Erbil 7°C ھەینی 31 ئازار 17:32

پڕۆژەى پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا

کوردستان TV
100%


وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان پڕۆژەى (پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای ئەمریکایی لە هەرێمی کوردستان)یان راگەیاند کە لە هەر سێ زانکۆی (پۆلیتەکنیکی هەولێر، پۆلیتەکنیکى سلێمانی و پۆلیتەکنیکى دهۆک) جێبەجێ دەکرێت.
  
د.ئارام محمەد، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پرۆژەی پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای ئەمریکایی لە هەرێمی کوردستان بە بڕى 650 هەزار  دۆلار لە هەر سێ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پۆلیتەکنیکى سلێمانی و پۆلیتەکنیکى دهۆک، جێبەجێ دەکرێت، کە لە دروستکردنی نۆ تاقیگەی زانستی بە نوێترین ئامێرى زانستى سەردەمیانە پێکدێت و بۆ هەر یەک لەم تاقیگانە ڕاهێنانى تایبەت بە ستافى ناوخۆیی و مامۆستایانى زانکۆکان دەکرێت بۆ ئەوەى بتوانن بەشێوەیەکى زانستى تاقیگەکان بۆ مەبەستى فێرکارى بەکاربهێن.
د.ئارام محمەد،وتیشی: پڕۆژەکە هەنگاوێکى گرنگە بۆ بایەخدانى زیاتر بە گەنجان و لاوانى وڵاتەکەمان بۆ بەرزکردنەوەى توانا و کارامەییان لە بوارى تەکنەلۆجیاى زانیارى، بەتایبەتی لە بوارى (تێلیکۆمیونیکەیشن) و (ئاى تى) و (نێتۆرکینگ)، کە بۆ بازاڕى کارى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى گرنگن و جێبەجێکردنى ئەم پڕۆژەیە وەک بەشێک لە ڕیفۆرمى وەزارەتەکەمان لە بوارى خوێندنى باڵا لێى دەڕوانین، چونکە پرۆگرامەکانى خوێندن لە زانکۆکانى کوردستان تا ڕادەیەک ناتوانن وەڵامى واقیعى ئەمڕۆ و بازارى کارى کوردستان بدەنەوە، بەڵام جێبەجێکردنى ئەم پڕۆژەیە دەبێتە پاڵپشتیەکى باش بۆ پێگەیاندنى دەرچوویەکى بە توانا و خاوەن سکیڵ و کارامەیی.
ئێرڤن هیکس، کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، لە بارەی لایەنە جیاوازەکانی پڕۆژەکە ڕایگەیاند: ئەو تاقیگانەى لە زانکۆکان لە چوارچێوەى ئەم پڕۆژەیە دروست دەکرێن، دەبنە وێستگەیەکى گرنگ بۆ یارمەتیدان و ڕاهێنانى قوتابیان و خوێندکاران بە شێوەیەکى سەردەمیانە، بەشێوەیەک دەتوانن کێبرکێ نەک تەنها لەسەر ئاستى کوردستان، بەڵکو لە بازاڕى جیهانیش کێبڕکێ بکەن و، بناخەیەکى پتەو بۆ خەڵک لە کوردستان دروست دەکات تا لە ڕووى بازرگانى و کولتوورییەوە بە جیهانى دەرەوە ببەسترێتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.