Erbil 15°C چوارشەممە 03 تەمووز 18:09

پارێزگای هه‌ولێر: له‌ نه‌ورۆز 61 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌ولێریان كرد

کوردستان TV
100%

پارێزگای هه‌ولێر ڕاگه‌یه‌نراوی كار و چالاكییه‌كی 10 رۆژی 13مین فێستیڤاڵی ئازادی و نه‌ورۆز بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ڕایگه‌یاند،‌ سه‌رجه‌م پلانه‌كان به‌سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه‌چوون و له‌ ماوه‌ی ئه‌و 10 رۆژه‌شدا 61 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌ولێریان كرد.

پارێزگای هه‌ولێر ئه‌مشه‌و هه‌ینی ڕایگه‌یاند: بەپێی ئەو بەرنامە و ئامادەکاری و پلانانەی بۆ پێشوازیکردن لە نەورۆزى ئەمساڵ ئامادەکرابوو، سەرجەم کار و چالاکییەکانی 10 ڕۆژەى 13مین فیستڤاڵى ئازادى و نەورۆز بە سەرکەوتووى ئەنجامدران، هه‌روه‌ها 3 ڕۆژى جەژنى نەورۆزیش پلان و ئامادەکارییەکان چۆن داڕێژرابوو وەکو خۆى و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێ کران.

ڕاشیگه‌یاند: لە ماوەی 10 ڕۆژی فێستیڤاڵه‌كه‌دا تاوەکو رۆژی نەورۆز 61 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کرد.

سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوی هاتوچۆ، پارێزگا ڕایگه‌یاند: پلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی نەورۆز چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی بەبێ هیچ گرفتێک لە شەقامەکان و سەیرانگاکان جێبەجێکران، سەبارەت بە ڕووداوەکان لە 3 ڕۆژی جەژنی نەورۆزدا هیچ ڕووداوێکى هاتووچۆ ڕووی نه‌دا کە زیانى گیانی تێدابێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ پلان و ئامادەکارییه‌كانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش و پۆلیسی هەولێر وەکو خۆیان و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران و بۆ هەر حاڵەتێکی پێویستیش، سەرجەم هێزەکان لە ئەرک دابوون، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ لە هەرسێ ڕۆژی جەژنی نەورۆز جگە لە حاڵەتێکى ڕفاندن کە هەرزوو لەلایەن هێزەکانى پۆلیسەوە تاوانباران دەستگیرکران، هیچ ڕووداوێکى تر ڕووی نەدا.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ ڕۆژانی جەژنی نەورۆزدا تەنیا (2) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە له‌ هه‌ولێر هەبوون، هەردوو حاڵەتەکەش لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی کۆنترۆڵکران و جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.