Erbil 15°C دووشەممە 24 حوزەیران 16:34

پارتی دیموكراتی كوردستان: بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ دواكەوتنی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن نین

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م‌ 2ی ئاداری 2023، به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، كۆمیته‌ی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونه‌وەی ئاسایی خۆی ئه‌نجام دا.

كۆمیته‌ی ناوەندی ڕایگه‌یاند كه‌ كۆبوونه‌وە، دوای ساتێك وەستان و نواندنی رێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیدانی كوردستان سه‌روەریان بارزانی نه‌مر و كاك ئیدریسی هه‌میشه‌ له ‌یاد، به‌گوێرەی خشته‌ی ئامادەكراو ئه‌و ته‌وەرانه‌ی خوارەوەی تاوتوێی كرد و، بڕیار پێویست سه‌بارەت به‌ چه‌ند بابه‌تێك وەرگیرا.

كۆمیته‌ی ناوەندی ئه‌و بابه‌تانه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ بڕیاریان له‌سه‌ر وه‌رگیرا، ئه‌وانیش بریتین له‌:-

‌–  بابه‌تی پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و په‌یوەندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵی، پارتیمان به‌گوێرەی رێككه‌وتنێكی سیاسی به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی ئیدارەی دەوڵه‌ت به‌شداری پێكهێنانی كابینه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی كردووە و، به‌ سازان كارنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش ئامادەكراوە كه‌ ویست و بۆچوونی لایه‌نه‌كانی به‌شدار له‌ كابینه‌ی نوێی به‌ ڕوونی تێیدا رەنگی داوەته‌وە، كۆبوونه‌وه‌ پشتیوانی بۆ سه‌رۆك وەزیران و كابینه‌كه‌ی دووپات كردەوە و، چاوەڕوانی جێبه‌جێكردنی ناوەرۆكی رێككه‌وتنه‌كان و بڕگه‌ و خاڵه‌كانی كارنامه‌ په‌سه‌ندكراوەكه‌ین، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لایه‌نه‌ په‌یوەندیداره‌كان راسپێردران بۆ به‌دواداچوون و له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و كاته‌ی بۆ جێبه‌جێكردنی دیاری كراوە.

–  بابه‌تی په‌یوەندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی به‌شدار له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا، گۆڕانكاری و ڕووداوەكانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و عێراق به‌تایبه‌تی پێویستی به‌ هه‌ڵوەسته‌كردن و لێكدانه‌وەی سیاسی جدین، بۆیه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانی و پارتیمان به‌ردەوام هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ دەكرێت، كه‌ به‌شێك له‌م گۆڕانكاری و ڕووداوانه‌ راسته‌وخۆ یان نا ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریان دەبێ له‌ دروستكردنی ئاڵۆزی سیاسی یاخود ئابووری و ئه‌منی، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پێویسته‌ ئاڵنگاری و چارەسه‌ریه‌كانیان بزاندرێ و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی به‌شدار له‌ ئیدارەی دەوڵه‌ت هه‌ماهه‌نگی و بیروڕاگۆڕینه‌وەی به‌ردەوام هه‌بێت به‌تایبه‌تی كه‌ به‌شێك له‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ی دێنه‌ پێش په‌یوەندییان به‌ بژێوی هاووڵاتییان و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وە هه‌یه‌، كۆبوونه‌وە هه‌ڤاڵانی په‌یوەندیداری ڕاسپارد بۆ ئامادەگی ته‌واو و جێبه‌جێكردنی ئه‌وەی كه‌ پێویسته‌ له‌و بارەوە.

–  بابه‌تی په‌یوەندییه‌كانی ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان، له‌ژێر رۆشنایی بڕیاری پێشوومان بۆ هه‌ڵدانه‌وەی لاپه‌ڕەیه‌كی نوێ له‌ په‌یوەندییه‌كان، هه‌ڵسه‌نگاندنی ورد كرا بۆ هه‌نگاوەكان، له‌و بارەیه‌وە و سه‌ردانی شاندی پارتیمان بۆ لای حزب و لایه‌ن و پێكهاته‌كانی كوردستان خرایه‌ به‌رباس و گفتوگۆكردن و به‌ په‌سه‌ند زانرا ئه‌و هه‌نگاوانه‌ به‌ردەوامییان هه‌بێت و پرۆسه‌كه‌ په‌رەی پێ بدرێت، هاوكات په‌رە به‌ په‌یوەندییه‌كانی دەرەوەمان بدەین.

–  بابه‌تی سه‌ردان و دانوستانه‌كانی شاندی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵ له‌ بواری بودجه‌ و یاسای نه‌وت و غاز و پرسی پێشمه‌رگه‌ و ڕەشنووسی یاسای ئه‌نجوومه‌نی فیدراڵی گه‌یشتووەته‌ قۆناغێكی باش و له‌هه‌ردوولا تێگه‌یشتن و گه‌یشتن به‌ چارەسه‌ری هاوبه‌ش دەبینرێت، كۆبوونه‌وە سوپاسی هه‌وڵ و كۆششه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم و شاندەكه‌ی كرد بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ گرنگه‌.

–  سه‌بارەت به‌ ڕێككه‌وتنی شنگال، چه‌ند ساڵێكه‌ ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ كراوە كه‌ چارەسه‌رێكی گونجاوە و له‌ سوودی هاووڵاتییانی دەڤه‌ری شنگاله، به‌ڵام ‌هه‌ندێ لایه‌نی ناوخۆیی و دەرەكی ئاسته‌نگیان بۆ جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانی رێككه‌وتنه‌كه‌ دروست كردووە و كێشه‌كان به‌ چارەسه‌رنه‌كراوی ماونه‌ته‌وە، كۆبوونه‌وە ئاماژه‌ی به‌وەش دا كه‌ هه‌ندێ لایه‌ن دەیانه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌ گرنگه‌ بكه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ش دەبێته‌ هۆی چه‌قبه‌ستووی بۆ چارەسه‌ری و ئاڵۆزی زیاتری لێ دەكه‌وێته‌وە، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ هه‌ڤاڵانی په‌یوەندیدار پێكهات بۆ دیاریكردنی هه‌نگاوەكان له‌ ڕوانگه‌ و چوارچێوەی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی ئه‌نجامدراوە، له‌پێناو جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌ سوودی هاووڵاتییانی شنگال و قه‌رەبووكردنه‌وەی به‌شێكی ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تی و ناخۆشییانه‌ی كه‌ به‌سه‌ریاندا هاتووە.

–  بابه‌تی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان گفتوگۆی پێویست و تێروته‌سه‌لی له‌بارەوە كرا و سووڕبوونی پارتیمان دووپات كرایه‌وە له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ وادەی دیاریكراودا بۆ ئه‌مه‌ش سه‌رۆكی هه‌رێم به‌گوێرەی یاسا ڕۆژی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن دیاری بكات و به‌ هیچ شێوەیه‌ك له‌گه‌ڵ چیتر دواكه‌وتنی ئه‌و پرۆسه‌ گرنگه‌ نین و ئه‌وەشی كه‌ ڕووی دا بۆ درێژكردنه‌وەی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان، پارتیمان له‌ رووی ناچاری له‌گه‌ڵیدابوو بۆ ئه‌وەی بۆشایی یاسایی بۆ ئۆرگانه‌كانی هه‌رێم دروست نه‌بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌نگاوەكانی به‌شی هه‌ڵبژاردنی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیمان به‌باش زانرا و داوایان لێ كرا كه‌ به‌ردەوامبن له‌ هه‌وڵ و هه‌نگاوەكانیان، هاوكات هه‌ڤاڵانمان له‌ فراكسیۆنی پارتیمان له‌ په‌رله‌مان كاری پێویست بكه‌ن بۆ زەمینه‌ خۆشكردنی ڕێككارە یاساییه‌كان و لادانی به‌ربه‌سته‌كان له‌به‌ردەم پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا.

–  ته‌وەرێكی دیكه‌‌ی كۆبوونه‌وە تایبه‌ت كرا به‌ پرۆسه‌ی به‌هاناوەچوونی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دەزگای خێرخوازی بارزانی و هاووڵاتییانی هه‌رێم به ‌گشتی له‌ كاتی روودانی بومه‌له‌رزەكان له‌ وڵاتانی توركیا و سووریا و گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری و هاوكاری بۆ لێقه‌وماوان له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وە، كۆبوونه‌وە سوپاس و پێزانینی دەربڕی و ئه‌و هه‌ڵوێست و هه‌نگاوەی حكوومه‌ت و دەزگای خێرخوازی بارزانی و هاووڵاتییانی كوردستانی به‌رز نرخاند.

–  له‌ كۆتاییدا، كۆبوونه‌وە هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ هه‌نگاوەكانی جێبه‌جێكردنی بریارەكانی دوای كۆنگرەی 14ی پارتیمان كرد كه‌ زۆربه‌یان جێبه‌جێ كراون و ئه‌و بابه‌تانه‌شی كه‌ ماون له‌ زووترین كاتدا جێبه‌جێ دەكرێن.

كۆمیته‌ی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ كۆبوونه‌وە له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كی هه‌ڤاڵانه‌ و هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریه‌تی به‌ڕێوە چوو.
 

هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.