Erbil 15°C پێنجشەممە 25 نیسان 09:51

نەتەوەیەکگرتووەکان: لەهەر 11 خولەکێک ئافرەتێک لەلایەن کەسێکی نزیکییەوە دەکوژرێت

کوردستان TV
100%

سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان پەیامێکی بڵاو کردەوە، ئاماژەی بەوە داوە کە لەهەر 11 خولەک جارێک ئافرەتێک لەلایەن کەسێکی نزیکییەوە دەکوژرێت.

لە پەیامەکەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرس سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان هاتووە کە "توندوتیژی دژی ئافرەتان بەربڵاوترین پێشێلکاری مافی مرۆڤە لە جیهاندا، لەهەر 11 خولەک جارێک، ئافرەتێک لەلایەن کەسێکی نزیکی یان ئەندامێکی خێزانەکەیەوە دەکوژرێت."

ئەوەش خراوەتەڕوو کە "دەزانین فشارەکانی دیکە، لە پەتای کۆڤید-19ـەوە تاوەکو گێژاوی ئابووری، بە ناچاری دەبنە هۆی ئازاردانی جەستەیی و زارەکی زیاتر."

گۆتێرس هەروەها ڕایگەیاند: ئافرەتان ڕووبەڕووی توندوتیژییەکی بەربڵاوی ئۆنلاین دەبنەوە، لە گوتەی دژە ئافرەتانەوە، تاوەکو دەگاتە ئازاردانی سێکسی، خراپبەکارهێنانی وێنە و دەستەمۆکردنی نێچیرەکانەوە.

ڕاشیگەیاند: ئەم جیاکاری و توندوتیژی و خراپمامەڵەکردنەی کە نیوەی مرۆڤایەتی دەکاتە ئامانج، باجێکی گەورەی هەیە. بەشداری ئافرەتان لە هەموو چین و توێژەکانی ژیاندا سنووردار دەکات، ماف و ئازادییە سەرەتاییەکانیان ڕەت دەکاتەوە و ڕێگری لە بووژانەوەی ئابووری و گەشەسەندنی بەردەوام دەکات کە جیهانەکەمان پێویستی پێیەتی.

گوتێرس هەروەها گوتی: ئێستا کاتی گۆڕانکارییە بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ئافرەتان، ئەمەش واتای ئەوەیە کە حکوومەتەکان پلانی کارکردنی نیشتمانی داڕێژن و پارەیان بۆ دابین دەکەن و جێبەجێی بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم کارەساتە، واتە بەشداریکردنی خەڵکانی ئاسایی و کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەموو قۆناغێکی بڕیاردان و دڵنیابوون لەوەی کە یاساکان جێبەجێ دەکرێن و ڕێزیان لێ دەگیرێت، بۆ ئەوەی ڕزگاربووان ببینن کە مافەکانیان بۆ دادپەروەری و پشتیوانیکردن بەرز دەنرخێنرێت، هەروەها بە واتای پشتگیریکردن لە هەڵمەتە گشتیەکان کە تەحەدای نۆرمەکانی پیاوسالاری دەکەن و ئافرەتکوژی و توندوتیژی ڕەت دەکەنەوە.

گوتێرس ئاماژەی بەوە داوە کە "هەروەک تەوەری ئەمساڵ "یەکگرتن: چالاکیی بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان و کچان" بیرمان دەخاتەوە، بە واتەی وەستان لەگەڵ چالاکوانان لە سەرانسەری جیهان کە داوای گۆڕانکاری دەکەن و پشتگیری لە ڕزگاربووانی توندوتیژی دەکەن.

سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان داواش لە حکوومەتەکان دەکات تاوەکو ساڵی 2026 پشتگیری دارایی بۆ ڕێکخراو و بزووتنەوەکانی مافی ئافرەتان بە ڕێژەی لەسەدا 50 زیاد بکەن.

گۆتێرس جەختیشی کردۆتەوە کە "با هەڵوێستمان هەبێت و دەنگمان بەرز بکەینەوە بۆ پشتیوانی لە مافەکانی ئافرەتان و  بەشانازییەوە ڕایبگەیەنین: هەموومان فێمینیستین، با توندوتیژی دژی ژنان و کچان بخەینە دەست کتێبەکانی مێژوو."

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.