Erbil 15°C چوارشەممە 24 نیسان 20:22

ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دەخرێتەوە دەنگدانەوە

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ یەكشەممە، دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دەدرێت كە لە میانیدا، پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەخرێتە دەنگدانەوە.
 فەرمانگەی راگەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا كارنامەی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بڵاوكردووەتەوە.
بەپێی كارنامەكە، دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران، دوو تەوەر لەخۆدەگرێت كە یەكێكیان بریتی دەبێت لە دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان.
رۆژی چواری ئەم مانگە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەنجام دابوو.
بەپێی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، یاساكانی ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكرێن بە یەك یاسا، ھەروەھا ژماردنی دەنگەكان بەدەستی و ئەلیكترۆنی دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەنجامەكەی جیاواز بوو، ئەوا ژماردنی دەنگەكان بەدەستی یەكلایی دەكرێتەوە و رێگا بە ھیچ ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارت و فراكسیۆنەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران نادرێت بچنە ناو ھاوپەیمانێتیی دیكە تا ئەو كاتەی حكوومەت پێكدەھێندرێت.
ژمارەیەك لە لایەنە سیاسییەكان پاڵپشتی لە ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكەن و داوا دەكەن كە سیستەمی ھەڵبژاردنەكان لە عێراق لە (فرەبازنەیی)یەوە بگەڕێتەوە بۆ سیستەمی (سانت لێگۆ)، بەتایبەتیش لایەنەكانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگیی كە لە دوایین ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دەنگی پێویستییان بەدەست نەھێنا و تووشی شكستێكی گەورە بوون، لەبەرامبەردا سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر كە دەستی لە كاری سیاسیی كێشاوەتەوە، ھەروەھا ئەندامە سەربەخۆكان و تشرینییەكان دژبە گەڕانەوەی یاسای كۆنی ھەڵبژاردنەكانن.
یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەھۆی خۆپیشاندانی تشرینی یەكەمی ساڵی 2019 ھەڵپەسێردرابوو و یەكێك لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران، ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بوو، چونكە ئەو كات وەك خۆپیشاندەران رایانگەیاندبوو ئەنجوومەنی پارێزگاكان، خزمەتگوزاری پێشكەش بە خەڵك ناكەن و لە گەندەڵی تێوەگلاون.
دوای پێكھێنانی كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی بڕیاردرابوو كە لە ماوەی ساڵێك و شەش مانگدا، ئامادەكاری بكرێت بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكانی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام ئێستا ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەوەی لە بری ھەڵبژاردنەكانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران، ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكرێت.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.