Erbil 15°C چوارشەممە 24 نیسان 13:24

بەرپرسی لقی 6ی ئەوڕوپا سەردانی پەرلەمانی کۆماری چیك دەکات

کوردستان TV
100%


ئەنوەر مەسیفی بەرپرسی لقی 6ی ئەوڕوپای پارتی دیموکراتی کوردستان بە یاوەری کارگێڕانی لق خەسرۆ ئاژگەیی و بەهجەت مەسیفی و خەڵات شێخ موڕاد سەردانی پەرلەمانی کۆماری چیکیان کرد و دیدارێکیان لەگەڵ  ڕۆبەڕت کرالیچێك ئەندامی پەرلەمانی چیك لە پارتی ئانۆی بەرهەڵستکار ئەنجامدا. 
لە دیدارەکەدا کە ماجید شەمس تۆما بەڕێوەبری گشتی ئەنجومەنی ئابوری چیك-عیراق ئامادەبوو، ڕۆبەڕت کرالیچێك  بەخێرهاتنێکی گەرمی شاندی لقی ٦ی ئەوڕوپای پارتی کرد و خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانی شاندەکە و پەیوەندیە باشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چیك دەربڕی. 
دواتر ئەنوەر مەسیفی بەرپرسی لقی 6ی ئەوڕوپا کورتەیەکی دەربارەی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان کرد و تیشكی خستە سەر ڕۆڵی گرینگ و کاریگەری کوردستان لە پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە و قارەمانیەتی هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕ لە دژی تیرۆریستانی داعش و لەناوبردنیان. بەرپرسی لقی ٦ هاوکات تیشكی خستە سەر هەنگاوە گرینگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ برەودان بە دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی بیر و باوەڕ و ڕادەربڕین، ووتیشی بە شایەدی هەموو جیهان، کوردستان بووەتە سومبولی دیموکراسی و ئازادی و پێکەوەژیانی هەموو ئایین و نەتەوە جیاکانی کوردستان، وە ئەوەش بۆ بڕوای پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردایەتیەکەی دەگەڕێتەوە بە بنەماکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ.
بەرپرسی لقی 6 هەروەها داوای لە پەرلەمانتاری چیك کرد بۆ ئەوەی هەماهەنگی زیاتر لە نێوان لقی 6 و پەرلەمانی چیك بکرێت بەمەبەستی بەهێزترکردنی پەیوەندیە دووقۆڵیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چیك و بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندیە سیاسی و ئابوری و بازرگانیە دوو قۆڵیەکان، لەو سۆنگۆیەشەوە داوای لە ڕۆبەڕت کلاریچێك کرد لە ڕێگای پەرلەمانەوە کار لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانی و بوونی کۆمپانیا چیکیەکان بکەن بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، هاوکات داوای لە پەرلەمانی چیك کرد هاوشێوەی ژمارەیەك لە پەرلەمانەکانی تری ئەوڕوپا جینۆسایدی گەلی کورد بە گشتی و کۆمەڵکوژی خوشك و برا ئێزیدیەکان بە تایبەتی بە جینۆساید بناسێنن. 
لەلای خۆیەوە پەرلەمانتاری چیك سەرسامی خۆی بە پێشڤەچوونەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ ئەوەی کار لەسەر بەهێزترکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و چیك بەرەو پێشتر بچێت، وە لەگەڵ هاوتاکانی لە پەرلەمانی چیك گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئامادەباشیەکان بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتی ناساندنی جینۆسایدی گەلی کوردستان. جەختیشی لەسەر بەردەوامیدان بە هەماهەنگی کردەوە لەگەڵ لقی 6ی ئەوڕوپا بۆ ئەوەی بەیەکەوە کار لەسەر ئەنجامدانی بۆنەی ئابوری و بازرگانی و ڕێکخستنی شاندی بازرگانی نێوان هەردوولا و تەواوی پرسەکانی تر. 

هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.