Erbil 15°C پێنجشەممە 13 حوزەیران 06:13

19 ساڵ بەسەر ڕاپەرینەكەی قامیشڵو تێدەپەڕێت

کوردستان TV
100%

 لە 12/3/2004 لە شاری قامیشڵۆی كوردستانی سووریادا، هێرش كرایە سەر هاووڵاتیانی كوردی رۆژئاوای كوردستان. لە رووداوەكانی شاری قامیشڵۆدا بە فەرمانی راستوخۆی بەرپرسانی پارێزگای حەسەكە شەش هاووڵاتی كورد شەهید كران، سەرەتای ئەو رووداوانەش بەوە دەستی پێكرد، كە جەماوەری دوو تیمی تۆپی پێی جیهادی كوردان و فتوەی عەرەبەكان لە ناو گۆرەپانی شاری قامیشڵو پێكیاندادا و هێزەكانی پۆلیسیش بوونە لایەنگرانی جەماوەری تیمی فتوە كە لە دێرزورەوە هاتبوون، رۆژێك دوای ئەو رووداوە و لە كاتی بەخاك سپاردنی تەرمی شەهیدانی قامیشڵو لە گۆرستانی قودوربەگ هێزەكانی ئەمن و  پۆلیسی دەوڵەتی سووریا كاروانی جەماوەریان دایە بەر دەسترێژی گوللە و لە ئەنجامدا ژمارەیەك هاووڵاتی دیكەش شەهید بوون و سەدانی دیكەش برینداربوون.  رووداوەكانی قامیشڵو بووە هۆی ئەوەی كە لە هەموو شارەكانی ئەو وڵاتەوە خۆنیشاندانی ئاشتیانە ساز بكرێت و لە نێویشیندا دانیشتوانی دێرك و عەفرین و كوبانی رژانە شەقامەكان.  جێی ئاماژەیە لە شارەكانی حەلەب و لە دیمەشقی پایتەختیشدا خۆنیشاندانی ئاشتیانە بۆ پشتیوانی كردنی كوردەكانی قامیشڵو ئەنجامدرا، بەڵام هێزەكانی ئەمن و پۆلیسی سووریا هەموو ئەو خۆنیشاندانە ئاشتیانانەیان بە فیشەك وەڵام دایەوە، لە ئەنجامدا كۆی ئەو هاووڵاتییە كوردانەی سووریا، كە بەهۆی رووداوەكانی قامیشڵوە شەهید بوون گەیشتە 27 كەس و برینداربوونی زیاتر لە دووسەد كەس، ئەمە جگە لەوەی كە دەسەڵاتدارانی سووریا هەزاران هاووڵاتی كوردیان خزاندە ناو زیندانەكانەوە، بە بێ جیاوازی تەمەن و رەگەز، تەنیا لەبەر ئەوەی كوردبوون، هەروەها دەستیان كرد بە تاڵان كردنی سەر و ماڵی كورد لە هەندێك شوێنی سووریادا.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.