Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 12:05

سوودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بەشار ئەسەد ئەنجام دا

کوردستان TV
100%

سەرۆک وەزیران عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی سووریا ئەنجام دا، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستە کرد و ئاماژەی بەوە دا کە هاوکاری پێشکەش بە قوربانییانی بوومەلەرزە دەکات.

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمڕۆ چوارشەممە 08ـی 02ـی 2023 پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا ئەنجام دا و پرسە وسەرەخۆشی خۆی بۆ قوربانییانی بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە پێگەیاند، لەمبارەیەوە ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند: سوودانی هاوخەمی و پشتگیری گەل و حکوومەت و سەرۆکاتییەکانی عێراقی بۆ گەلی "سووریا و سەرکردایەتییەکە" دەربڕی لەم کارەساتە دڵتەزێنە و داوای لە یەزدانی دلۆڤان کرد قوربانییان بە ڕەحمەتی خۆی شاد بکات و بریندارەکانیش زوو چاکببنەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە سوودانی ڕوونی کردەوە کە عێراق لە سۆنگەی مرۆڤایەتی و هاوبەندی برایەتی کە هەردوو گەلی عێراق و سووریا پێکەوە دەبەستێت، دەستپێشخەری کردووە بۆ پێشکەشکردنی هاریکاری بە برایانی سووری نەک وەکوو مننەت و چاکە، لە بوارەکانی بەرگری شارستانی، ناردنی تیمی پزیشکی، یارمەتی مرۆیی فریاگوزاری، سووتەمەنی، کەلوپەلی تەندروستی و پزیشکی و خۆراک.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگی ئاسایش و سەقامگیری سووریا و پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی لە بوارە جیاجیاکان کردەوە.

لای خۆیەوە سەرۆکی سووریا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ حکوومەت و گەلی عێراق دەربڕی بۆ ئەم دەستپێشخەرییەی هاریکاری و پشتگیریکردن و بوونی پەیوەندییەکی دووقۆڵی پتەوی نێوان هەردوو وڵاتی برا دووپات کردەوە.

هاوکات ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مه‌سرور بارزانی، وێڕای پرسە و سەرەخۆشی جەخت کرایەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا یەکەمین کاروانی فریاگوزاری و هاوکاری هەرێم گەیەنرایە تورکیا و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت، هه‌روه‌ها لە هەمانکاتیشدا ڕێکاری پێویست گیراوەتەبەر بۆ ناردنی کاروانی فریاگوزاری بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی سووریا.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست سوریا عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.