Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 10:47

بایدن: گەلەکەمان له‌ ئێران ده‌پارێزین

کوردستان TV
100%


سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئاماژەی بەوە کرد کە لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر دامەزراوەکانی سەربە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەڕابەرایەتی ئەمریکا لە سووریا، هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر ناوچەکە، لەبەرئەوە لە هەوڵی ئەوەدا نین لەگەڵ ئێران رووبەڕووی شەڕ و پێکدادان بن، بەڵام بەشێوەیەکی کاریگەر گەلی ئەمریکا دەپارێزن.

بایدن کە بە سەردانێکی فەرمی لە ئۆتاوا پایتەختی کەنەدایە، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەدا، جەستن ترودۆ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشی سازکرد.

بایدن باسی لەوە کرد کە ئاگادارکراوەتەوە لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر دامەزراوەیەکی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمریکا لە سووریا و لە ئەنجامدا سەربازێکی گرێبەستی ئەمریکی کوژراوە، هێرشەکە لەلایەن ئەو گرووپانەوە ئەنجامدراوە کە ئێران پشتیوانیان دەکات.

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە دوا بەدوای هێرشەکە دەسەڵاتی داوەتە سوپای وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی لە ناوچەکەدا و، رایگەیاند "سوپای ئەمریکا ئەوانەی کردە ئامانج کە بەرپرسن لە هێرشکردنە سەر کارمەندەکانمان و زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان لە سووریا ئەنجامدا'".

هاوکات بایدن جەختی لەوە کردەوە کە لە هەوڵی ئەوەدا نین لەگەڵ ئێران رووبەڕووی شەڕ و پێکدادان ببن، بەڵام ئامادەین بەشێوەیەکی کاریگەر گەلی ئەمریکا دەپارێزن.

درەنگانی شەوی پێنجشەممە، گرووپەکانی سەربە ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر دامەزراوەیەکی سەربە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەڕابەرایەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی سووریا، لە ئەنجامدا کارمەندێکی گرێبەستی ئەمریکی کوژرا و شەشی کارمەندی دیکەش کە پێنجیان گرێبەست بوون برینداربوون.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)، جەنەراڵ پاتریک رایدەر بڵاویکردەوە کە گرووپەکانی سەربە ئێران بە 10 مووشەک بنکەیەکی سەربازانی ئەمریکایان لە رۆژهەڵاتی سووریا کردووەتە ئامانج، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.