ئەنجامدانى گشت چالاکییە وەرزشییەکانى هەرێمى کوردستان. ئەو لیژنەیە لە ساڵى ٢٠٠٦ لە شارى هەولێر، بە ئامادەبوونى سەرۆکى حکومەتى ئەوکات دامەزرا، لەوکاتەوە چالاکییە وەرزشییەکان ئەنجام دەدەین. بەڵام بۆ ماوەیەک دابڕان ڕوویدابوو. لەگەڵ حکومەت لە هەوڵداین بۆ ئەوەى ئەو بەربەستانەى لەبەردەم چالاكیی وەرزشی هەن، لایانببەین."
"ئێمە ٢٨ یەکێتیی وەرزشیمان هەن کە خۆى لە سەرجەم یارییەکانى تایبەت بە لیژنەى ئۆڵمپى وەک یارییەکانى (تۆپى پێ و تۆپى سەرمێز و بالە و باسکە و مەلەوانى و...) دەبینێتەوە. ئەم یەکێتییە وەرزشییانە لەلاى ئێمە بودجە بۆ ئەنجامدانى کار و چالاکییە وەرزشییەکان وەردەگرن؛ بەشانازییەوە ئاستى وەرزشىیی ئێمە لە زۆربەى یارییەکاندا لە ڕیزى پێشەوەى عێراقدایە و زۆربەى یاریزانەکانمان لە ڕیزى هەڵبژاردەى عێراقدان، بەڵام ئێمە خواستمان هەیە زیاتر بەرەوپێش بچین."
گوتیشی: " تیپەکانى ئێمە بەتایبەت تیپى کچانمان، بەشدارىی پاڵەوانییەتییەکانى ئێران و تورکیا و ئوردن دەکەن و پلەى زۆر باش بەدەست دەهێنن، تیپى کچانی كوردستان لە پێشەوەی عێراقن، بەتایبەت لە فوتساڵ و بالە و باسکە و گۆڕەپان و مەیدان. کوڕانى کوردیش بێبەش نین لەم سەركەوتنانە، لە تیم و هەڵبژاردەكانی عێراق بەشداریی كارایان هەیە. ناوبژیوانانى بالە و باسکە و تۆپى پێ و گۆڕەپان و مەیدانى ئێمە نێودەوڵەتین و بێبەش نین لە بەشداریكردنیان لە پاڵەوانییەتییە نێودەوڵەتییەکان."

لیژنەی ئۆڵمپیی كوردستان چاوەڕوانی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای وەرزشییە
هەروەها گوتی: "ناسنامەى لیژنەى ئۆڵمپى واتا ئەو پڕۆژەیاسایەى لە پەرلەمانە، بۆنموونە ئێمە داواى هەڵبژاردن بکەین، کێ مافى بەشداریکردن و خۆپاڵاوتنى هەیە؟ دەبێ یاسایەک هەبێ بۆ ئەوەى ئەم بابەتە ڕێكبخات، بەڵام لە یەکێتییە وەرزشییەکان و لقى یەکێتییە وەرزشییەکانى شارەکان هەڵبژاردن دەکرێت، ئێمە وەکوو لیژنەى تەنفیزى تا ئێستا هەڵبژاردنمان ئەنجام نەداوە، چونکە تا ئێستا یاسامان بۆ دەرنەچووە. پڕۆژەیاساى وەرزشى کە لە پەرلەمانى هەرێمى کوردستانە، خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کراوە، لە دیدارێكمان لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان باسمان لە گرنگیی پڕۆژەیاسای وەرزشی و گرنگییی یەكێتیی ئۆڵمپیی كوردستان كردووە. ئومێدەوارین حکومەت و پەرلەمان كار بۆ قبوڵكردنی پڕۆژە یاساکە بكەن و پڕۆژە یاساى وەرزشى جێبەجێ بكرێت".

كەمبوونەوەی بودجە، هۆكاریی كەمیی چالاكییەكانە
لەبارەی بارودۆخی دارایی لیژنەی ئۆڵمپیی كوردستانەوە، ناوبراو گوتی: "ئێمە لە سەرەتاى دروستبوونى لیژنەى ئۆڵمپیی کوردستان، بودجەیەکى باشمان هەبوو، مانگانە 300 ملیۆن دینارى عیراقیمان هەبوو، پاش ماوەیەک بوو بە 160ملیۆن دینار. بەڵام پاش ئەوەی دوو-سێ ساڵ بودجەكە بڕا، نەمانتوانى هیچ جۆرە چالاکییەک بكەین. چەند مانگێكە بودجەیەکیان بە بڕی 80 ملیۆن دینار بۆ دابین كردووینەوە، پاش ئەم كەمبوونەوەیە، چالاكییەكانیشمان كەم بوونەتەوە. بەر لەو بارودۆخە داراییە، چالاكی و ئاڵوگۆڕی وەرزشیمان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەش باشتر بوو."

پێویستیمان بە پێشخستنی زیاتری ژێرخانی وەرزشییە
لەبارەی ژێرخانی وەرزشییەوە، ناوبراو گوتی:" هیچ یاریگایەکى نێودەوڵەتیمان نییە، بەتایبەت لە شارى هەولێر کە پایتەختى هەرێمى کوردستانە، ئەو پێشنیازەم هەیە بۆ حکومەت کە هۆڵ و یاریگاى نێودەوڵەتى لە شارى هەولێر بەتایبەت و شارەکانى دیكەى هەرێمى کوردستان دروستبکرێن. بۆیە داوا لە حکومەت دەکەم کە گرنگیی زیاتر بە ژێرخانی وەرزشیی هەرێمی كوردستان بدات. جگە لەوە، پاش ئەوەی دە ساڵ لەمەوبەر پارچە زەوییەك بۆ لیژنەی ئۆڵۆمپی و بڕە پارەیەك بۆ دروستكردنی بینا تەرخان كرا، شەڕی داعش و گرفتی دارایی ڕێگر بوون لە جێبەجێبوونی پڕۆژەكە، بۆیە تاكوو ئێستا خاوەن بینای خۆمان نین."

وه‌رزش

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.