Erbil 15°C چوارشەممە 03 تەمووز 18:22

ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق یاسای هەڵبژاردنەکانی پەسند کرد

کوردستان TV
100%


لە میانی دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجامدرا، دەنگ لەسەر ھەشت ماددەی دیکەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان درا.

رۆژی دووی ئەم مانگە لە میانی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە کۆی 15ماددەی پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، حەوت ماددە پەسەند کرا و شەشی تشرینی دووەمی2023 بە وادەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەسەند کرا.

فەرمانگەی راگەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە27ی3ی2023، دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر ھەشت ماددەی دیکەی پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجامدراوە.

راشیگەیاندووە کە لە میانی دانیشتنەکەدا، ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە لە 15 ماددە پێکھاتووە، پەسەند کراوە.

باسی لەوەیش کردووە کە ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بە ئامانجی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی ئازاد، پاک و بێگەرد و دادپەروەرانە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان  پەسەند کراوە.

گرنگترین ئەو ماددانەی کە لە ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەسەند کراون، ئەوەیە کە ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەک خۆیان دەمێننەوە کە 329کورسین و ژمارەی کۆتای پێکھاتەکانیش گۆڕانکاریان تیایدا کراوە کە نۆ کورسییە و بەم شێوەیەن "کورسییەکانی پێکھاتەی مەسیحی دەبن بە پێنج کورسی و بەسەر پارێزگاکانی بەغدا، موسڵ، کەرکووک، دھۆک و ھەولێر دابەش کراون، یەک کورسی بۆ پێکھاتەی ئێزدی لە پارێزگای موسڵ، یەک کورسی بۆ پێکھاتەی سابیئەی مەندائی لە پارێزگای بەغدا، ھەروەھا یەک کورسی بۆ پێکھاتەی شەبەک لە پارێزگای موسڵ و یەک کورسی بۆ کوردانی فەیلی لە پارێزگای واست".

ھەروەھا بەپێی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران دەکرێت و پشت بە سەرژمێری ساڵی 1957 دەبەسترێت و ژمارەیەک گۆڕانکارییەکی دیکەیش لە کەرکووک دەکرێت.

 له‌باره‌ی  ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی  ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ راگه‌یاندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌: دەنگدان لەسەرھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەواو بوو، بەشێوەیەک تەواوی ئەو بەربەستانەی بەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لابران و بۆ یەکەمجار لە دوای 2003 سەرژمێری ساڵی 1957 دەکرێتە بنەما بۆ دەستنیشان کردنی هاووڵاتیانی شارەکە و هەروەها سەرگەڕان کە دوای ساڵی 1957 لکێنراوە بە کەرکووکەوە دیسان دەبنە بەشێک لە خەڵکی شارەکە و مافی دەنگدانیان دەبێت و بەناو زیادکران بۆ پرۆژەکە.
جێگری ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌" ئەوانەی ماددەی 140یان کردووە یان  تەنها مامەڵەیان پێشکەش کردووەو مافی دەنگدانیان هەیە".
 هەروەها ئەوەی پێش 2003 لە کەرکووک بووەو ناسنامەی باری شارستانی شارەکانی دەرەوەی کەرکووک بووەو لە ساڵی 1957 لە کەرکووک تەرحیل نەبووە، بەڵام فۆڕمی کەرکووکی هەیە دیسان مافی دەنگدانی هەیە.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌: هەموو ئەو هاووڵاتیانەی هێنراونەتە کەرکووک و بە ئامانجی سیاسەتی تەعریب ناویان سڕاوەتەوەو لادەبرێن و مافی دەنگدانیان نییە.
 له‌كۆتاییدا جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌" سوپاسی سەرجەم ئەو فراکسیونانە دەکەم لە کورد و دەرەوەی کورد کە هاوکار بوون لە دەنگدان بۆ ئەم پڕۆژە یاسایەم بەپێی یاسا ئەو دەسەڵاتەمان لە سەرۆک وەزیران وەرگرتەوە، کە بتوانێت هەڵبژاردن لە پارێزگایەک دوابخات کە خەلکانێک ئامانجیان بوو".

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.