Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 16:44

لە ساڵیادی قوربانییانی هەڵەبجەدا فیلمی سینەمایی "ژیان" نمایش کرا

کوردستان TV
100%


ڕۆژى پێنجشەممە، 16ی ئادارى 2023، لە هۆڵی فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ئەنجومەنی وەزیران، بە بەشداریی میوانان، فیلمی سینەمایی "ژیان" نمایش کرا.
"ژیان" فیلمێکی سینەمایی کوردییە و لە ساڵی 2002دا لەلایەن جانۆ ڕۆژبەیانی، دەرهێنەرى کورد، کاری دەرهێنانی بۆ کراوە.
جانۆ ڕۆژبەیانی، لە لێدوانێکیدا بۆ پێگەى فەرمیی حکومەت گوتی: "فیلمی ژیان لەبارەى کارەساتی هەڵەبجەوە بەرهەم هێنراوە، ویستمان بەو فیلمە پەیامی ستەملێکراویی کورد بگەیەنینە جیهان. بۆیە لە کاردانەوەى ئەم فیلمەدا کە لە واشنتن نمایش کرا، بینەران هاوسۆزیی زۆریان بۆ دۆزی کورد بۆ دروست بوو و ڕایان بەرامبەر بە ڕژێمی سەددام گۆڕا. ئامانجی ئێمە لەم فیلمەدا ئەوە بوو کە قەبارەى کارەساتەکە بگەیەنینە جیهان".
ڕۆژبەیانی، لەبارەى کارەساتی هەڵەبجە و ئەنفال و کاریگەریی سینەماوە، دەڵێت: "بە قەد کارەساتە گەورەکانی کیمیاییباران و ئەنفال، فیلم و سینەما کاریگەریی گەورەیان دروست نەکردووە، بەڵکوو ئەو فیلمانەى هەن بەشێکیان ڕووە نەرێنییەکان پیشانی جیهانی دەرەوە دەدەن، لەکاتێکدا سینەماى دوژمن هەمان کار بەرامبەر بە کورد دەکات، لەبەر ئەوە زۆر گرنگە هەم کەرتی تایبەت و هەم کەرتی گشتی زیاتر پشتیوانی کارى سینەمایی بن".
فیلمی سینەمایی ژیان، 96 خولەکە و لە فێستیڤاڵی ڕۆتردام و لە 50 فێستیڤاڵی دیکەى ئەورووپی و ئەمریکی و ئاسیایی و ئەمریکای لاتیندا نمایش کراوە و چەندین خەڵاتی سینەمایی وەرگرتووە. چەندین ئەکتەرى جیاوازی ناوچەکانی کوردستان لە فیلمەکەدا بەشدارییان کردووە.

کولتوور و هونه‌ر سینه‌ما

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.