سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند بهرهبهیانی ئهمرۆ دووشهممه 6ى2ى2023، گەورەترین کارەسات ولاتەکەمانی هەژاندووە کە دوای بوومەلەرزەکەی ساڵی 1939ی سەدەی رابردووی ئەرزینجان گەورەترین کارەساتە و راشیگەیاند: تا ئێستا 912 هاووڵاتیمان گیانیان لەدەستداوە، پێنج هەزار و 385 هاووڵاتیشمان برینداربوون. ژمارەی ئەو کەسانەی لە ژێر داروپەردووی بینا رووخاوەکاندا رزگارکراون گەیشتووەتە دوو هەزار و 470. ژمارەی بینا رووخاوەکانیش دوو هەزار و 818 بینایە.
بەمەبەستی هەماهەنگیی کارەکانی لەبارەی ئەو بوومەلەرزەیەی بە گوڕی 7،7 پلە قەزای پازارجیکی پارێزگای مەڕەشی هەژاند و 10 پارێزگای دیکەشی گرتەوە، سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان، گەیشتە سەرۆکایەتی ئیدارەدانی کارەسات و باری لەناکاوی وڵاتەکەی (ئافاد).
ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە بوومەلەرزەکە لە قوڵایی حەوت کیلۆمەتر توێکڵی زەوی روویداوە و رایگەیاند: بوومەلەرزەکە لە پاڵ مەڕەش لە پارێزگاکانی هاتای، عەنتاب، کیلیس، عوسمانیە، ماڵاتیا، ئادیامان، دیاربەکرد، ئورفا، ئادانا زیانی لێکەوتەوە.
گوتیشی: لە ساتەوەختی بوومەلەرزەکەوە دەوڵەتەکەمان لەگەڵ تەواوی دام و دەزگاکان لە هەوڵدایە. پارێزگاکانمان هەموو توانایەکی خۆیان خستووەتەگەڕ.
سەبارەت بە هەڵمەتی بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و کارەکانی گەڕان و رزگارکردن، ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە لە پاڵ پارێزگارەکانی ئەو پارێزگایانەی رووبەڕووی کارەساتەکە بوونەتەوە، 10 پارێزگاری دیکەش راسپێردراون کاریان لەگەڵ بکەن و، رایگەیاند: لە ئێستادا نۆ هەزار کارمەند سەرقاڵی کارەکانی گەڕان و رزگارکردنن، لەگەڵ گەیشتنی کەسانی دەرەوە بە ناوچەکە ئەو ژمارەیە بەردەوام زیاد دەکات.
لەبارەی زیانە گیانییەکانی بوومەلەرزەکە، سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان رایگەیاند: تا ئێستا 912 هاووڵاتیمان گیانیان لەدەستداوە، پێنج هەزار و 385 هاووڵاتیشمان برینداربوون.
راشیگەیاند: لەو پارێزگایانەی کە بوومەلەرزەکە زیانی زۆری پێگەیاندوون، کارەکانی دۆزینەوە و رزگارکردنی ئەو هاووڵاتیانەمان درێژەی هەیە کە کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی رووخاوی بیناکان.
سەرکۆماری تورکیا، ئەوەشی خستەڕوو کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ژێر داروپەردووی بینا رووخاوەکاندا رزگارکراون گەیشتووەتە دوو هەزار و 470 ژمارەی بینا رووخاوەکانیش دوو هەزار و 818 بینایە.
هەروەها سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە پەیوەندیان پێوە کراوە بۆ گەیاندنی هاوکاری و، رایگەیاند: پەیوەندی لەگەڵ وڵاتەکەمان بەستراوە بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی. لە پاڵ ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا 45 وڵات داوایان کردووە هاوکاریمان بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.