Erbil 15°C پێنجشەممە 25 نیسان 14:07

پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر 8 ماددەی دیكەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان دەدات

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ یەكشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی ئاسایی خۆی بۆ دەنگدان لەسەر ھەشت ماددەی دیكەی پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، ئەنجام دەدات.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیاریداوە، ئەمڕۆ كاتژمێر 08:30 بە كاتی بەغدا، دانیشتنی خۆی بۆ دەنگدان لەسەر ئەو برگە و ماددانەی كە لە پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ماون پەسەند بكرێن، ئەنجام بدات.
ئەمەیش لە كاتێكدایە، بڕیاربوو دوێنێ شەممە، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر ھەشت ماددەی دیكەی پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، ئەنجام بدات.
رۆژی دووی ئەم مانگە لە میانی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە كۆی 15 ماددەی پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، حەوت ماددەیان پەسەند كران.
ھەروەھا لە میانی دانیشتنەكەی رۆژی دووی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شەشی تشرینی دووەمی 20233 بە وادەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان پەسەند كراوە.
گرنگترین ئەو ماددانەی كە لە پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان پەسەند كراون، ئەوەیە كە ژمارەی كورسییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەك خۆیان دەمێننەوە كە 329 كورسین و ژمارەی كۆتای پێكھاتەكانیش گۆڕانكاریان تیایدا كراوە كە نۆ كورسییە و بەم شێوەیەن "كورسییەكانی پێكھاتەی مەسیحی دەبن بە پێنج كورسی و بەسەر پارێزگاكانی بەغدا، نەینەوا، كەركووك، دھۆك و ھەولێر دابەش كراون، یەك كورسی بۆ پێكھاتەی ئێزدی لە پارێزگای نەینەوا، یەك كورسی بۆ پێكھاتەی سابیئەی مەندائی لە پارێزگای بەغدا، ھەروەھا یەك كورسی بۆ پێكھاتەی شەبەك لە پارێزگای نەینەوا و یەك كورسی بۆ كوردی فەیلی لە پارێزگای واست".
ژمارەیەك لە لایەنە سیاسییەكان پاڵپشتی لە ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكەن و داوا دەكەن كە سیستەمی ھەڵبژاردنەكان لە عێراق لە (فرەبازنەیی)یەوە بگەڕێتەوە بۆ سیستەمی (سانت لێگۆ)، بەتایبەتیش لایەنەكانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگیی كە لە دوایین ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دەنگی پێویستییان بەدەست نەھێنا و تووشی شكستێكی گەورە بوون، لەبەرامبەردا سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر كە دەستی لە كاری سیاسیی كێشاوەتەوە، ھەروەھا ئەندامە سەربەخۆكان و تشرینییەكان دژبە گەڕانەوەی یاسای كۆنی ھەڵبژاردنەكانن.
دوایین ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە عێراق لە ساڵی 2013دا ئەنجامدرا، بەڵام لە ساڵی 2019دا، بە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران كاری ئەنجوومەنی پارێزگاكان سڕ كرا.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.