Erbil 10°C پێنجشەممە 02 شوبات 13:29

محه‌مه‌د شیاع سوودانی بۆ میر حازم ته‌حسین به‌گ: ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شه‌نگال یه‌كێكه‌ له‌ ئامانجه‌كانی حكوومه‌تی عێراق

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ سێشه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پێشوازی له‌ شاندێكی كه‌سایه‌تی ئایینی و په‌رله‌مانتار و پیاوماقووڵانی ئێزدیان به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ میری ئێزدیان كرد، پێی ڕاگه‌یاندن كه‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شه‌نگال و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری پارێزگای نه‌ینه‌وا یه‌كێكن‌ له‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی حكوومه‌تی عێراق.

ئێوارەی ئه‌مڕۆ سێشه‌م محه‌مه‌د شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە میر حازم ته‌حسین به‌گ میری ئێزدیان لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری کرد کە پێکھاتبوون لە نوێنەرانی پێکھاتەی ئێزدیان لە پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەک له‌ پیاوانی ئایینی و شێخ و کەسایەتی ئایینی ئێزدیان.

لە دیدارەکەدا سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پێزانینی خۆی ئاراسته‌ی میر حازم ته‌حسین به‌گ و قوربانیدانی هاووڵاتییانی ئێزدی دووپات کردەوە، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ کە حکوومەت گرینگییه‌كی تایبه‌ت بە پاراستنی هه‌مه‌چه‌شنی ‌فەرهەنگی کلتووری و کۆمەڵایەتیی دەدات كه‌ ئه‌مانه‌‌ بنەمای بەهێزیی و دڵسۆزی و پێكه‌وه‌یی خەڵکی عێراقن‌.

محه‌مه‌د شیاع سوودانی ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی سنووری پارێزگای نەینەوا لەو ئامانجانەن کە حکوومەت به‌ جدی هه‌وڵیان بۆ ده‌دات، ئاماژەی بەوەش دا کە ئاوەدانکردنەوە و گه‌یاندنی خزمەتگوزاری ده‌بنه‌ گەرەنتی سەقامگیری ناوچه‌كه‌.

له‌به‌رامبه‌ریشدا میر حازم تەحسین به‌گ ڕایگه‌یاند كه‌ وه‌ك پێكهاته‌ی ئایینی ئێزدی سوپاسی حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ن بۆ ده‌ركردنی بڕیاری بە خاوەنكردنی زەوی و زاره‌كانیان لە شنگال دوای ئه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ له‌ ڕابردوودا بۆ ماوەی دەیان ساڵ په‌كخرابوو.

له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شانده‌كه‌ی ئێزدیان بانگهێشتی سەرۆک وه‌زیرانیان كرد بۆ سەردانیكردنی شنگال و پەرستگەی لالش، لای خۆشییه‌وه‌ محه‌مه‌د شیاع سوودانی به‌ڵێنی دا به‌ زووترین كات سه‌ردانی ناوچه‌كه‌ بكات و به‌ چاوی خۆی هه‌ڵوێستی قاره‌مانانه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ ببینێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.