Erbil 15°C پێنجشەممە 18 نیسان 04:43

ئه‌نجوومه‌نی لاوانی كوردستان: دادگه‌ی فیدڕالی به‌ناوی یاساوه‌ سته‌م و زوڵم ده‌كات

کوردستان TV
100%

ئه‌نجوومه‌نی لاوانی كوردستان ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م ڕاگه‌یه‌نراوێكی سه‌باره‌ت به‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌ی فیدڕالی و ڕێگریكردن له‌ ناردنی پاره‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ڕایگه‌یاند كه‌ دادگه‌ی فیدڕالی به‌ناوی یاساوه‌ سته‌م و زوڵم خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات.

ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ كه‌ له‌لایه‌ن‌ 13 یه‌كێتی و ڕێكخراوه‌وه‌ به‌ناوی ئه‌نجوومه‌نی لاوانی كوردستان بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: ئەمە چەندین ساڵە لە لەشکرکێشی و بڕینی قووتی خەڵک و زەرەرمەندبوونی لاوان لە نەبوونی هەلی کار و کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات و ڕاماڵین و کاولکاری و تێکدانی ژێرخان و سەرخانی هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی زیاتر لە 50 مادەی دەستووری دژ بە خەڵک و لاوانی کوردستان ئەرێ دەپرسین، دادگه‌ی فیدڕالی ئیشی چی بووه‌ و لە کوێ بووه‌؟

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاندووه‌: ناردنی مووچە و ئیستحقاقاتی لاوان و خەڵکی کوردستان رێکەوتنی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدڕال بووە، ئەوەی کە نایەوێت تێ بگات و کاری پێ بکات، ئەوە دادگه‌ی فیدڕالییە بە مەبەستی هەبوونی ئاژاوە و دووبەرەکی نێوان هەردوولا.

ڕاشیگه‌یاندووه‌: دوا بڕیاری دادگه‌ی بە ناو باڵای ئیتیحادی، دووبارەکردنەوەی ئەو ستەمە ناڕەوا و بێ پاساوەیە‌ کە بەدرێژایی مێژوویەکی تاڵ دەرحەق بە گەلەکەمان کراوە و بەداخەوە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمێک کە لەژێر ناوی جۆراوجۆر و دامەزراوەی ناشەرعی و سیاسەتی ستەمکارانە بەرامبەر بە گەلەکەمان لە کوردستان پەیڕەو دەکرا.

ئه‌نجوومه‌نی لاوان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: دژایەتیکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و بڕینی قووت و شایستە داراییەکان، بارگرانی زۆر دەخاتە سەرشانی لاوانی کوردستان و ئومێدەکانمان بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی دیموکراسی و پێشکەوتوو کە هەموومان تێیدا یەکسانبین و وەک یەک مافی هاووڵاتیی بوونمان هەبێ، لەناو دەبات و دەمانگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سەرەتا.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌: ئەو سیاسەتە پێشتر تاقی کراوەتەوە و ئەنجامەکانیشی ڕوونە، بۆیە ئێمە لە ئەنجوومەنی لاوانی کوردستان ئەو بڕیارە و ئەو سیاسەتەشی کە لە پشتی ئەو جۆرە بڕیارانەوەن، بەتوندی ڕەت دەکەینەوە و پێداگیری لەسەر مافە دەستوورییەکانمان دەکەین و داواکارین ئەو دژایەتییەی کە دامەزراوەیەک بەناوی دادگه‌ی باڵای ئیتیحادی بەرامبەر بەگەلەکەمان دەیکات، ڕابگیرێت و ڕێگە نەدرێ بەناوی یاساوە ستەم و زوڵم لە خەڵک و لاوانی کوردستان بکات.

ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی ئەندامن لە ئەنجوومەنی لاوانی کوردستان بریتین له‌:-

١- یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان

٢- ڕێکخراوی ئازادی لاوانی کوردستان

 ٣- سەنتەری پەرەپێدانی لاوان

٤- سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان

٥- لاوانی گۆڕان

٦- ڕێکخراوی لاوان و قوتابیانی تورکمان

٧- ڕێکخراوی لاوانی چاکسازی تورکمان

٨- ڕێکخراوی یەکێتی لاوانی کوردستان

٩- یەکێتیا قوتابی و لاوێن کلد و ئاشوور

١٠- ڕێکخراوی لاوان و قوتابیانی تورکمان

١١- تۆڕی هەماهەنگی ڕێکخراوەکان

١٢- ڕێکخراوەی پەرەپێدانی تواناکانی لاوان

١٣-پەیوەندی ئیسلامی خوێندکاران و لاوان

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.